یادگار مهحمود: بەیانى ئەنجومەنى نوێنەران بە یاسا هەڵەبجە دەکاتە ١٩مین پارێزگاى عێراق

هەڵەبجە - KDP.info - لەسەر داواکاریى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، حکوومەتى عێراق هەڵەبجەى وەک ١٩مین پارێزگاى عێراق ناساند و بڕیارە بەیانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دەنگ بە پارێزگابوونى هەڵەبجە بدات، پەرلەمانتارێکى کوردیش دەڵێ، هەموو ڕێکارەکانى بەپارێزگابوونى تەواو بووە، تەنها ئەوە ماوە بەیانى ئەنجومەنى نوێنەران دەنگى لەسەر بدات.
یادگار مەحموود، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "بەیانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆ دەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ئەنجومەنى وەزیران بۆ بەپارێزگابوونى هەڵەبجە وەک ١٩مین پارێزگاى عێراق دەدات.''
یادگار مەحموود دەڵێت: "بڕگەى دەنگدانى سبەى بۆ بەپارێزگابوونى هەڵەبجە، بەبێ هیچ گرفتێک تێ دەپەڕێت، حکوومەتى محەمەد شیاع سوودانى بەپارێزگابوونى هەڵەبجەى نوێ کردووەتەوە و داواکارییەکەى بۆ پەرلەمان ناردووە تاکوو دەنگى لەسەر بدرێت و داواکاریى فەرمیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠١٣ بووە".
ئاماژەى بۆئەوەش کرد: "هەموو ئەو ڕێکارانەى پێویستە بۆ ئەوەی قەزایەک بکرێت بە پارێزگا سەبارەت بە هەڵەبجە تەواو بووە کە بریتییە لە بوونی ژمارەى دانیشتووان و چەند ناحیە و قەزایەک، کە هەڵەبجە ئەو دوو مەرجەی هەیە، هەروەها مەرجێکی دیکەش کە ئەنجومەنى ئەو پارێزگایە و پارێزگاى ئەو سنوورە جوگرافییە ڕازی بن قەزاکەیان بکرێتە پارێزگا و، بەڕێوەبەر و قایمقامى ئەو ناحیە و قەزایانەى دەکەونە سەر ئەو پارێزگا نوێیە ڕازی بن، کە هەڵەبجە ئەو مەرجانەشی هەیە.''
گوتیشی: "ساڵى ٢٠١٣ سەرۆک بارزانى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان و نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى حکوومەت بڕیارى بەپارێزگابوونى هەڵەبجەیان دا، پەرلەمانى کوردستانیش پەسەندى کرد، لە چوارچێوەى ئەو ڕووبەرە جوگرافیایەى بۆى دیارى کرابوو، بەڵام تاکوو ئێستا نازانین ئایا سبەى لە دەنگانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕووبەرى پارێزگاى هەڵەبجە فراوان دەبێت، یان بە هەمان ڕووبەرى ئێستاى وەک ١٩مین پارێزگاى عێراق دەنگ بە پارێزگابوونى دەدرێت".
عەزیز ڕەسووڵ




