دوو بەنداوی گەورە لە دھۆک دروست دەکرێن
__2023_04_04_h16m10s19__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دھۆک ئاشکرای کرد، کار لە ژمارەیەک بەنداو بەردەوامە و بڕیارە دوو بەنداوی دیکە لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست بکرێن و دەشڵێ، ھەموو ئەو ڕووبارانەی لە دھۆکەوە تێ دەپەڕن، پڕۆژەیان لەسەر دروست دەکرێت.
ئەندازیار فەرھاد محەمەد تاھر، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بارانی ئەمساڵ کاریگەریی لەسەر بەنداوەکانی دھۆک ھەبووە و ڕێژەیەکی بەرچاو ئاو لە بەنداوی دھۆک گل دراوەتەوە و بەنداوی خنس کە دووەم گەورەترین بەنداوی دھۆکە ئەمساڵ تەواو بووە و تا ئێستا بە بەرزاییی ٢٣ مەتر ئاوی تێدا کۆ بووەتەوە و، هەر ئەمساڵ کار لە دوو بەنداوی دیکە دەستی پێ کردووە، ئەوانیش بەنداوی گەلی بەنداوا لە قەزای سێمێل و بەنداوی سپنە دوو لە ناوچەی بامەڕنێ.''
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دھۆک دەشڵێت: "پلان ھەیە ژمارەیەک بەنداوی دیکەی گەورە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، لەوانەش بەنداوی باکرمان پاسێ لە دینارتە و بەنداوی مەنداوە لە نێوان سنووری ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک، ئەمانە بەنداوی گەورەن و سوودیان دەبێت بۆ گلدانەوەی ئاو و بەرھەمھێنانی کارەبا.''
ئەندازیار فەرھاد محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پلانمان ھەیە سوود لە ھەموو ئەو ڕووبارانە وەربگرین کە لە سنووری پارێزگای دھۆکەوە دەرباز دەبن، ھەتا ئاوی کانیاوەکانیش بەھەدەر نەچێت و پڕۆژەیان لەسەر بکرێت، ھەر بەنداوێکیش دروست بکرێت ھەوڵمان داوە سوودی بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ھەبێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەیان لەسەر بکرێت و دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتییان بڕەخسێندرێت.''
قائید میرۆ




