لێدوانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا

ههولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی ئەمڕۆیی بۆ بەغدا لە تویتێکدا رایگەیاند: "بە ڕێگاوەم بەرەو بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغەکانی کۆتایی ڕێککەوتنمان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت."
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکوومەت بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی قۆناغە کۆتاییەکانی ڕێککەوتنی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.




