ئۆفیسی کۆمسیۆن لە دهۆک: 28 هەزار کارتی دەنگدانی هاووڵاتیانمان لایە

دهۆک -KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق گوتی، پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان زۆر باش بەڕێوە دەچێت، بەڵام 28 هەزار کارتی دەنگدانمان لا ماوە و داوا دەکەین هاووڵاتیان بێن کارتەکانیان ببەنەوە، چونکە کارتی دەنگدانیان گەڕاوەتەوە.
بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، خالد عەباس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: 28 هەزار کارتی دەنگدانی هاووڵاتیان لای ئێمە ماوە و پێویستە هاووڵاتیان بێن کارتەکانیان وەربگرنەوە، چونکە کارتەکانیان گەڕاونەتەوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بێن وەربگرنەوە، بۆیە داواکارین بێن کارتەکانیان وەرگرنەوە.''
خالد عەباس گوتیشی: ''جگە لەوەش، بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی یەکەم جارە تەمەنیان گەیشتووەتە 18 ساڵ و دەتوانن دەنگ بدەن، ئێمە چەندین تیممان ئامادە کردووە و سەردانی قوتابخانەکان دەکەن وەکوو هاوکاری بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بکەن، چونکە ئەوانەی لەدایکبووی 2004 و 2005 ئەم جارە دەتوانن دەنگ بدەن.''
عەباس ڕوونیشی کردەوە: ''پڕۆسەی تۆماری دەنگدانیش زۆر باش بەڕێوە دەچێت و ڕێژەکەش زۆر باشە کە ڕێژەی تۆمار گەیشتووەتە 73% و ڕێژەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان گەیشتووەتە 96% و ئەوانەی لەدایکبووی 2004ن 60 هەزار دەنگدەر زیاد بووە و ئەوانەی 2005یش 70 هەزار دەنگدەر زیاد بووە کە دەکاتە 150 هەزار دەنگدەر.''
بڵند ئیبراهیم




