نوێنەرێکی پارتی لە کەرکووک: تا ئێستا دوو وەجبە ناومان بۆ سوودمەندبوون لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی گەڕاندۆتەوە

کەرکووک -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی خۆمان لە کەرکووک بکەین و تا ئێستاش دوو وەجبە ناوی خەڵکی خۆمانمان گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند بن، کە زیاتر لە 800 کەس دەبێت.
نەجوا حەمید کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: نووسینگەکەمان لە کەرکووک بەردەوام کراوەیە بۆ خەڵکی خۆمان و هەر داواکارییەکیان هەبێت، ئێمە بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانەی کە بێمووچە و خاوەنپێداویستیی تایبەتن لە پێدانی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند بن کە ئەوانەی بێمووچەن و سەرچاوەی بژێوی ژیانیان نییە پێی بژین، بۆیە ناوەکانیان لێ وەردەگرین و دەیکەینە فۆرم و لە حکوومەت ڕەزامەندییان بۆ دێنینەوە، کە تا ئێستا دوو وەجبە ناومان گەڕاندووەتەوە کە خەڵکی کەرکووک بوونەتە خاوەن مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی و، ئەوانەی ناویشیان گەڕاوەتەوە بێوەژن و خاوەن پێداویستیی تایبەتن و ئەوانەی هیچ مووچەیان نییە.
نەجوا حەمید کاکەیی گوتیشی: لە وەجبەی یەکەم زیاتر لە 300 کەس ناویان گەڕایەوە و لە وەجبەی دووەمیش کە ئێستا گەڕاوەتەوە زیاتر لە 500 کەس دەبێت، ئێمە خۆمان بە خزمەتکاری خەڵکی خۆمان دەزانین و هەر کارێکیان هەبێت ئێمە خزمەتیان دەکەین .
کاکەیی ڕوونیشی کردەوە: وەجبەی یەکەم هەمووی تەواو بووە و وەجبەی دووەمیش ڕەزامەندیی لێ دراوە و تەنها هەندێک ڕێکار ماوە، ئەوانیش تەواو بن مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە، کە هەیە ئافرەتی بەتەمەن و سەڵتە و 200 هەزار دینارە و پیاوی خێزاندار نزیکەی 300 هەزار دینارە و ئەوانەی خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچە دەدرێتە دایکیان، بۆیە هەر جۆرێک بەپێی یاسا مووچەیان بۆ دیاری دەکرێت، بەڵام داوامان کردووە کە مووچەیان زیادیش بکرێت.
گوتیشی: ئێمە کار بۆ هەموو پێکهاتەکان دەکەین، بەڵام ئەوانەی کارمان بۆ کردوون زیاتر کوردی خۆمانن لە کەرکووک و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان.
بڵند ئیبراهیم




