پەیوەندییەکانی پارتی لە قاھیرە جەژنی نەورۆزی بەرز ڕاگرت
قاھیرە-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاھیرەی پایتەختی وڵاتی میسر، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی عێراقی فیدڕاڵ، دکتۆر ئەحمەد نایف ئەلدلێمی و، دکتۆر حوسێن ھنداوی یاریدەدەری ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەب و، چەندین کەسایەتی دیبلۆمات و ئەکادیمی و سیاسەتمەدار و راگەیاندکار و رۆژنامەنووس و، رەوەندی عێراقی و کورد و فەلەستینی، ئێوارەخوانێک و ئاھەنگێکی سازکرد.
دکتۆر ئەحمەد نایف باڵیۆزی عێراقی فیدڕاڵ، لە وتارێکیدا، وێرای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، ئاماژەی بەوەکرد، کەوا جەژنی نەورۆز تایبەتمەندی میللەتی کوردە، بەڵام بۆتە ھێمایەکی تایبەت بۆ سەرجەم گەلی عێراق، ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو، یەکگرتوویی عێراقییەکان بۆتە ھۆکاری سەرکەوتن بەسەر سەرجەم گرفت و کێشەکان، ئەوەشی دووپاتکردەوە، کە سەرکەوتنی عێراقییەکان بەسەر داعش، ھۆکاری ھەنگاونانە بۆ بونیادنان و رێگا خۆشکەرە بۆ وەبەرھێنان.
شێرکۆ حەبیب بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاھیرە، لە وتارێکدا وێرای بەخێرھاتن و سوپاسی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ ئەوەی مانگی ئادار مانگێکی نەھامەتی و پڕ لە ئازار بووە بۆ گەلی کورد، بەڵام چەندین بۆنە و یادی دڵخۆشی تێدایە و، نەورۆز جەژنی نەتەوەیی میللەتی کوردە، مانای سەرکەوتن و ئازادی دەبەخشێ، ھەروەھا گوتی، گرینگە نەورۆز ببێتە ھەوێنی تەبایی و یەکڕیزی و چارەسەرکردنی گرفتەکان، گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساتەوەختی دامەزراندنی ھەر لەساڵی ١٩٤٦ەوە لەلایەن جەنابی مستەفا بارزانی نەمر، ھەموو ھەوڵەکانی چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکییەکان بووە لەڕێگای دیالۆگ و لێک تێگەیشتن، تا ئێستاش لەسەر ھەمان رێباز و بۆچوون، ھەوڵەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە چارەسەکردنی گرفتەکان.
سەبارەت بە گرفتەکان لەگەڵ بەغدا و نێوخۆی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە وڵاتی میسر، ئاماژەی بەوەکرد، کە پارتی سوورە لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای لێک تێگەیشتن و دەستوور و یاسا، ھەروەھا ئاماژەی بەسەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا و سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ھەولێر و دیداری لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی و، ھەردوو رێزداران سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، دووپاتیکردەوە کە پارتی سوورە لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراو ئەنجام بدرێت.




