٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژیان تاھر: وڵاتانی جیھان دەیانەوێ لە نزیکەوە دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان ببینن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- پەرلەمانتارێکی کوردستان بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی لووتکەی دیموکراسیی لە واشتنۆن کرد و ئاشکرای کرد، وڵاتانی جیھان دەیانەوێ لە نزیکەوە ئەزموونی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان ببین و دەشڵێت، زۆریی ڕێژەی ژن لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەبووانی خۆشحاڵ کرد.

ژیان تاھر، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەشداریم لە لووتکەی دیموکراسی لە واشتنۆن کرد و تێیدا ئێمەیش لە پانێلێکدا باسمان لە سیستەمی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێش سیستەمی دیموکراسی، لە لووتکەی واشتنۆن بەوردی تیشکم خستەر سەر دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و پێکھاتەکانی نێو پەرلەمان و بەشداریی ژن لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی ھەرێمی کوردستان.

پەرلەمانتارەکەی کوردستان گوتیشی: "ھەندێ وڵات داوایان کرد سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی ژنان و دیموکراسی ببن، بەتایبەتی کە من ئاماژەم بۆ ئەوە کرد ئافرەت بەشدارییەکی کارای ھەیە لە ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی ئێمە ئافرەتە، ئەوە بۆ زۆرێک لە نوێنەری وڵاتان جێگەی پرسیار بوو کە ئێمە گەیشتوون بەو ڕاددەیە، ئافرەت ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.''

ژیان تاھر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەندێ وڵات کێشەی بەشداریی ئافرەتیان ھەیە و وڵات ھەیە ڕێژەی بەشداریی ئافرەت ٨%_ە و وڵات ھەیە لەو ژمارەیەش دەیەوێ کەم بکرێتەوە، بەڵام ئێمە بە شانازییەوە باسم لەوە کرد ڕێژەی ئافرەت لەنێو پەرلەمانی کوردستان ٣٠%-ە، ئەوەیش جێگەی خۆشحاڵیی ئامادەبووانی لووتکەی دیموکراسی بوو لە ئەمریکا.

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار