هەورامی: بەشداریمان لە کۆنفرانسی جیهانیی ئاو ئەنجامی باشی هەبوو

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی، وەکوو تیمی هەرێمی کوردستان بەشداریمان لە کۆنفرانسی جیهانیی ئاودا کرد، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سازی کردبوو و بەشدارییەکەمان لەو کۆنفرانسەدا ئەنجامی زۆر باشی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو.
دکتۆر کاروان هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو تیمێکی هەرێمی کوردستان بەشداریمان کرد لە کۆنفرانسی جیهانیی ئاو کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سازی کردبوو و تێیدا وڵاتان و دامەزراوە جیهانییەکان داوەت کرابوون و ئامانج لەو کۆنفرانسە تاوتوێکردنی کێشەکانی ئاو و ڕوئیایەکی هاوبەش بۆ چارەکردنی کێشەی ئاو بوو. ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان تیمێکمان لەوێ بوو، توانیمان کۆمەڵێک دیداری گرنگمان هەبێت، لەوانە دیدار لەگەڵ سندووقی سەوز کە تایبەتە بە دابینکردنی پارە بۆ ئەو پڕۆژانەی گۆڕانی ئاووهەوا کاری تێ کردوون و ئێمە بە داتا و زانیاری و بەڵگەی زانستی ڕوونمان کردەوە کە ئەو گۆڕانە زیانی گەورەی لە هەرێمی کوردستان داوە و ئێمە لێی بەرپرسیار نین و وڵاتانی زلهێز و خاوەن ئابووریی گەورە لێی بەرپرسیارن و ناکرێت هەرێمێکی وەکوو ئێمە باجی ئەو کردەوانە بدات کە وڵاتە زلهێزەکان بەسەر ژینگەیان هێناوە و ئێمە پڕۆژەی خۆمان پێشکەش کردووە و تاوتوێشمان کردووە و گەیشتووینەتە نەخشەڕێگایەک بە هاوکاریی یەکێک لە ڕێکخراوە جیهانییەکان چەند پڕۆژەیەک پێشکەشی سندووقی سەوز دەکەین بۆ ئەوەی پارەی بۆ دابین بکرێت لە ناوچە دوورەدەستەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت گوندەکان، بۆیە سەردانەکە ئەنجامێکی باشی هەبوو.''
دکتۆر کاروان هەورامی گوتیشی: ''لەگەڵ بانکی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان کۆبوونەوەمان هەبوو سەبارەت بەوەی کە چۆن بتوانین سوود لە قەرزە ئاسانەکانی ئەوان وەربگرین، بۆ هاوکاریکردنی ناوچە دوورەدەستەکان و گوندنشینەکانی کوردستان. هەروەها لەگەڵ ڕاوێژکارانی یوئێندیپی کۆبوونەوەمان هەبوو کە چۆن بتوانین سوود لە پرۆگرام و پشتیوانییە داراییەکان وەرگرین کە یوئێن و ڕێکخراوە جیهانییەکان دەیکەن بۆ وڵاتانی وەکوو ئێمە ولەگەڵ یونیسێفیش کۆبوونەوەمان کرد کە بەرهەمدار بوو و بڕیارە دیداری بەردەوام هەبێت و ئەوانیش هاوکار بن، بۆیە لەگەڵ هەمووان کۆ بووینەوە بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانین کۆمەک و هاوکاری پەیدا بکەین بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت خەڵکی هەژار و گوندەکان و بەشداریشمان لە پانێڵێک کرد لەبارەی ئاو و خۆم بەشدار بووم و تێبینییەکی زانستیم هەبوو و داوامان کرد بەهای ڕاستەقینەی ئاو دیاری بکرێت و پێشنیاری زانستیمان هەبوو کە چۆن بەهای ڕاستەقینە ئاو بدۆزرێتەوە.''
هەورامی باسی لەوەش کرد: لەگەڵ تیمێکی فەرەنسیش گفتوگۆمان کرد تایبەت بوون بە ئابووریی ئاو و باسی کێشەکانی تایبەت بە ئاو و بەهای ئاو کرا و گفتوگۆیەکی درێژمان هەبوو و جگە لەوەش، چاومان بە وەزیری ژینگەی بەحرین کەوت کە بتوانین هەماهەنگیی باشمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەبێت، لە نێویاندا بەحرین.
بڵند ئیبراهیم




