ڕێژەی هەژاری بەراورد بە عێراق زۆر کەمترە
_(3)_(2)__2023_04_02_h16m40s14__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق جیاوازییەکی زۆری هەیە لە ڕووی ئابوورییەوە و چەندین فاکتەریش هەیە کە هۆکارن بۆ ئەوەی ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، دیارترینیان هەرێمی کوردستان سەقامگیرە.
دکتۆر ئیدریس ڕەمەزان، مامۆستای زانکۆ و ئابووریناس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بارودۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی تەواوی هەیە بەراورد بە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، چونکە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی کار زیاترە و هاووڵاتی دەتوانێ هەوڵ بدات سەرەڕای ئەوەی کە داهاتیشی جێگیر بێت، دەرفەت هەیە کار بکات و داهاتی زیاد بکات، چونکە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەم دەروازەی بازرگانین لەگەڵ وڵاتان و سەقامگیریشن، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دیکە بێنە هەرێمی کوردستان کار بکەن و خەڵکی ئێمە بتوانن کاریان لەگەڵ بکەن، ئەمانە فاکتەرن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی داهاتی تاکەوە جیاوازیی لەگەڵ خواروو و ناوەڕاستی عێراق هەیە و ڕێژەی هەژارییش بە هەمان شێوە.''
دکتۆر ئیدریس ڕەمەزان گوتیشی: ''جگە لەوە، لە پرسە ئابوورییەکاندا ئەو ڕێزەی لە هەرێمی کوردستان دەگیرێت لە عێراق ئەو جۆرە ڕێزە نییە، بۆ نموونە، لە مانگی ڕەمەزان خەڵکی ئێمە هاوکاریی زۆری ئەوانە دەکەن کە هەژارن، بۆیە لەوەشدا جیاوازیی زۆر هەیە و ئەمەش وا دەکات کە ڕێژەی هەژاری کەم بکاتەوە بەراورد بە عێراق.''
ڕەمەزان ڕوونیشی کردەوە: ''هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری وای کردووە تاکیش بتوانێ سوود لەو هەنگاوانە وەربگرێت، ئەگەر داهاتیشی جێگیر بێت بتوانێ هەوڵ بدات لەو ڕێگەیەوە داهاتێک بۆ خۆی پەیدا بکات و خۆی لە دۆخی هەژاری ڕزگار بکات، بەڵام لە عێراق بەهۆی ناسەقامگیرییەوە ناتوانن خۆیان لە هەژاری ڕزگار بکەن و چارەسەری گرفتی داهاتی تاک بکرێت، بەڵکوو ساڵ بە ساڵ بەراورد بە هەرێمی کوردستان ڕێژەی هەژاری زیاتر دەبێت، چونکە خۆی سەقامگیری فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری باش بێت و ڕێژەی هەژارییش کەم بێت.''
بەپێی دواین ڕاپرسی کە ئەنجام دراوە لە عێراق ڕێژەی هەژاری بەراورد بە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە و لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی هەژاری کەمە.''
بڵند ئیبراهیم




