٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەی ڤیزەی ئەلیکترۆنی بۆ دوو مەبەست گرنگیی یەکجار زۆری هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووری پەرلەمانی کوردستان گوتی، پڕۆژەی ڤیزای ئەلیکترۆنی هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ هاندانی خەڵک لە دەرەوە بێنە هەرێمی کوردستان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و هەم بۆ کارکردن، بۆیە ئەو هەنگاوە ئاسانکاریی زۆر باش بۆ خەڵک دەکات و کاریگەریی ئیجابیی دەبێت.

لە 22ی شوباتی 2023 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنیی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە بەشێکە لە کارنامەی حکوومەت لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێم باسی لێوە کرد، ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە مەبەستی گەشتوگوزار، یاخود وەبەرهێنان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

لەم بارەیەوە، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان و مامۆستای زانکۆ، دکتۆر ئەرشەد تەها، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و کرانەوەی هەرێمی کوردستانە بە ڕووی هەموو جیهان و ئاسانکارییە بۆ گەشتیاران و خاوەنکاران کە لە دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ڕەنگە خەڵک لە دوورەوە زۆر شتیان لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە گوێ لێ بێت کە هەرێمی کوردستانیش ناسەقامگیرە هاوشێوەی عێراق، بەڵام کە دێنە هەرێمی کوردستان سەردانیکردنی گەشتیاران زیاد دەکات و ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئیجابیی لەسەر کەرتی گەشتیاری دەبێت و هەلی کار زیاد دەکات و خاوەنکارانیش بە چاوی خۆیان دەبینن کە هەرێمی کوردستان سەقامگیر و گونجاوە بۆ کارکردن، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی گرنگ و زۆر باشە.''

دکتۆر ئەرشەد تەها گوتیشی: ڤیزای ئەلیکترۆنی خەڵک بەئاسانی دەستی پێی دەگات و ئەمەش وا دەکات خەڵک زیاتر لە دەرەوە بێن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە ئەمە کاریگەریی ئیجابیی دەبێت لەسەر گەشتەکانی فرۆکەخانەکان و شوێنە گەشتیارییەکان و خواردنگەکان، بۆیە کەرتی گەشتیاری دەبووژێتەوە، چونکە لە ناوخۆی عێراق خەڵکێکی زۆر سەردانی هەرێم دەکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە هانی خەڵک بدرێت لە دەرەوە بێن سەردانی هەرێم بکەن، هەم بۆ گەشتکردن و هەم بۆ کارکردن.''

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار