د. یوسف به‌رزنجی: كابینه‌ی نۆیه‌م گرنگیی به‌رچاوی به پرۆژه‌كانی ئاژه‌ڵداریی زانستی له كوردستان داوه
__2023_03_27_h19m43s31__HK.jpg)
هه‌ولێر -KDP.info- پسپۆڕێكی بواری سامانی ئاژه‌ڵ و ئه‌ندازیاریی كشتوكاڵی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه حكوومه‌تی هه‌رێم گرنگیی به ڕا و پێشنیار و نووسین و كۆنفرانسی زانستی و دیبه‌یته میدیاییه‌كانی ئه‌وان داوه له بواری په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌مه كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵدارییه‌كان و كابینه‌ی نۆیه‌م به پاڵپشت و هانده‌ری پڕۆژه زانستییه کشتوكاڵیهكان وه‌سف ده‌كات له كوردستان، له هه‌مان كاتیش‌دا داوا ده‌كات حكوومه‌ت پشتگیریی به‌رهه‌مهێنه‌ره بچووكه‌كانی بواری ئاژه‌ڵی خۆماڵی بكات له ڕووی خزمه‌تگوزاریی ڤێته‌رنه‌ری و فه‌راهه‌مكردنی ئالیكەوە.
پ. د. یوسف به‌رزنجی، مامۆستای زانكۆی سه‌لاحه‌دین له كۆلێژی زانسته ئه‌ندازیارییه كشتوكاڵیه‌كان، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: دیاره ئێمه له بواری پهلهلهوهر و هێلكه گه‌یشتووینه‌ته ئاستێك كه هه‌م ده‌توانین به‌شی ناوخۆ به‌رهه‌م بێنین، هه‌م هه‌نارده‌ش بكه‌ین، له‌م بواره‌دا ته‌نها كێشه‌مان ئالیكهكهیه كه به‌شێكی كه‌ره‌سته خاوه‌كانی له ده‌ره‌وه دێت، ئه‌وه‌ش ده‌كرێت به ناوخۆیی بكرێت و هه‌نگاوی بۆ نراوه كه ئالیكیش له ناوخۆ به‌رهه‌م بێت، به نیسبه‌ت پرۆژه‌كانی ماسییەوە كۆمەڵێك پرۆژه كراوه‌ته‌وه کە بێت و بگاته كۆتایی، ئه‌وه نیوه زیاتری به‌رهه‌می ماسیی كوردستان هی ناوخۆ ده‌بێت.
دكتۆر یوسف هه‌روه‌ها گوتیشی: به نیسبه‌ت ئاژه‌ڵی گه‌وره، یاخود كاوێژكه‌ره‌كان، به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی كه وه‌زراره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئاماژه‌ی پێ كردووه، له هه‌رچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی مه‌ڕ و بزن و مانگای خۆماڵی له هه‌رێمی كوردستان پێنج ملیۆن و چوارسەد و سێ هەزار و حەوتسەد و یەک (5403701) سه‌ر به شێوه‌یه‌كی ته‌قریبی هه‌یه كه ئه‌مه ژماره‌یه‌كی زۆر باشه و ڕێژه‌یه‌كی به‌رزه، دیاره شێوازی به‌خێوكردنیان له گونده‌كانی كوردستان زیاتر ته‌قلیدییه، به‌ڵام پرۆژه‌ی زانستییش له كوردستان ده‌ستی پێ كردووه، بۆ نموونه پرۆژه‌ی زانستیی مانگای شیر له كوردستان ئێستا 83 پرۆژه‌مان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رچوار پارێزگاكه كه 11 هه‌زار سه‌ر مانگا، یا چێڵ له‌خۆ ده‌گرێ، به‌خێوكردنی زانستیانه‌ی گامێش یه‌ك پرۆژه‌مان هه‌یه كه 75 سه‌ر له‌خۆ ده‌گرێ، كه به‌داخه‌وه ئه‌وه كه‌مه و ده‌بێ كاری له‌سه‌ر بكرێ، ته‌بیعه‌تی كوردستان وایه كه ئێمه زۆر ناوچه‌مان هه‌یه ئاوی هه‌یه كه ئه‌م ناوچانه زۆر باشن بۆ به‌خێوكردنی گامێش، قه‌ڵه‌وكردنی گۆلك 90 پرۆژه‌مان له هه‌رێمی كوردستان له هەرچوار پارێزگاكه كه 68 هه‌زار و 34 سه‌ر له‌خۆی ده‌گرێ، قه‌ڵه‌وكردنی به‌رخ به شێوه‌ی زانستی 7 پرۆژه‌مان هه‌یه كه 2166 سه‌ر له‌خۆ ده‌گرێ، ئه‌مانه هه‌مووی ئاماژه‌ی باشن بۆ ئه‌وه‌ی كه له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا گرنگی به به‌خێوكردنی زانستییانه‌ی ئاژه‌ڵی گه‌وره دراوه، ئێمه له وۆركشۆپ و كۆنفرانس و دیبه‌یته زانستییه‌كان و تیڤی و تۆڕه کۆمەڵایەتییەكاندا پێشنیار و بۆچوونی زۆرمان بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌م بواره خستووەته ڕوو كه هه‌ست ده‌كه‌ین گوێمان بۆ گیراوه و ورده ورده دێنه دی، ئه‌م پرۆژانه پرۆژه‌ی زۆر باشن كه شێوازی په‌ره‌پێدانی زانستیی به‌خێوكردن حه‌تمه‌ن سوود و داهاتی زیاتری ده‌بێت، بۆ نموونه، له هه‌ڵه‌بجه پرۆه‌ی زانستیی بزنی سانین هه‌یه كه به 360 سه‌ر ده‌ستی پێ كرد و ئێستا نزیكه‌ی 1000 سه‌ر بزنی سانینی هه‌یه كه تایبه‌ته به شیر و ڕۆژانه 3 بۆ 5 هه‌زار لیتر شیری لێ به‌رهه‌م دێت كه شیرێكی تایبه‌تمه‌نده و به شێوه‌یه‌كی زانستی به‌رهه‌م دێت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌كرێت تا ده‌گاته ده‌ستی به‌كاربه‌ر، هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی مانگای شیری مرواری له كه‌لار هه‌یه كه 756 سه‌ر مانگای تێدایه به شێوه‌ی زانستی به‌خێو ده‌كرێ و شیره‌كه‌ی ده‌خرێته بازاڕه‌وه و هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی مانگای زه‌هه‌بی كه بۆ مانگای شیره، پرۆژه‌یه‌كی زانستیی گرنگمان هه‌یه له بادینان كه پرۆژه‌ی ڕامی پێ دەگوترێ كه 1000 سه‌ر مانگای فریزی یهكڕهگی تێدا به‌خێو ده‌كرێ و پرۆژه‌یه‌كی ته‌واوی زانستییانه‌یه كه نزیك له ڕووبار دروست كراوه و كه‌شه‌كه‌ی زۆر له‌باره و وێنجه و ئالیكی سه‌وز هه‌ر بۆخۆیان له‌وێ به‌رهه‌می دێنن بۆی و ئاغهڵهكانی به شێوه‌ی زۆر مۆدێرن دروست كراوه و وه‌رگرتنی شیره‌كه‌ی به ڕێگایه‌كی ته‌كنیكیی نوێ ده‌كرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌ركه‌وێت و یه‌كسه‌ر هه‌ر له ناوخۆیدا ته‌حویلی كارگه ده‌كرێت كه به شێوه‌ی شیر و ماست و كه‌ره و په‌نیر و موشته‌قاته‌كانی ده‌خرێته بازاڕه‌وه، ئه‌مانه هه‌مووی هێمان بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێمه له كوردستان ورده ورده ده‌چینه قۆناغی بهزانستیكردنی ئاژه‌ڵدارییه‌وه، كه ئه‌م داتایانه له 31/5/2022 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوه‌وه به‌فه‌رمی بڵاو كراونه‌ته‌وه و دیاره ئه‌و پرۆژانه‌ی باسمان كردن وه‌ك سه‌رچاوه‌ی شیر بۆ ئاژه‌ڵی گه‌وره‌ن و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین جگه له به‌رهه‌می شیره‌كه‌یان سهرچاوهیهكیشن بۆ به‌رهه‌مهێنانی گۆشت كه بۆ نموونه له پرۆژه‌یه‌كی وه‌ك مانگای ڕامی گۆلكه نێره‌كانی، یان ئه‌و مانگایانه‌ی ئیتر دێنه ته‌مه‌ن و شیر ناده‌ن سه‌رده‌بڕدرێن كه ئه‌مه بۆ پرۆژه‌كانی مه‌ڕ و بزنیش ڕاسته و نێره‌كانی ئه‌م پرۆژانه و ئه‌و مێیه شیردهرانهش كه ده‌كه‌ونه ته‌مه‌نه‌وه یان قسرن، سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گۆشتیشن.
دكتۆر یوسف له كۆتاییی گوته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد: ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه وه‌ك پێشنیار ئاراسته‌ی بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه شان به شانی ئه‌م پرۆژانه پێویسته ئێمه گرنگیی زۆر به ئاژه‌ڵه خۆماڵییه‌كان بده‌ین، وەک مه‌ڕ و بزن و مانگا و گامێشی خۆماڵی و له ڕاستیدا ئێمه زه‌مینه‌ی له‌بارمان بۆ پرۆژه‌كانی گامێش هه‌یه كه سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی شیر و ماست و قهیماخه، هه‌روه‌ها ئێمه پێویسته پشتیوانیی خاوه‌ن ئاژه‌ڵه خۆماڵییه‌كان بكه‌ین به قه‌رزی بچووك و پێدانی ئالیك و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی ڤێته‌رنه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بتوانن به شێوه‌یه‌كی زانستی ئاژه‌ڵه‌كانیان به‌خێو بكه‌ن و ببنه سه‌رچاوه‌یه‌كی سوودبه‌خشی ئاژه‌ڵداریی زانستی و داهاتی كشتوكاڵی بۆ كوردستان.
سه‌لاح جه‌لال




