شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP باسی لادانی بەربەستەكان دهكات

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خاڵی زۆر باشی بۆ کورد تێدایە و ئەو داواکاریانەی ئێمە ھەمانبوو تێیدا جێگیر کراوە و ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی ھێنراونەتە کەرکووک و بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان سڕاوەتەوە و لادەبرێن و مافی دەنگدانیان نییە.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەسەندکردنی ھەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان خاڵی باشی بۆ کورد تێدایە، کە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی ھاووڵاتییانی کەرکووک".
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەم جار لە دوای ٢٠٠٣ەوە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی ھاووڵاتییانی شارەکە و ناحیەی سەرگەڕان کە دوای ساڵی ١٩٥٧ەوە لکێنراوە بە کەرکووک و دیسان دەبنە بەشێک لە خەڵکی شارەکە و مافی دەنگدانیان دەبێت".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕوونیشیکردەوە: "ئەوەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکووک بووە و نفووسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووە و دەربەدەر نەبووە، بەڵام فۆڕمی کەرکووکی ھەیە دیسان مافی دەنگدانی ھەیە، ھەروەھا ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی ھێنراونەتە کەرکووک بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان سڕاوەتەوە و لادەبرێن و مافی دەنگدانیان نییە".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت: "بۆ یەکەمجارە لەبابەتی دابەشکردنی پۆستەکان ٣٢٪ ھەڵگیرا و بەپێی یاسا ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە کە بتوانێت ھەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوا بخات کە خەڵکانێک ئامانجیان بوو".
بڵند ئیبراھیم




