فارس عیسا بۆ KDP: ھەرێم و بەغدا لەماوەیەکی نزیکدا دەگەنە رێککەوتن

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەغدا گوتی، گفتووگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئەم ھەفتەیەش بەردەوامیان دەبێت و لەماوەیەکی نزیکدا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستپێدەکاتەوە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژە یاسای بوودجە لەسەرئەوە دانراوە کە رۆژانە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، بۆیە ئەو بڕیارەی لەبارەی نەوتی ھەرێم دەرچووە زیاتر زیان بەداھاتی عێراق دەگەیەنێت بەھۆی ئەوەی بەشێکی ئەو نەوتەی ھەرێمی کوردستان لە بوودجە دانراوە، چونکە ئەوانیش تووشی کێشەی دارایی دەبن، بۆیە ئەوان جدیترن کە کێشەکان چارەسەر بکرێن و بگەنە رێککەوتن و دووبارە ھەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە".
فارس عیسا گوتیشی: "لەماوەیەکی نزیکدا دەگەنە رێککەوتن و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە بۆ دەرەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەم ھەفتەیەش گفتووگۆ و کۆبوونەوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام دەبن".
بڵند ئیبراھیم




