ئەمڕۆ دەنگ لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەدرێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دەنگ بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەدرێت و تێیدا داواکاریی کوردیش جێگیر کراوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
دکتۆرە ڤیان سەبری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و تێیدا دەنگ دەدرێت لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە نۆ ماددە لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو دەنگی لەسەر دراوە و هەندێک ماددە ماوە و ئەمڕۆ لەسەر کۆی ماددەکان دەنگ دەدرێت و پەسەند دەکرێت.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ''هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتنی لەسەر ئەو هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردووە و داواکاریی کوردیشی تێدا جێگیر کراوە، بۆیە ئەمڕۆ بڕیارە دوای کاتژمێر هەشتی شەو دەنگی لەسەر بدرێت.''
بڵند ئیبراهیم




