٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تائێستا لە کەرکووک بڕیارەکانی سەردەمی بەعس جێبەجێ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەھۆی بڕیارەکانی رژێمی بەعسی رووخاو تا ئێستاش کورد و پێکھاتەکانی دیکە دەناڵێنن و دوای ٢٠ ساڵ لە رووخانی ئەو رژێمە کار بەو بڕیارانە دەکرێت بۆ تەعریب کردن لە کەرکووک دژی کورد و زەویەکانیان داگیر دەکرێن، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بەشێوەی کاتی کێشەکان چارەسەرکراون تا ئەوکاتەی یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەردەچێت و کێشەکە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو کێشانەی زەویوزار و داگیرکردنی زەوی کوردەکان لە کەرکووک بەردەوامە و چارەسەرکردنیشی کاتییە و پێشتر چەندین جار ئەو کێشانە چارەسەرکراون و دوایین جاریش لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئەو بابەتەمان باس کرد، ھاوکات لیژنەیەکیش پێکھات بۆ ئەوەی رێگری لەوکارە بکرێت و زەوی کورد داگیر نەکرێت، چونکە ئەوەی دەکرێت بەلای ئێمەوە ھێڵی سوورە کە تائێستا لە شاری کەرکووک بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی بەعس جێبەجێ دەکرێت و ئەو بابەتەمان لەگەڵ ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش باسکردووە".

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "بۆ ئەو کێشەی ئێستاش ھەیە لە تۆپزاوە کە وەزارەتی بەرگری عێراق دەیەوێت زەوییەکان بخاتەوە سەر وەزارەتەکەی خۆی، ئەوە کاتی خۆی لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب ئەو کارە کراوە و زەوی کورد خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و بەرگری و نەوت، بۆیە قسەمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری کردووە کە رێگری لەو کارە بکرێت، بۆیە بە بەردەوامی لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".

عەبدوڵڵا ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە لەگەڵ ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار لە کەرکووک و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەشمان ئاگادار کردۆتەوە کە ھیچ پڕۆژەیەک پەسەند نەکەن ئەوانەی کێشەیان لەسەرە لە پارێزگای کەرکووک و تا ئەوکاتەی یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەردەچێت، چونکە لەرێککەوتنی پێکھێنانی حکوومەت دەرچوونی ئەو یاسایە یەکێک بووە لە خاڵەکان کە رێککەوتنی لەسەرکراوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار