پهیامى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له یادى جینۆسایدى كوردانى فهیلیدا

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 43مین ساڵەی تاوانەکانی جینۆساید و بێسەروشوێنکردن و وڵاتبەدەرکردنی کوردانی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەوهى دەرهەق بە کوردانی فەیلی کرا پاکتاوێکی نەژادیی رەگەزپەرستانە بوو.
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ لە چل و سێیەمین ساڵیادی تاوانەکانی جینۆساید و بێسەروشوێنکردن و وڵاتبەدەرکردنی خوشک و برایانی کوردی فەیلیدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانى ئەو تاوانانە دەکەینەوە.
ئەوهى دەرهەق بە کوردانی فەیلی کرا، پاکتاوێکی نەژادیی ڕەگەزپەرستانە بوو. تیایدا وێڕای بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، سەتان هەزاریشیان دووچاری ڕاگواستن و وڵاتبەدەرکردن و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە بوونهوه تەنها لەبەر کوردبوون و داکۆکیکردنیان لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی میللەتەکەیان.
ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە، حکوومەت و دەوڵەتی عیراق ڕووبەڕووی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و مرۆیی دەکاتەوە بۆ قەرەبوکردنەوەی قوربانییان. لەم یادەدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عیراق دەکەین ئەرکى خۆى بەجێ بگەیەنێت به قەرەبوکردنەوە و گێڕانەوەی سەرجەم مافە مەدەنی و ماددییەکانی کوردانی فەیلی.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. قوربانیدان و دڵسۆزیی خوشک و برایانی کوردی فەیلیمان، جێی شانازیی گەلەکەمانە و هەمیشە لە یادمانن.
نێچیرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
2023/4/4




