د. كاروان: له ئه‌مه‌ریكاین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر‌نجی رێكخراوه‌كان بخه‌ینه سه‌ر كوردستان

واشنتۆن-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان، كه هاوكات وه‌ك نوێنەری هه‌رێم به‌شداری كۆنفڕانسێكی تایبه‌تییه له نیویۆركی ئه‌مه‌ریكا بۆ پرسی گۆڕانه‌كانی ئاو و هه‌وای عێراق و كوردستان، باسی ئه‌وه ده‌كات كه بارانی ئه‌مساڵ هه‌م شێوازی دابارینه‌كه و هه‌م ئاستی بارینه‌كه‌ی له ساڵی رابردوو باشتر بووه و، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌كاریی باشی كردبوو بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو و هه‌روه‌ها رێگری له دروستبوونی لافاو له ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوون.
دكتۆر كاروان سه‌باح، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: "دیاره ئاستی بارانبارین له چاو ساڵی رابردوو باشتر بووه، به‌ڵام له ئاستی ئاسایی له چل بۆ په‌نجا ساڵی رابردووی كوردستان له راستیدا كه‌متره له نێوەنجه ئاساییه‌كه‌ی خۆیدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به ساڵی رابردوو، ده‌توانین بڵێین باشتره، نه‌ك هه‌ر ڕێژەی بارانه‌كه، به‌ڵكو شێوازی بارانبارینی ئه‌مساڵ زۆر سوودبه‌خشتر بووه، چونكه بارانه‌كه به رێكوپێكی دابه‌ش ببوو و بارانێكی تا راده‌یه‌ك نه‌رم بوو، ئه‌وه‌ش وای كرد زۆرتر سوودی لێ وه‌رگرین، جگه له‌وه‌ش هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاو به تایبه‌تی له‌و هه‌وڵانه‌ی كه له هاوینی رابردوو دراون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، سوپاس بۆ خوا سه‌ركه‌وتوو بوو، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی لافاوی گه‌وره‌مان نه‌بینییه‌وه ئه‌مساڵ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه بارانه‌كه زیاتریش بوو له هی پار، ئه‌وه‌ش له سایه‌ی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو كه له هه‌ولێر به تایبه‌تی خستییه ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی لافاو ڕوونه‌دات، كه رێژه‌ی 8 ملیار دینارمان بۆ ئه‌و بابه‌ته خەرج كرد و پاره‌كه‌ش جێی خۆی گرتووه، كه ده‌توانم بڵێم ئه‌وه قۆناغی یه‌كه‌می رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاو بوو، قۆناغی دووهه‌میش دروستكردنی كۆمه‌ڵێك پۆندی ئاوه له باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ولا ئاوی لافاو به زایه نه‌ڕوا، به‌ڵكو بیگرینه‌وه بۆ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری و كشتوكاڵی سوودی لێ وه‌رگرین".
ناوبراو گوتیشی: "سه‌باره‌ت به ئاستی ئاوی كۆكراوه، له راستیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی دابارینه كه ده‌توانین بڵێین ئاستی ئاوی كۆكراوه‌ی ئه‌مساڵمان باشتره له هی ساڵی رابردوو، به‌ڵام هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕێشین چونكه شه‌پۆلی دیكه‌ی بارانبارین ماوه، جگه له‌وه ئێمه ئه‌مساڵ چوار به‌نداومان ته‌واو بوون و ژماره‌یه‌ك پۆندیش كه‌وتوونه‌ته خزمه‌ته‌وه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئاو، دیاره ئه‌وانه‌ش وای كردووه كه بتوانین زیاتر سوود له كۆكردنه‌وه و گلدانه‌وه‌ی ئاو وه‌رگرین، ئێمەش له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامین له بونیاتنانی ژێرخانێكی ته‌ندروست بۆ كه‌رتی ئاو، كه ئه‌وه‌ش هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌بێت".
دكتۆر كاروان، كه له سه‌فه‌ردایه بۆ ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی كرد: "ئێمه له كۆنفڕانسێكین له نیۆیۆركی ئه‌مه‌ریكا و پێمان وایه گرنگه كه هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بێت له‌و چالاكییه جیهانیانه‌ی كه هه‌ن بۆ پرسی گۆڕانی ئاو و هه‌وا، چونكه ئێمه‌یش ئه‌ندامێكین له كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و پێویسته به‌شداریمان بۆ ئه‌وه بێ كه له‌و كۆنفڕانس و چالاكیانه‌دا باسی كێشه‌كانی گۆڕانی ئاو و هه‌وا بكه‌ین له كوردستانیش، كه وادیاره جیهان له پرسی گۆڕانی ئاو و هه‌وا و وشكه‌ساڵی و به‌بیابانبوون ته‌نها سه‌ر‌نجی داوه‌ته باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، به‌ڵام ئێمه له‌وێ به به‌ڵگه و دۆكیومێنت روونمان كرده‌وه كه كاریگه‌ریی ئاو و هه‌وا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زیاتر بووه تا باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، له‌وێ له‌و چاوپێكه‌وتن و دیدارانه‌ی هه‌مانبووه، داوامان كردووه كه بایه‌خیش به هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و هه‌موو بایه‌خه‌كه ته‌نها تایبه‌ت به ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق نه‌بێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئێمه دیدارمان له‌گه‌ڵ بانكی په‌ره‌پێدانی ئیسلامی هه‌بووه و داوای ئه‌وه‌مان كردووه كه چۆن سوود له فه‌ند و پشتیوانییه داراییه‌كانی ئه‌و بانكه ببینین و قه‌رزیان لێ وه‌رگرین، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سندوقی ئاو و هه‌وای سه‌وز هه‌بووه كه له‌وێ پڕۆژه‌كانی خۆمانمان بۆ ئه‌و سندوقه باس كردووه و روون كردووه‌ته‌وه، كه خۆشحاڵ بوون به پرۆژه و پلانه‌كانی ئێمه، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك رێككه‌وتووین له‌گه‌ڵ سندوقی سه‌وز، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه پڕۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ئاو له گوند و ناوچه دووره ده‌سته‌كان له رێی پرۆژه‌یه‌كی جیهانییه‌وه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین و سوود له‌و پشتیوانیانه وه‌رگرین كه له‌رێی ئه‌و سندوقه‌وه بۆ پڕۆژه‌ی پێشكه‌ش به‌و ناوچانه ده‌كرێ كه گۆڕانی ئاو و هه‌وا زیانی پێ گه‌یاندوون".
دەشڵێ: "دیدارمان له‌گه‌ڵ راوێژكارانی یوئێن دی پی هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوودی پێویست له فه‌ند و پشتیوانییه‌كانی یوئێن دی پی وه‌رگرین و هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ رێكخراوی یۆنیسێف هه‌بووه، كه ئه‌وان پێیان باش بوو ئێمه به وردی ئیشیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و ئه‌گه‌ری هه‌یه بانگهێشتنامه‌یان بۆ بنێرین بۆ ئه‌وه‌ی بێن له كوردستان بۆخۆشیان له نزیكه‌وه ئاگاداری دۆخه‌كه بن و پێكه‌وه كار بكه‌ین، به تایبه‌تی بۆ پاراستن و یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی گوندنیشین و ناوچه دووره‌ده‌سته‌كانی كوردستان له پرسی په‌یوه‌ندیداردا".
سه‌ڵاح جه‌لال




