سەنگەر کانەبی: خۆمان بۆ هەردوو هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادە کردووە

مەخموور -KDP.info- بەرپرسی لقی 23ی قەرەچۆغی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای دەستبەکاربوونمان وەکوو بەرپرسی لق لەگەڵ سەرجەم ڕێکخستنەکانی خۆمان کۆ بووینەتەوە و خۆمان زۆر باش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و بڕیارە هەندێک گۆڕانکاری لەسەر ئاستی لیژنەی ناوچەکانی سنووری خۆیشمان دەکەین.
سەنگەر کانەبی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەژێر چاودێری و ڕێنماییی سەرۆک بارزانیدا کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی بەڕێوە برد و کۆمەڵێک گۆڕانکاری کران، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ماوەی سێ مانگە من وەکوو بەرپرسی لق دەستبەکار بووم و لەو کاتەوە کۆبوونەوەکانی ڕێکخستنی خۆمان تا بەرپرسی بنکەکانیش بەڕێوە بردووە و ئامادەکاریی باشمان کردووە کە بەرەو هەڵبژاردن بچین، ئەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەوەی عێراقیش، چونکە سنووری ئێمە لە ڕووی ئیدارییەوە بەشێکی سەر بە هەرێمی کوردستانە و بەشێکی سەر بە عێراقە، لە هەموو حاڵەتێکدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئێمەش دەگرێتەوە، وەکوو لقی 23ی پارتی، بۆیە ئامادەکاریی باشمان کردووە، کە بڕیارە لە 6/11ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.''
کانەبی ڕوونیشی کردەوە: ''ڕەنگە پێویستمان بە گۆڕانکاریی ڕێکخستن هەبێت لە سنووری لیژنەی ناوچەکان و ئەوەی پێویست پێ بێت ئاڵوگۆڕی تێدا دەکرێت و ئەوەی پێویستی بە گۆڕانکاری بێت گۆڕانکاری دەکرێت، هەموو گۆڕانکارییەکیش لەپێناو باشترکردنە و سروشتییە و بە مانای ئەوە نییە کەسێکی خراپ لا دەدرێت و کەسێکی باش دادەنرێت، بەڵکوو بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانە و لە سنووری ئێمە کەسی توانا هەیە و لە ماوەی داهاتوودا ئەرک و بەرپرسیارەتیی نوێیان پێ بدرێت.''
بڵند ئیبراهیم




