کۆمسیۆن: بۆ وەرگرتنەوەی کارتی نوێی دەنگدان هەبوونی کارتی کۆن مەرج نییە

هەولێر -KDP.info- جێگری بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتییان دەکەن بۆ ئەوەی بێن ناوی خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا تۆمار بکەن و کارتی دەنگدان وەربگرنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش مەرجی بوونی کارتی کۆن بۆ ئەوەی کارتی نوێی دەنگدانیان پێ بدرێت، هەڵگیراوە.
بۆتان شێرکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پێشتر ئەو کەسانەی دەهاتن ناویان تۆمار دەکرد لە پرۆسەی بایۆمەتری بۆ دەنگدان پێویست بوو ئەگەر کارتە کۆنەکەیان هەبێت بیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کارتی نوێیان پێ بدرێت، بەڵام ئێستا هەیە ئەو کارتەی نەماوە، یاخود ونی کردووە، بۆیە دەتوانێ کارتە نوێیەکە وەربگرێتەوە بێ ئەوەی کارتە کۆنەکە بگەڕێندرێتەوە، چونکە بەسەرچووە و کاریشی پێ ناکرێت.''
جێگری بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: ''بۆ ئەوەی کارتەکەیان وەربگرنەوە تەنها پێویستیان بە یەک بەڵگەنامە هەیە، ناسنامە یاخود کارتی نیشتمانی.''
بۆتان شێرکۆ ڕوونیشی کردەوە: ''لە دابەشکردنی کارتی دەنگدان بۆ سلکی سەربازی باشە و لە سەرووی 90% دەبێت، بەڵام ئەوەی هاووڵاتییان کەمە و بایۆمەتری 65% دەبێت و ئاسانکاریی تەواویش بۆ هاووڵاتیان دەکەن بێن ناویان تۆمار بکەن، بەتایبەت ئەوانەی لەدایکبووی تازەن 2004 و 2005 دەتوانن بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، چونکە تیمەکانیشمان سەردانیان دەکەن و تیمی گەڕۆکن و هەماهەنگیشمان لەگەڵ قوتابخانەکان هەیە، چونکە خۆیشمان لەناو قوتابخانەکانداین، بۆیە هەوڵ دەدەین کە ڕێژەکە بگاتە ئاستێکی باش بۆ ئەوەی کەس لە دەنگدان بێبەش نەبن.''
بڵند ئیبراهیم




