٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: دۆسیەی نەوت بە ھاوبەشی و بە گوێرەی دەستوور بەڕێوە دەبرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دۆسیەی نەوت و گاز لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بە گوێرەی دەستوور بە ھەماھەنگی بەڕێوە دەبرێت و دەشڵێ، ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت دەبێتە بنەمایەک بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەسەڵاتی تایبەتی حکوومەتی عێراق لە ماددەکانی ١٠٩ و ١١٠ی دەستووری عێراق دیاری کراوە و باس لە نەوت و گاز دەکات، دۆسیەی نەوت و گاز لە ماددەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستوور ھاتووە، ئەمەیش مانای ئەوە دەبەخشێت کە دۆسیەی نەوت و گاز بە ھەماھەنگی و لێکتێگەیشتنی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمە، نەک بە مەرکەز.''

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت گوتی: "تاکە چارەسەر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە و ڕێککەوتنەکەش دەبێتە بنەما بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئێستا ڕێگری لە دەرچوونی یاسای نەوت و گاز دەکرێت.''

دژوار فایەق ڕوونی کردەوە: "ئێستا باشترین ڕێگە ئەوەیە ھەردوولا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەویش بە گوێرەی دەستوور دەست بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بکرێت تا ڕێگری لە زیانی دارایی بکرێت بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی زەرەرمەندی یەکەم ھاووڵاتییانی عێراقن لە ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار