وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی: چاکسازی کاروانێکی دوورمەودایه و كابینه‌ی نۆیه‌م تێیدا جددی بووه

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكیی په‌رله‌مانی كوردستان باسی ئه‌وه ده‌كات كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به جدیه‌تێكی زۆره‌وه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی چاكسازیی كاری كردووه، ئه‌م كابینه‌یه له پرۆسه‌ی چاكسازیدا گه‌یشتووەته ئاستێك كه ته‌نانه‌ت قه‌رزیشی داوه‌ته‌وه و دوومووچه‌یی نه‌هێشتووه، خۆی له‌گه‌ڵ دۆخی كۆرۆنا گونجاندووه و ئاماده كردووه و ڕووبەڕووی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستیش بووەته‌وه، به‌ڵام به‌سه‌ریاندا سه‌ر كه‌وتووه، هه‌روه‌ها پێی وایه كه پێویسته هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌بێت.
وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له په‌رله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دۆخێكی جیاوازدا دەستی بەكار كرد، سەرەڕای بوونی گەندەڵی، دۆخێكی سەختی ئابوورییش لەئارادا بوو، بۆیەش بارودۆخەکە پێویستی دەکرد كابینەی نۆیەم بەشێک بێت لە چارەسەركردنی كێشەكان، لەم ڕوانگەیەوە بوو، به پشتبه‌ستن به كارنامه و ستراتیژیەتی بەڕێز مەسرور بارزانی کە لە پەرلەمانی کوردستان خستییە ڕوو، یاسای چاکسازی پەسند کرا، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونەوەی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازی، حكوومه‌ت توانیی هه‌نگاوی جددی بنێت له ڕووی ڕێكخستنه‌وه و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ، ھەرچەندە دەستپێکردنی بەرنامەی چاکسازی هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ھەنگاوی گرنگ و پێویست لە زۆربەی سێكتەرەكان ھاوێژراون بۆ ئەمەش چەندین بڕیاری گرنگ دەرکراون، کە ھەر بڕیارێکیش پەیوەستە بە ڕێکخستنەوەی سێکتەرێکەوە و لە ھەر بڕیارێکیشدا ڕێژەیەکی زۆر گەندەڵی چارەسەر دەکرێت و کۆمەڵێک خەڵکی شایستە سوودمەند دەبن و ئەوانەشی شایستە نەبوون لە ڕابردوودا زەرەرمەند دەبن.''
وه‌یسی سه‌عید هه‌روه‌ها گوتی: چاکسازی پرۆسەیە، بە ڕێوشوێنی خۆیدا دەڕوات و ھێواش ھێواش ئامانجی خۆی دەپێکێت، بۆیەش گرنگە لایەنەكان بەتایبەت پێکھێنەرە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم پشتگیری ھەنگاوەكانی چاکسازی بكەن، كابینەی نۆیەم لەسەر بنەمای ھاوپەیمانیی چەند لایەنێك پێك ھاتووە كە لایەنەكانیش لە ڕێگای نوێنەرەكانیانەوە ئاگاداری ھەنگاوەکانی چاکسازین، سەرەنجام بەھۆی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ڕێژەیەکی زۆر لە داھاتی گشتی گەڕاوەتەوە بۆ حکوومەت و بە ئاستێکی باش بوارەکان ڕێک خراونەتەوە، ھەرچەندە ھێشتاش ئەم پرۆسەیە لە بەردەوامیدایە، بەمەش وەڵامی ھەموو ئەوانە درایەوە کە دەیانگوت چاکسازی ناکرێت و لە توانای حکوومەتدا نییە، ڕاستە ئەنجامدانی چاکسازی ئەرکێکی قورس و زەحمەتە، بەڵام ڕژدبوونی خودی سەرۆکی حکوومەت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكەی فاکتەری سەرەکی بوو بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، سەرنجام کابینەی نۆیەم توانیی سه‌ركه‌وتوو بێت و ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕ بکات، هەروەها دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستانیش باشتر بکرێت.''
ناوبراو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه دا: "دەرکەوت کابینە خاوەنی بەڵێنەکانی خۆیەتی، لەم چوارچێوەیەدا دەردەکەوێت و ده‌توانین به‌و شێوه‌یه پله‌به‌ندی بكه‌ین: یاسای چاكسازی ھەنگاوێکی مێژوویی بوو، وڵامدەرەوەی خواست و داواکاریی ھاووڵاتیان بوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، بووە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی دادپەروەریی كۆمەڵاتی کە جیاوازی لە نێوان هیچ پلە و پۆستێك ناكات، چونکە ئامانج لە یاساکە ھێنانەدی و بەرجەستەکردنی دادپەروەرییە و ڕێگریکردنە لە بەھەدەردانی بودجەی گشتی، بۆیەش گرنگە هەموان پابەندی یاسای چاكسازی بین و ھەوڵی سەرخستنی بدەین، چونكه كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئاست بەڵێن و متمانەی خەڵكی كوردستاندا بووە، پرۆژەی چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەم و خودی سەرۆکی حکوومەت بووه، کە بەڵێنی خۆی بردە سەر و چاکسازیی کرد و بەردەوامیشە لەسەری، بەمەش ئەو ڕاستییە دەرکەوت، کابینەی نۆیەم بەرامبەر خەڵك و پەرلەمان شەفاف و ڕاستگۆیە و لە ئاست بەڵێنەکانیدا بووه و چاكسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە، گشت كەرتەكان دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ھەنگاوی گەورە نراون، بەڵام ھێشتا قۆناغی تریش ماون و ئێمه ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه حكوومەتداری تەنھا پێدانی مووچە نییە، بەڵكوو پێوستی بە خه‌رجیی تریش ھەیە، له ڕووی دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی فه‌رمانگه‌كانی حكوومەت، پێداویستیی نەخۆشخانەکان، فڕۆكه‌خانه‌كان، پاككردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌كان و كڕینی كاره‌با و... هی تریش، ئەمەش وا دەکات گه‌ر داهاتیش زیادی كردبێت، خه‌رجییه‌كانیش زیادیان كردووه و ئێمه ئاگادار بووین كه له‌م كاروانه‌دا كابینه‌ی نۆیه‌م له ماوه‌ی دەستبەکاربوونیدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یران بووه‌وه، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ قه‌رزكردن ببردرێت کە سه‌ره‌نجام بارگرانییه‌كی زۆر دروست دەبوو لەسەر هاونیشتمانیان، چونکە ڕۆژێك دێت کە دەبێت قەرزەکە بدرێتەوە، خۆشبەختانە بە بەردەوامبوون و پێداگری لەسەر چاكسازی بەبێ قەرزکردن توانرا دۆخەکە تێ بپەڕێنرێت، بەمەش دواڕۆژێكی گه‌ش له به‌رده‌م خه‌ڵكی كوردستاندا واڵا دەبێت کە له داهاتووی خۆمان دڵنیا دەبین.
گوتیشی: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ھێشتا پێویستی بە کاتی زیاتر ھەیە تا ھەموو یاساکە جێبەجێ دەکرێت، چونکە یاساکە گشتگیرە پێویستی بە کاتی زیاتر ھەیە، ھەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەت ھەنگاوی زۆری ناوە، لە شایستەبوون، خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان، نەهێشتنی سوودمەندبوونی ناشایستە، ڕێگری‌کردن لە بەهەدەردانی بودجەی گشتی و بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، بەڕێوەبەرایەتی، فەرمانگە و یەکە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بوارەکانی شارستانی، سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی یەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری و ڕێکخستنەوەی خانەنشینیی خاوەن وەزیفە پلەباڵاکان و پلەتایبەتەکان لەسەر بنەمای تەمەن و ساڵانی خزمەت و بڕوانامە، لەگەڵ ئەنجامدانی بایۆمەتری و كردنەوەی ھەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران، کە سەرەنجام دەرکەوت ٢٢ ھەزار دوومووچە ھەبووە و ڕاگیراوه و دۆسیەی فەرمانبەران پێداچوونەوەی بۆ کراوە، خانەنشینیی پلە باڵا جێبەجێ کراوە کە مانگانە نزیکەی ٣ ملیار دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت و لە بواری کەسوکاری شەھیدان کاری باش کراوە بۆ خانەنشینی پێشمەرگە و یەکخستنی یەکەی ٧٠ و ٨٠ و یەکەی پاسەوانی.
وه‌یسی سه‌عید هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی كرد: دەبێت بابەتی چەواشەكاری و موزایەدەی سیاسی و یاریكردن بە هەست و سۆز و قووتی خەڵكی كوردستان لە بابەتی چاكسازی دوور بخرێتەوە كە ستراتیژیی كابینەی نۆیەم بریتییە لە دابینكردنی مووچە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و باشتركردنی ڕەوشی ئابووری لەپێناو چاكتركردنی باری ژیانی هاووڵاتییان، بۆیەش ھیچ پێویست بە موزایەدەی سیاسی ناکات.
له دوابه‌شی گوته‌كانیدا ناوبراو گوتی: گرنگە لە داھاتوو کار بکرێت بۆ پەسه‌ندكردنی بودجە، بەتایبەت گەر بۆ یەكەمین جار بە پشتبەستن بە توانا داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بودجە ئامادە بكرێت، لەگەڵ ئەوەی ده‌رفه‌رتێكی زۆر باش دەبێت بۆ بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پەرەدانی زیاتر بە شەفافییەت كە بەشێكی گرنگی کارنامەی كابینەی نۆیەمە و بەمەش ھاووڵاتیان دەزانن داھات و خەرجی لە ھەرێمی كوردستان چەندە و ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەریی ھەیە لەسەر بەھێزكردنی متمانەی نێوان حكوومەت و ھاووڵاتی و ناردنی ڕاپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ چەندین جار لەلایەن حکوومەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، جددیەتی حکوومەت نیشان دەدات بۆ ئەنجامدانی چاکسازی كه بێگومان ئەو بابه‌تانه‌ی ئاماژه‌مان پێ دا پێمان دەڵێت حکوومەت کار دەکات بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی و بەھەنگاونانی زیاتر بەرەو حکوومەتێکی مۆدێرن و شەفاف لەپێناو زیاترخزمەتکردنی ھاووڵاتیان.
سه‌لاح جه‌لال




