هه‌ولێر به‌ره‌و به‌هێزبوونی زیاتر ده‌چێت و گه‌ورەده‌وڵه‌تانی دنیا هاتوونه‌ته سه‌ر خه‌ت

هەولێر -KDP.info- ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هەرێمی کوردستان زیانێكی گه‌وره‌ی به بازاڕی وزه‌ی جیهان گه‌یاند، ده‌رئه‌نجام گه‌ورەده‌وڵه‌تی جیهان هاتنه سه‌رخه‌ت و داوایان كرد كه هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه ڕێككه‌وتن و گرفته‌كانیان چاره بكەن و به زووترین كات پرۆسه‌ی هەناردەکردنی نه‌وتی كوردستان ده‌ست پێ بكرێته‌وه، چونكه زیانێكی زۆر به بازاڕی وزه‌ی جیهان گه‌یشتووه.
ڕۆژی پێنجشەممە، 23ی ئاداری 2023، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڕیارێکی دەرکرد، کە بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکە، تورکیا لەمەودوا بێ ڕەزامەندیی بەغدا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات، کە پێش بڕیارەکە ڕۆژانە لانی کەم 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرا. ئه‌م بڕیاره له كاتێكدا بوو كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگای فرۆشتنی نه‌وته‌وه خه‌ریكی دابینكردنی مووچه و بودجه بوو بۆ كوردستان، له ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوودا كوردستان پشتی به توانای خۆی به‌ستووه بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، گرفتی هه‌ولێر و به‌غداش له‌و بارەیە‌وه گرفتێكی كۆنه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2014 و دواتر له ماوه‌ی 10 مانگی ڕابردووی كۆتاییی پار و ئه‌مساڵ حكوومه‌تی عێراق هه‌ندێك داوای یاسایی‌ی تۆمار كرد له‌سه‌ر كۆمپانیاكانی بواری وزه له كوردستان، سه‌رئه‌نجام ئه‌و گرفته‌ی لێ كه‌وته‌وه كه ئێستا خه‌ریكن چاره‌ی ده‌كه‌ن.
پێشتریش لە مانگی شوباتی ساڵی 2022، دادگەی فیدراڵیی عێراق هەناردەی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە و سەرجەم گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانی بە نادەستووری ناو برد، ئه‌مه زیاتر وای كرد كه هه‌ولێر و به‌غدا به‌دوای چاره‌یەكی بنه‌ڕه‌تیدا بگەڕێن، كاردانه‌وه‌كان دوای بڕیاری دادگای پاریس به‌م شێوه‌یه بوون.
یه‌كه‌م: ڕۆژی دووشەممە 27ی ئاداری 2023، هەریەکە لە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆڵیەم، گەنەڵ ئینێرجی و DNO ڕایانگەیاند، تاوەکوو چارەیەک بۆ پرسی نەوتی هەرێمی کودستان دەدۆزرێتەوە، نەوتی بەرهەمهێنراو کۆگا دەکەن.
دووه‌م: ڕۆژی 26/03/2023، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، دوای بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە کە هاوکات وەزیری نەوتیشە، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان. وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا "ڕێکار و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا".
ئه‌وه‌ی گرنگ بوو له ڕووداوی ڕاگرتنی نه‌وتی كوردستاندا هاتنه‌سه‌رخه‌تی وڵاتانی جیهان بوو، خه‌ڵكێك له كوردستان و عێراقیش پێشبینیی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد كه به‌و شێوه فراوانه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر نه‌وتی كوردستان بێته سه‌ر خه‌ت. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه بوو كه وزه‌ی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانه و ناكرێت نكۆڵیی لێ بكرێت، هه‌ربۆیه دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس، هه‌ریه‌كه له توركیا و ئه‌مه‌ریكا كه دوو وڵاتی په‌یوه‌ستن به‌و پرسه‌وه هاتنه سه‌ر خه‌ت و، دوای ئه‌وانیش نیگه‌رانیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی لێ كه‌وته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌ورووپا كه گرفتی وزه‌ی هه‌یه به‌هۆی شه‌ڕی ئۆكرایناوه. یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی جیهان كه كۆمێنتی فه‌رمیی له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه هه‌بوو ئه‌مه‌ریكا بوو كه ڕۆژی 27ی 3ی 2023 ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند، داوایان لە حکوومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە. دەشڵێت: "پەکخستنی هەناردەکردنی وزە، سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیەنێت." دواتر فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند: "ڕاپۆرتێکی فراوان هەیە و لەوێدا چەند گەمارۆیەک هەیە. هەروەها سزایەکی تاکلایەنە لە ئارادا نییە. لە کۆی پێنج بابەت کە لەلایەن عێراقەوە بانگەشەی بۆ کرا، چواریان ڕەت کرانەوە و یەک دانەیان پەسند کرا. ئێمە داواکاریمان هەبوو و لە کۆی شەش داواکاری پێنجیان پەسند کران و یەکێکیان ڕەت کرایەوە و لەگەڵ حکوومەتی عێراق لێکتێگەیشتنیان هەیە و بیر لەوە دەکەنەوە "ڕۆڵێکی ئەرێنی" بە گوێرەی بڕیاری لیژنەی دادوەری بگێڕن.
كاردانه‌وه‌كان دوای ڕاگرتنی نه‌وتی كوردستان ده‌ركه‌وت زۆر گه‌وره‌ترن له‌وه‌ی پرسی نه‌وتی كوردستان به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ته‌ماشا بكرێت، له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یه‌دا به‌های پشكی كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌رز بووه‌وه، دوای سێ ڕۆژ له ڕاگرتنی له ڕۆژی 29/3/2023، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 42 سەنت بەرز بووەوە و بە 79 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوە کرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمەریکا 59 سەنت بەرز بووەوە و بە 73 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوە کرا، واته ڕاگرتنی نه‌وتی كوردستان به‌های به‌رمیلی نه‌وتی ته‌واو به‌رز كرده‌وه، جگه له‌وه‌ش وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوت لە جیهاندا دروست کرد، هاوكات بانکی بارکلیزی بەریتانی لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەگەر بەردەوام بێت، کاریگەری دەکاتە سەر پێشبینییەکانی پێشووی بانکەکە لەسەر تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ئەمساڵدا.''
یه‌كێك له گرفته‌كانی ڕاگرتنی نه‌وتی كوردستان ئه‌وه بوو كه گرفتی بۆ ڕێككه‌وتنی پرۆژه‌بودجه‌ی 2023ی عێراقیش دروست ده‌كرد، چونكه هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان له‌سه‌ر بنەماى دیاریکردنى پشکەکەى بوو لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ى عێراق، بەپێى پڕۆژەیاساکە دەبێت هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەى وەکوو داهاتى کۆتاییی خەزێنەى دەوڵەت تۆمار دەکرێت، بۆیه ئه‌و میكانیزمه‌ی پێشووی نه‌وتی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێكکه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو جیاوازه له‌و دۆخه‌ی كه به‌هۆی بڕیاری دادگای پاریسه‌وه دراوه، ئه‌مه‌ش هه‌ردوو حكوومه‌تی ناچار كرد به‌په‌له ڕێككه‌وتنی نوێ بکەن، چونكه ڕاگرتنی نه‌وتی كوردستان چه‌نده بۆ كوردستان زیانی هەبوو، دوو ئه‌وه‌نده‌ش بۆ به‌غدا هەیبوو.
هاوكات ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیدار بێت به‌م گرفته‌وه لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بوون، له یه‌كه‌م ڕۆژی ئه‌م گرفته‌وه وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له ڕۆژی 25ی 3 به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد كه ده‌قه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یە بوو: بڕیارەکەی دادگەی پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا ڕێگر نابێت لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا تاوەکوو گەیشتن بە چارەیەکی بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری بۆ کێشەکان. له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقیشه‌وه دوای یه‌ك ڕۆژ، واته 26ی 3 وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووینەوە. لە کۆبوونەوەکەدا "ڕێکار و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا".
له دواین په‌ره‌سه‌ندندا فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ کۆ دەبێتەوە و کۆبوونەوەکە لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەبێت".
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا لەگەڵ کڕیارانی نەوت کۆ بوونەوە و دوای ئەم کۆبوونەوەیە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆش بە یەکەوە لەگەڵ کڕیارانی نەوت کۆ دەبنەوە".
به‌پێی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت به شێوه‌ی به‌رایی ڕێككه‌وتنیان كردووه کە نەوتەکە بە چاودێریی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، کۆمپانیای سۆمۆش ڕایگه‌یاندووه: "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر زۆر شت ڕێک کەوتووین، بەم زووانە ڕایدەگەیەنین".
هه‌ر له‌م بارەیە‌وه، دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەسەڵاتی تایبەتی حکوومەتی عێراق لە ماددەکانی ١٠٩ و ١١٠ی دەستووری عێراقدا دیاری کراوە و باس لە نەوت و گاز دەکات، دۆسیەی نەوت و گاز لە ماددەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستووردا ھاتووە، ئەمەیش مانای ئەوە دەبەخشێت کە دۆسیەی نەوت و گاز بە ھەماھەنگی و لێکتێگەیشتنی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمە، نەک لە مەرکەز بێت.''
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت گوتی: "تاکە ڕێگا بۆ گەیشتن بە چارەکردنی دۆسیەی نەوت و گاز گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە و ڕێککەوتنەکەش دەبێتە بنەما بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٥-وە تا ئێستا ڕێگری لە دەرچوونی یاسای نەوت و گاز دەکرێت.''
دژوار فایەق ڕوونی کردەوە: "ئێستا باشترین ڕێگە ئەوەیە ھەردوولا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەویش بە گوێرەی دەستوور دەست بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بکرێت تا ڕێگری لە زیانی دارایی بکرێت بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی زەرەرمەندی یەکەم لە ڕاگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتییانی عێراقن.''




