نێچیرڤان بارزانى: بە خۆشحاڵییه‌وه دروستبوونی فیرقەی (1) و (2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕادەگەیه‌نین

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 4/4/2023 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، بەڕێزان جه‌نه‌راڵ ماتیوو ماركفارلن فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا، ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵاى سەربازی و پەرلەمانتار و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی هەردوو فیرقەی (1) و (2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەنرا كه له چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا، یه‌كخراونه‌ته‌وه.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
میوانە بەڕێزەکان،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ڕۆژتان باش…
به‌خێرهاتنان ده‌كه‌م بۆ ڕێوڕه‌سمى ڕاگەیاندنی هەنگاوێکی گرنگ لە پرۆسەی یه‌كخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە. ڕێگەم بدەن بە گەرمی به‌خێرهاتنێكى گه‌رم له به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ماتیوو ماركفارلن، فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا بكه‌م كه لێره له‌گه‌ڵمان بەشدارە. بەخێرهاتنی كونسوڵی وڵاتانی دەرەوە دەكەم لە هەرێمی كوردستان، بەخێربێن بۆ ئەم ڕێوڕه‌سمه.
ئەمڕۆ لێرە زۆر بە خۆشحاڵییه‌وه دروستبوونی هەردوو فیرقەی (1) و (2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕادەگەیه‌نین. پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.
هەریەک لەم دوو فیرقەیە لە (4) لیوا و (1,200) پێشمەرگە پێکهاتوون، ئەمانەش بریتین لە لیوای هاوبەش و لیواکانی هێزی (70) و (80) کە پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکردووە. چاوەڕێین هەموو ڕێكاره‌كان زوو تەواو بکرێن.
ساڵی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازیی زاخۆدا، تەنیا یەک ئەفسەری مەسیحی هەبوو، داوام کرد کە دەبێ ڕێگە خۆش بکرێت بۆ بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە هێزی پێشمەرگەدا.
ئەمڕۆ زانیم ژماره‌یه‌ك پێشمەرگەی مەسیحی و عەرەب و ئێزدی له‌ناو ئه‌م هێزانه‌دا هه‌ن كه مایه‌ى خۆشحاڵییه، به‌ڵام هێشتا کەمە. دەبێ هه‌وڵ بده‌ین و زیاتر ڕێگە خۆش بکەین بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان تا لە هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بەشدار بن. لێرەدا جارێکی دیكه پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێشمەرگە وەک هەمیشە هێزی هەموو گەلی کوردستانە بە هەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە.
بۆیه هه‌موو تواناكمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و توانا سه‌ربازییه‌كانى له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به‌هێزتر بكه‌ین. هه‌موو پێدویستییه‌كانیان دابین بكرێن و باشترین مه‌شق و ڕاهێنانیان هه‌بێت. له‌ڕووى په‌روه‌رده و پره‌نسیپه‌وه، به گیانى نیشتمانپه‌روه‌رى و سه‌ربازیى سه‌رده‌میانه‌وه، وه‌ك هێزێكى نیشتمانى، گۆش بكرێن.
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕاگەیاندنی ئەم دوو فیرقە هاوبەشە، بەشێکە لە پرۆسەی یەکخستن و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمەرگە لە هەیکەلییەتێکی سەردەمیانەدا. یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بەشێکی هەرە گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامین له هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و ناكۆكییه سیاسییه‌كان. جێگەی دڵخۆشییە كه وێڕاى ناکۆکیی سیاسی، پرۆسەی یه‌كخستن و ڕێکخستنەوه‌ى پێشمەرگە، نەوەستاوە. هه‌ندێ هه‌نگاوى باش چووه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام بێگومان چاوەڕێی زیاترین و به‌رده‌وام دەبێ كارى له‌سه‌ر بكه‌ین.
تا ئێستا هەردوو هێزی پشتیوانیی (1) و پشتیوانیی (2)، هەروەها (20) لیوای هەردوو یەکەی (70) و (80) بە تەواوه‌تی خراونەته‌وە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. (2) لیوای هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق دروستکراون بۆ ناوچە كێشه‌لەسەرەکان و بودجەی پێویستیان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراقدا بۆ تەرخان کراوە. دوای پەسەندکردنی، ئەوانیش دەستبەکار دەبن.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، هۆشیارییەکی بەرز لەلای پێشمەرگە و ئەفسەر و فەرماندەکانی پێشمەرگە دروست بووە، بۆ پێویستیی یەکبوونی پێشمەرگە. ئه‌وان نایانەوێت پرۆسەی یه‌كخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بوەستێت، چونکە نایانەوێت هیچ ناوێکی سیاسی و حزبایه‌تییان لەسەر بێت. دەیانەوێت پێشمەرگەی کوردستان بن، نەک پێشمەرگەی حزب، ئەمەش باوەڕی ڕەسەن و ڕاستەقینەی پێشمەرگەیە.
پێشمەرگە لە ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه بۆ پاراستنی کوردستان و بەدیهێنانی ئازادی دروست بووە. عەقیدەی پێشمەرگە بریتی بووە لە کوردستان و ئازادی. باوەڕی پێشمەرگە پاراستنی کوردستان و به‌دیهێنانى ئازادی بووە بۆ گەلی کوردستان و هەموو پێكهاتەكانی.
پێشمەرگە قارەمانەکان،
کوردستانیانی خۆشەویست…
هه‌موو گەلی کوردستان و هاوپەیمانان پشتیوانییەکی زۆر گەورە له پرۆسەی یه‌كخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە ده‌كه‌ن، ئەوەش زۆر گرنگە. ساڵی ڕابردوو یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە نوێ کرایەوە. هەروەها پشتیوانیی بەردەوامی ئەمه‌ریکا و هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە ڕابردوودا زۆر گرنگ بووە، لە داهاتووشدا زۆر پێویستە.
بە سوپاسێکی یەكجار زۆرەوە، بەڕێز لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمه‌ریکا لە کاتی سەردانى مانگى ڕابردوویدا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، زۆر بە ڕوونی نیاز و بڕیاری ئەمه‌ریکای پێڕاگەیاندین بۆ درێژەدان لە پشتیوانیی پێشمەرگە وەک هاوبەشێکی سه‌ره‌كیى هاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا. هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا یارمەتیی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە دەدات.
زۆر سوپاسی پشتیوانیی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تیى بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکەین بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لە پێشمەرگە و پێیان دەڵێین: تیرۆر هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه لە عێراق، بۆیه پێشمەرگە پێویستی بە پشتیوانیی ئێوەیە بۆ له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى داعش. لەم ڕێگەیەدا پێكه‌وه دەستمان پێكردووە و دەبێت پێكه‌وه تەواوی بكەین. ئێمه هێشتا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش، ئه‌ركمان ته‌واو نه‌بووه و كارى هاوبه‌شمان ماوه پێكه‌وه بیكه‌ین.
هەروەها دەمەوێ سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان و به‌رده‌وامیى هاوکارییان بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە. پشتیوانیی هەموو ئەو وڵاتانە كە لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ ئێمە بەشدارن بێ ئەوەی ناویان بهێنم، جێگەی سوپاسێکی زۆرە لەلایەن هەموو گەلی کوردستانەوە.
ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییە زۆر گرنگە بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان كه به ئازایه‌تى و به قارەمانیه‌تیی پێشمەرگه، بەدەست هاتووە. پێشمەرگە بە ئازایەتی و به ڕاگرتنی هێرشی دڕندانە و بەربڵاوی داعش و تێکشکاندنی ئەفسانه‌كه‌ى، ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی بەدەستهێناوە.
پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانان و بەشداریی سوپای عێراق و حه‌شدى شه‌عبى، مەترسیی داعشیان نەهێشت كه گەورەترین هەڕەشە بوو لەسەر ژیانی هاوچەرخ و ئازاد لە ناوچەکە و هەموو جیهاندا. پێشمەرگە بە قارەمانیه‌تیی خۆی، سەلماندی كه شایانی خۆشەیستیی گەلانی جیهان و شایسته‌ى هه‌موو پشتیوانییه‌كه.
ئامادەبووانی بەڕێز..
ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ، نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه کە پێداگیرییەکی زۆر هەیە لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی و یه‌كخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە. ئەوە داوا و ئامانجێکی زۆر ڕەوای خەڵکی کوردستانە و ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت.
بۆ ئەوەی بتوانین دەسەڵاتی دامەزراوەیی بچەسپێنین و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، بۆ ئەوەی ئازادییە گشتییەکان و ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بپارێزین، بۆ ئەوەی دڵنیاییى تەواو بدەینە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت، دەبێ پێشمەرگە بکەینە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی.
پێشمەرگە شیرنترین ناوە لەلای گەلی کوردستان. لەڕووی زمان و واتاوه، وشەیەکە، پڕ لە جوانی و گەورەیى. مێژووی هاوچەرخی ئێمە و دەستکەوتەکانمان، بەرهەمی خەبات و خۆڕاگریی پێشمەرگەیە. لە هەموو قۆناغەكاندا، پێشمەرگە ئەگەر لە چەند سەنگەری جیاوازیشدا بووبن، یه‌ك ئامانجی هاوبەشیان هه‌بووه، ئه‌ویش ڕزگاریی کوردستان و ئازادیی کوردستانە. پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر له پێكهاته‌ى ئیداریشدا جیا بووبێت، له خه‌بات و ئامانجدا هاوبه‌شه، وه‌ك چۆن له شه‌ڕى دژى داعشدا ئه‌م ڕاستییه بۆ هەموو گەلی كوردستان سەلمێنرا.
بە دامەزراوەییکردن و یەکخستنەوەیان، باشترین ڕێزگرتنە لە ناوبانگ و قارەمانیه‌تیی پێشمەرگە و دەبێت ئەوە جێبەجێ بكرێت. دەبێ بەرگی حزبایەتی بە تەواوه‌تی لەسەر پێشمەرگە لابدرێت بۆ ئەوەی باوەڕ و ناسنامەی ڕاستەقینەی، بە تەواوه‌تی دەربکەوێت کە ناسنامەی نیشتمانییە.
یەکخستن و پێشکەوتنی پێشمەرگە سوودێکی زۆری هەیە بۆ عێراق بەگشتی. لە پرۆسه‌ى ئازادیى عێراقدا، ئەمە بە تەواوی دەرکەوت. هەروەها لە کاتی شەڕی داعشیشدا، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەرکەوتەوە، بەتایبەتی کە پێشمەرگە پارێزگای کەرکووک و بەشێکی زۆری پارێزگای دیالە و سەلاحەدینی لە هێرش و وێرانکاریی داعش پاراست، هه‌روه‌ها هاوبەش و هاوکاری سەرەکى بوو له ڕزگارکردنی مووسڵدا.
سەروەریی عێراق هاوبەشە و پێشمەرگە دەتوانێت بەشدارێکی سەرەکی بێت لە پاراستنی‌دا، چونکە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق. بۆیه ده‌بێ عێراق له پشتگیرى و گرنگیدان به توانا سه‌ربازییه‌كانى پێشمه‌رگه و دابینكردنى پێداویستییه‌كانى، ئه‌ركى خۆى بە تەواوەتی جێبه‌جێ بكات.
ئامادەبووانی بەڕێز..
دواى لێكه‌وته‌كانى بڕیارى ده‌سته‌ى ناوبژیوانى له پاریس ده‌رباره‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، ئەمڕۆ ئێمە پێمان وایه ئەو بڕیارە دەرفەتێکى باشە بۆ ئەوەی هه‌ولێر و به‌غدا چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ کێشەی نەوت دابنێن. بڕیاره‌كه مافى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستانى له دۆسیه‌ى نه‌وتدا سه‌لماندووه، بۆیە ئێستا هەموومان دەتوانین باشتر بگه‌ینه چارەسەرێك كه هه‌مووان تیایدا براوه بن.
دوای په‌سه‌ندكردنى دەستوور، ئێمە به‌رده‌وام داوای دەرچوونی یاسای نەوت و گازمان كردووه، چونکە تەنیا ئەم یاسایە دەتوانێت مادەی (١١٢)ی دەستوور بە باشی ڕێکبخات. ئێستاش داوا دەکەین ئەو فیدراڵییەی لە دەستووری عێراقدا هه‌یه، بخرێتە ناو یاساکانی وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق، بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە ناوەندییەوە بە کردەوە ببێتە فیدراڵی.
ئێمە بەشێکی سەرەکین لە حکوومەتی ئێستای عێراق. بەپێى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى فیدراڵى، ئێمە هه‌موو پشتگیرییه‌ك لە سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و كارنامه‌ى حكوومه‌تەكەی دەکەین. لە گفتوگۆی نێوانماندا واقعبینی و ویستى زۆرى بۆ چارەسەر نیشانداوە. ئەم تێڕوانینەی ئه‌و، وایکردووە ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی بەڕێزیان بكەین.
له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لێکگەیشتنی باشیان هەیە، هاتووچۆیەکی باشی شاندەکان هەیە بۆ چارەسەركردنی کێشەکان. هەروەها وەزیرانی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ كاراترن و لەسەر کێشەی نەوتیش توانیویانە گفتوگۆی زۆر باش پێکەوە بکەن.
ئێستاش گفتوگۆکان لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستن، بەڕێز سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەكات بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باش هەبێت بۆ کێشەی نەوت. پێمان وایه باشترین چارەسەر، چارەسەری ناوخۆى عێراقیانه‌یه. گەشبینم کە بگەینە ڕێککەوتن. ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، دەرگا بۆ چارەسەركردنی زۆر کێشەی دیکە دەکاتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی وڵات و هەموو پێکهاتەکانیدایه.
هیوادارین لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا هەموو لایەک بە دڵێکی پاکەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێن بۆ هەموو کێشەکان. ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوکاری و لێکگەیشتن لەسەر بنەمای دەستووری عێراق. چارەسەری کێشەی نەوت و پەسەندکردنی بودجە، هەواڵێکی زۆر خۆش دەبێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
دووبارە پێکهێنانی هەردوو فیرقەی (1) و (2) لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم، بە هیوای یەکخستنی هەموو پێشمەرگەی کوردستان لە داهاتوودا و زۆر سوپاس بۆ بەشداریی هەموولایەكتان.
بەخێر بێن.




