بۆ ڕێککەوتن دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لایەنەکان کۆبوونەوەی دیکە دەکەن

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لایەنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر خاڵە سەرەکییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام پێویستە لەبارەی وردەکارییەکانەوە ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت، بۆیە بڕیارە کۆبوونەوەی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنی کۆتایی بەڕێوە بچێت.
بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوار محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ماوەیەک بوو پشووی نەورۆز بوو، ئەمڕۆ دەوام دەستی پێ کردووەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەی دیکە بکرێت دەربارەی وردەکارییەکانی ڕێککەوتن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پێشتر لە کۆبوونەوەکاندا ڕێککەوتن لەسەر خاڵە سەرەکییەکان کراوە، بۆیە پێویستی بە کۆبوونەوەی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
هاوار محەمەد گوتیشی: لەسەر ئەو خاڵانەی کە سەرەکین، وەکوو سیستەمی بازنەیی و پێکهاتەکان و کۆمسیۆن ڕێککەوتن کراوە، بەڵام هەندێک وردەکاری هەن، پێویستە ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێت، بۆیە بەهۆی کەمیی کاتەوە گرنگە پەلە بکرێت و کۆبوونەوەی دیکە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکەین کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکە بکرێت و بگەنە ئەنجامی کۆتایی.
بڵند ئیبراهیم




