مەحما خەلیل: پەنجا ملیار دینار دەخرێتە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگالەوە
__2023_03_26_h16m1s56__ER.jpg)
شنگال -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، دوای هەوڵێکی زۆر توانرا پەنجا ملیار دینار بخرێتە نێو سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشڵێت، لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پارەکە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال خەرج دەکرێت.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر داواکاریی ئێمە سندووقێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دیاری کراوە و لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقیش پەنجا ملیار دینار دەخرێتە نێو سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق ئەو پارەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال خەرج دەکرێت.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو دوای هەوڵێکی زۆر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق توانیمان سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابمەزرێنین و بودجەیەکی تایبەت بۆ شنگال خەرج دەکرێت.''
مەحما خەلیل ڕوونی کردەوە: ''جگە لەو پەنجا ملیارەی جێگیر کراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال پارەی دیکەش خەرج دەکرێت و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری دەڤەری شنگال دەچنە واری جێبەجێکردن، ئەمەیش ھەنگاوی زۆر ئەرێنین بۆ ئەوەی دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکرێت لەدوای کارەساتی وێرانکردنی شنگال.''
قائید میرۆ




