"دەرفەتێکی باش بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە پێشەوە"
__2023_03_30_h14m23s2__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کێشەیەی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕووی داوە، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی پرسی نەوت بگەنە رێککەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی عێراق ئامادەیە کێشەکە چارەسەر بکرێت.
شێروان حەیدەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەو بڕیارەی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە پاریس دراوە، ڕاستە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن، چونکە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەو کێشانەی پەیوەستن بە نەوتەوە، چارەسەر بکەن، کە لە بەرژەوەندیی هەرێم و بەغدادا بێت، چونکە حکوومەتی عێراقیش پێویستی بە هەرێمی کوردستان هەیە.
حەیدەری گوتیشی، بڕیار دراوە کێشەی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت، بەپێی ئالیەت و میکانیزمێکی تازە کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا دابێت، بۆیە حکوومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە کە ئەو کێشەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە بەیاننامەکەی خۆیدا نەرمی نواندووە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەی هەیە چارەسەر بکرێت، بۆیە گەشبینم بەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت و کۆتایی بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوانیان سەبارەت بە نەوت، سەردانی بەغدایان کرد، بۆ ئەوەی بتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بڵند ئیبراهیم




