سەعید مستەفا: دامەزراندنی دوو فیرقەی سەربازی بەرەو لەشکری نیشتمانیمان دەبات
_(2)__2023_04_04_h17m57s47__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ دوو فیرقەی سەربازی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندران و ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش دەڵێ، ھەبوونی دوو فیرقەی سەربازی نیشانەی ھەنگاونانە بەرەو بەنیشتمانیکردنی ھێزی پێشمەرگە و ئاشکرای کرد، ھاوپەیمانان جددین لەسەر ھەبوونی وەزیری پێشمەرگە.
سەعید مستەفا، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی چاکساز لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و دەتوانم بڵێم ھەنگاوی باش نراون، ھاوپەیمانان چاودێریی چاکسازی و ڕێکخستن و یەکگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، بەتایبەتی بۆ یەکگرتنەوەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ ژمارەیەک خاڵی گرینگ ھەن پێویستە جێبەجێ بکرێن، لەوانەش یەکگرتنەوەی ھەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ و چەند ھەنگاوێکی دیکەش.''
ئەندامەکەی لیژنەی پێشمەرگە دەشڵێت: "دامەزراندنی دوو فیرقەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ھەبوونی دوو فیرقەی سەربازی نیشانەی ھەنگاونانە بەرەو بەنیشتمانیکردنی ھێزی پێشمەرگە، چونکە دامەزراندنی فیرقەکان نەھێشتنی میحوەری حزبیە.''
سەعید مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "نەبوونی وەزیری پێشمەرگە سستی پەیدا کردووە لە چاکسازی و ھەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتییش زۆر جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی وەزیری پێشمەرگە دەکەن، بە ھەبوونی وەزیری پێشمەرگە لەنێو وەزارەتدا بێ گومان ھەنگاوی خێراتر بۆ ڕێکخستنەوە و چاکسازی لەنێو پێشمەرگەدا دەنرێن.''
لەبارەی ھەڵوێستی ھاوپەیمانانەوە سەعید مستەفا گوتی: "ھاوپەیمانان زۆر جددین لەسەر ھەنگاوەکانی چاکسازی، ئامانجی ھاوپەیمانان ئەوەیە ھەرێمی کوردستان یەک لەشکری ھەبێت و لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت، تا ئەوانیش ھاوکاریی ماددی و سەربازیی زیاتر پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگە بکەن، من پێم وایە ھەنگاوی زیاتر دەنرێن بۆ چاکسازییەکانی پێشمەرگە، بەڵام بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە یەکگرتنەوەی ھەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠، پێویستی بە ئیرادەی سیاسی ھەیە.''
قائید میرۆ




