نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی دەوروبەری پردی دەلال ٩٥٪ی کارەکانی تەواو بووە

زاخۆ-KDP.info- فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنی شەقامەکانی دەوروبەری پردی دەلال لە زاخۆ گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی کارەکانی و تا ئێستا ٩٥٪ی کارەکانی تەواو بووە.
لەم بارەیەوە، هێژا محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "پرۆژەکە چەندین بەش لەخۆ دەگرێت و کۆی گشتیی گوژمەکەیشی شەش ملیار و ١٠٠ ملیۆن دینارە و کارکردن تێیدا بەردەوامە".
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەبارەی بەشە تەواوبووەکانی پرۆژەکەوە دەڵێت: "شەقامێکی دووسایدی ٣٠ مەترییە بە درێژایی ٢٢٠٠ مەتر، بۆڕیی ئاوەڕۆ بە درێژایی ١١٠٠ مەتر، ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژایی ٦٥٠ مەتر، کۆنکرێتکردن بە درێژایی ٧٠٠ مەتر و دانانی شۆستەکان بە شتایگەر بە درێژایی شەش هەزار مەتر.''
باسی لەوەش کردووە کە لە پرۆسەی قیرتاوکردنی شەقامەکە ٦٩ هەزار مەتر دووجا قیر بەکار هێنراوە و ١٣٢ ستوونی کارەباش بۆ ڕووناککردنەوەی شەقامەکە جێگیر کراوە.
دەربارەی جوانکاریی شەقامەکەش هێژا محەمەد دەڵێت: "هێڵکاریی تەواو بۆ شەقامەکە کراوە، دانانی هێماکانی هاتووچۆ و سەوزکردنی نێوان و دەوروبەری شەقامەکە ماوە".
ئەم پرۆژەیە، پرۆژەیەکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لەپێناو ئاسانکاریی هاتوچۆکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ کراوە.




