ژووری بازرگانی: لەگەڵ دابەزینی نرخی دۆلار، نرخی کەلوپەلیش بەرەو داشکانە
__2023_04_03_h14m51s33__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەگەڵ دابەزینی نرخی دۆلار کەلوپەلیش نرخی بەرەو داشکانە و دەشڵێت، جووڵەی بارزگانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و ھاتنی کۆمپانیای بیانی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق بەراود ناکرێت.
کاروان سوورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جووڵەی بارزگانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت لە ھەرێمی کوردستان و تەنیا لە ماوەی حەفتەی ڕابردوو بازرگانیی نەوت ڕاگیرابوو، ڕۆژانە لە ڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە جووڵەی بەھێزی بازرگانی ھەیە لە نێوان ھەرێم و وڵاتانی جیھان، بەداخەوە بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ھەندێک گۆڕانکاری لە نرخ پەیدا بووە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم دەشڵێت: "لەگەڵ دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق، نرخی کەلوپەل بەرەو ھەرزانبوونە، بەتایبەتی ئەو کاڵایانەی پێشتر نرخیان ھەڵکشابوو، ھێدی ھێدی نرخەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشوویان.''
لەبارەی ھاتنی کۆمپانیای بیانییەوە کاروانی سوورچی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیای بیانی لە کەرتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و بەردەوامیش کۆمپانیا بیانییەکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھاتنی کۆمپانیای بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئەو ژمارە زۆرەی کۆمپانیای بیانی لە ھەرێم ھەیە بەراورد ناکرێت بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و، سەقامگیریی ھەرێم ھۆکارە بۆ ھاتنی کۆمپانیای بیانی.''
قائید میرۆ




