٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەقی گوتەکانی سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت

سەرچاوە: KDP.info

سه‌رۆك بارزانی بۆ (الشرق الاوسط): تورکیا و سوریا و ئێران سەریان سوڕمابوو، هەوڵیان دەدا لە كاردانەوەی ئەمەریکا تێبگەن، بەڵام هیچ وەڵامێكیان دەستنەدەكەوت

رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە ژمارەی دوێنێ یەكشەممە 19-3-2023 دیمانەیەكی لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی بڵاوكردۆتەوە، كە سەرنووسەری رۆژنامەكە غەسان شربل ئەنجامی داوە و ئەمەش دەقەكەیەتی:

غەسان شەربل لە پێشەكی دیمانەكەیدا دەنووسێت: هەرکاتێک سەردانی مسعود بارزانی دەکەم، دیدارەكە دەبێتە سێ قۆڵی، سێبەری سەدام حوسێن باڵ بەسەر دانیشتنەكە و ئامادەبوواندا دەكێشێت و دەرگای بیرەوەرییەكان دەكاتەوە، كاری رۆژنامەوانی وەها دەخوازێت كە بەدواداچوون بۆ چیرۆكی نێوان ئەم دوو پیاوە بكەم، كە ئەوەیش هەم جێگەی سەرنجە و هەمیش بە ئازارە، ویستویەتی من بەدواداچوون بۆ چیرۆکی ئەو دوو پیاوە بکەم کە ئەمەش جێگەی سەرنجە و بە ئازارە. سەدام حوسێن وایدەزانی كە رۆحی میللەت گەڕاندنەوەی شكۆمەندیی بۆ عیراق پێبەخشیووە و كردوویەتی بە ئەرك بەسەرییەوە، بەڵام مسعود بارزانی پێیوایە ئەوەی كە چارەنووس بۆی نووسیووە، ئەوەی ئەداكردووە، كە ئەویش پارێزگاریكردن بووە لە خەونی كورد.

هەولێر: غەسان شربل

وەرگێڕان:خه‌بات-سەردار حوسێن

ئەم سەدەیەی ئێستای عێراق بە دیمەنێک دەستی پێکرد، کە هێمای بۆ بەردەوامبوون دەكرد، لە باکوور کورد بەردەوام بوو لە سوودوەرگرتن لە ناوچەی دژە فڕین، لە بەغداش ڕژێمی سەدام حوسێن خەریكی نینۆككردنی پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان و گەمەكردن بوو لەبارەی مەرجەکانی (نەوت بەرانبەر خۆراک)، بەڵام مەترسییەكانی سەرکەوتنی ڕژێمی عێراق لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی کورد و شیعە، دوای ئەوەی ناچاركرا لە کوێت بکشێتەوە، هەر بەرچاو بوو.

ئۆپۆزسیۆن خەونی لەمێژینەی خۆی بۆ ڕووخاندنی ڕژێم هەبوو، بەڵام بەدووریشی دەزانی، پێیوابوو ناتوانێت بە هێزە تایبەتەكانی خۆی شکست بە هێزی سەربازی سەدام بهێنێت و هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكاش بۆ كرێ نەبوون، كە ئاسمانی عێراق دابپۆشێت و لایەنە عیراقییەكان بتوانن بەپێی بەرنامە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەكان و لەژێر چەتری هێزە ئاسمانییەكە هێرش بكەن، بۆیەش بوومەلەرزەیەک پێویست بوو بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان و دەبێ زۆریشی پێنەچێت، تا دەگەنەجێ.

فڕۆکە و تاوەرەکان

11ـی ئەیلول لە یادەوەری کورددا بزاڤێكی دیارە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆژەدا بوو لە ساڵی 1961، كە مەلا مستەفا بارزانی دەستی بە ڕاپەڕینی کورد کرد، تا ساڵی 1970 ڕووناكییەكەی بە گەشاوەیی مایەوە، ئەوكات بەپێی ڕێكکەوتنێک لەگەڵ حزبی بەعس کە دوو ساڵ پێشتر دەسەڵاتی وەرگرت بوو، لەم كاتەشدا مەلا مستەفا كوڕەكانی خۆی لەگەڵ بوون، بە مسعود بارزانییشەوە.

ئێمە ئێستا لە 11ـی ئەیلوولی 2001ـداین، مسعود بارزانی لە شاری دهوک بوو، مەسروری کوڕیشی لە تەنیشتی بوو، لەسەر شاشە تەلەفزیۆن بینیان فڕۆکەیەک خۆی بە تاوەرێكی بەرزدا كێشا، یەكەمینجار ئەو پێی وابوو کە کەناڵەکە فیلمێک پەخش دەکات، دواتر بینی فڕۆکەیەكی تریش خۆی بە تاوەرێكی دیكەدا كێشا، هەواڵەكان بە خێرایی گەیشتن، بارزانی بە دەوروبەرەکەی گوت: شتێکی گەورە و مەترسیدار لە ئەمه‌ریکا ڕوودەدات. ئەگەرچی ئەوەش زۆر بەدوور دەزاندرا كە وڵاتێك بە ناوێكی ناسراوەوە بتوانێت و بوێرێت، لەناوجەرگەی ماڵەكەی خۆیدا هێرش بکاتە سەر تاکە زلهێزی جیهان و ڕەمز و شکۆمەندی و سەرکەوتنەكانی بکاتە ئامانج.

ئەمه‌ریکا زلهێزێکی گەورەیە و خاوەنی هێزێكی سەربازی زەبەلاحە، کە توانای گەیشتن بە دوورترین گۆشەی زەوی هەیە. تەنانەت ئەوكاتەیش كە ئاشکرا بوو ئەلقاعیدە لە پشت هێرشەکەوەیە، ئەستەم بوو چاوەڕێی ئەوە بکرێت، کە ڕژێمی سەدام باجە قورسەکەی بدات. گریمانەی ئەوەی کە پەیوەندییەک لە نێوان ڕژێمی سەدام و ئەلقاعیدە هەبێت، زەحمەت بوو، چونکە هەریەکەیان لە فەرهەنگێکی دژبە یەكترەوە بوون، تەنانەت ئەگەر لە ڕقوکینەیان بەرانبەر ئەمه‌ریکا یاخود لێدوانەكانیان دژی ئەمەریکاش هاوڕابووببن، جگە لەوەش ئوسامە بن لادنی  ڕێبەری ئەلقاعیدە ڕژێمی بەعسی بە ڕژێمێکی کافر دەزانی.

ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان هەستی بەوە کرد، کە قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە، هەرچەندە هێشتا ڕەهەندی مەترسییەکانی ڕوون و ئاشكرا نەبوون، بۆیە بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی چاكبكاتەوە، هەروەهاش بۆ لێکۆڵینەوە لە خوێندنەوەی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە ئەگەری کاردانەوەی هێرشەکانی نیویۆرک و واشنتۆن، نێردراوی نارد بۆ تورکیا و سوریا و ئێران، بەڵام ئەم سێ وڵاتەش سەریان سوڕمابوو، هەوڵیان دەدا لە كاردانەوەی ئەمەریکا تێبگەن، بەڵام هیچ وەڵامێكیان دەستنەدەكەوت.

ئێران داوای شاندێکی دیكەی کرد، شاندەكە چوون و  لە هۆتێل (ئیستیقلال - هیلتۆن) لە تاران میوانداری شاندی کوردی کرد، بەڵام بە ئەنقەست و لە هەمان كات و شوێن میوانداری شاندێکی ڕژێمی سەدام بە سەرۆکایەتی تاهر جەلیل حەبوش بەڕێوەبەری ئیستخباراتی عێراقی كرا. پێشوازیكارانی ناو هۆتێلەکە شایەتحاڵی تەوقەكردنی نێوان ئەندامانی دوو شاندەکەدا بوون، بەغدا لە دڵەڕاوکێدا بوو، هەوڵی دەدا لە قۆناغی نوێ تێبگات و خۆی لە مەترسییەکانی دوور بخاتەوە، بۆیە پێشنیارێكی بۆ مسعود بارزانی نارد و ئامادەیی دەربڕی بۆ (هەر کارێک کە ئەو ئارەزووی بکات)، به‌ڵام ئەو سەرکرده کورده ، بینیى که زۆر كات درەنگ بووه و وێرانبوونی عێراق بەتەواوی كەوتۆتە رۆژەڤ، نەك تەنیا بەسڕا، بۆیە هیچ  ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەرده وام نابێت و دەبێتە عەیبەیەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستانەوە.

ئەمەریکا بریندار بوو، لەناوەوە دەکوڵا، جیهان لەبارەی تووڕەیی ئەمەریكاوە خەریکی پێشبینی بوو لەسەر شانۆکانی داهاتوو. ساڵی 2002 نیشانەی یەک لە دوای یەک هەڵدەگرێت، کە مسعود بارزانی وەک نیشانەیەک هەژماری کردووە و یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن. لە 30ـی كانونی دووەم، سەرۆک جۆرج بوش هێرشی توندی کردە سەر ڕژێمی عێراق و خستیە نێو میحوەرێکی خراپەکاری، کە لەگەڵ ئەوەدا ئێران و کۆریای باکووریشی گرتەوە. مانگی دواتر کۆڵین پاول، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا باسی لە پێویستی گۆڕینی ڕژێمی عێراق کرد و گوتی: ئەگەر پێویست بکات، ڕەنگە ئەمه‌ریکا بە تەنیا ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت. هاوكات تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش لە بەشداریکردن لەم ئۆرکێسترایە درێغی نەكرد.

مسعود بارزانی بەردەوامە لە یادەوەری ڕووداو و ناونیشانی ڕووداوەکان، بەخشندەیی لەگەڵ خواست و ویستی (الشرق الاوسط) دەنوێنێت بۆ بەدەستهێنانی وردەکارییەکان.

کۆبوونەوەیەکی نهێنی و چارەنووسساز

لە17ـی شوباتی 2002، مسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکیCIA دەكات، شاندەکە چەند دەستەواژەیەكی سەرنجڕاكێش پێشكەشی بارزانی دەكات، وەكو: ئەمەریکا بڕیاری ڕووخاندنی ڕژێمی سەدامی داوە - هێرشەکە لە چەند میحوەرێکەوە دەبێت - ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی ئێمەدا گرنگییەکی زۆری هەیە - ئێوە بانگهێشتكراون كە سەردانی واشنتۆن بکەن.

مسعود بارزانی لە وەڵامدا گوتی: کورد پشتگیری لە هەر پرۆسەیەک دەکات کە ئامانج لێی دامەزراندنی عێراقێکی دیموکراسی، فیدراڵی، فرەیی بێت و داوای گەرەنتی لە ئەمه‌ریکا دەکەن، کە ئایندەی گەلەکەمان تۆكمە و پارێزراو بێت، واشنتۆنیش دەتوانێت وڵاتانی دراوسێ ئاگادار بکاتەوە، کە ئێمە هیچ مەترسییەک بۆ سەر هیچ کەس و لایەنێک دروست ناکەین.

لە یەکی مانگی نیساندا، مسعود بارزانی بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی پارتەکەی، شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکای بە سەرۆکایەتی ڕایان کرۆکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بینی، شاندەكە هەڵوێستی ئەمەریکایان لەبارەی ڕژێمی سەدام بۆ نوێکردەوە و پێشنیاریان کرد، کە بارزانی لە 14ـی هەمان مانگدا سەردانی واشنتۆن بکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی جەلال تاڵەبانی. شاندەکە رێنمایی گرنگی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ناوماڵی کوردیشیان کرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرانبەر بەو شتانەی کە بەدەستهاتوون و داوای چارەسەرکردنی هەر گرژییەکیان لەگەڵ تورکیا کرد.

ئاماژەکان ڕوون و ئاشكرا بوون، بەڵام بارزانی که به ئاگری وڵاتە هەرێمایەتی و زلهێزەكان داغ ببوو، ، چاوەڕێی بیستنی هەڵوێست و قسەی ڕوونتر بوو. بە ناوەندە بەرزەكانی بڕیار.

ڕۆژی 15ـی نیسان، مسعود بارزانی سواری فڕۆکەیەکی تایبەت بوو، کە لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت چاوەڕێی بوو، بە یاوەری مەسروری کوڕی و هۆشیار زێباری یەكێك لە سەركردەكانی حزبەکەی، کە دواتر بووە وەزیری دەرەوەی عێراق. شاندی کورد بۆ ئەمریکا بەڕێكەوت، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و بافڵی کوڕی و بەرهەم ساڵح یەكێك لە سەركردەكانی حزبه‌كەی، كە ئەویش دواتر بووە سەرۆك كۆماری عیراق، لە واشنتۆن یەكیانگرتەوە. لە میوانخانەیەکدا کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ڤێرجینیا هەڵبژێردراوە، ئەم کۆبوونەوە گرنگە بەڕێوەدەچێت. لە لایەنی ئەمه‌ریکییەوە ماک لۆفلین جێگری سەرۆکیCIA و ژەنەڕاڵ واین داونینگ لە ئاسایشی نیشتمانی و ڕایان کرۆکەر لە وەزارەتی دەرەوە بەشدارییان کرد. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆبوونەوەکە بە بەشداری و هەماهەنگی کۆشکی سپی و هەواڵگری و کاروباری دەرەوە بووە.

لایەنی ئەمه‌ریکی بە جۆرێك قسەی کرد و ڕایگەیاند کە بڕیاری ڕووخاندنی سەدام دراوە و هیچ پاشگەزبوونەوەیەكی لێ نییە. ئەوان دەستەواژەی ڕاشکاوانەیان بەکارهێنا وەکو: ئەمەریکا بڕیاری داوە سەدام لە دەسەڵات دووربخرێتەوە - کورد دەبێت تەواوی مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت – ئەمه‌ریکا ڕازییە بە پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق - ئەمەریکا ڕێگە بە هیچ دەستتێوەردانێکی دەرەکی نادات - ئەمەریکا ئومێدێکی زۆری بە ڕۆڵی کورد هەیە لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئۆپۆزسیۆنی عێراق”.

هەڵوێستی لایەنی ئەمه‌ریکی ڕوون و بێ دوودڵی بوو، وەڵامی کورد لە هەمان ڕووەوە بوو. كوردەكان گوتیان مادام ئەمەریكا کۆتایی خۆی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام داوە، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، تا ئەوکاتەی بەدیلی ڕژێمی عێراق بەدیلێکی دیموکراسی بێت و فیدراڵی بۆ کوردستان پەسەند بکرێت، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین و بەڵێن دەدەین بۆ یەکخستنی ئۆپۆزسیۆن هەنگاو بنێین.

ئەوشەوە مسعود بارزانی وێستگە ئازاربەخشەکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ زلهێزەکان و هەندێک وڵاتی ناوچەکە وەبیرهاتەوە. ئەو ئەوەشی لەبیرنەچۆتەوە کە هێنری کیسینجەر وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا لە ڕازیکردنی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 لەگەڵ سەدام حوسێن ئیمزای كرد. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئێران هەموو پشتیووانییەکانی بۆ شۆڕشی کورد ڕاگرت، کە لە ئەنجامدا تووشی داڕمانێکی ترسناک بوو. هەروەها لەبیری ناچێت كە یەکێتی سۆڤیەت ئەگەرچی هاوکارییەکی کەمی بۆ کوردەکانی عێراق دەکرد، دوای ئەوەی بەغدا لە ساڵی 1972دا (پەیمانی دۆستایەتی و هاوکاری) لەگەڵ مۆسکۆ واژۆکرد، لێیان دوور کەوتەوە. سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێش، هەندێک جار تێگەیشتنیان بەرانبەر کوردەکان هەبووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لێبووردەیی بەرانبەر کوردەکانی خۆیان ناکەن، بۆیەش زۆرجار بە مەبەستی جوڵاندنی “کارتی کوردی” مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات و ترسی ئەوەشیان هەیە لە نەخشەی دیکەدا مافی خۆیان بەدەست بهێنن.

ڕۆژی 18ـی نیسان، فڕۆکە تایبەتەكە شاندی کوردی گەڕاندەوە بۆ فرانکفۆرت. لەو شارەدا “ من و مام جەلال ڕێککەوتین کە هەموو هەوڵ و كۆششێكمان بخەینەگەڕ و هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ گونجاندن و هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان ئەنجام بدەین”.

لە فرانکفۆرتەوە مسعود بارزانی و شاندی یاوەری بەرەو پاریس بەڕێکەوتن. بەرپرسانی فەرەنسا لەوە دڵنیا بوون کە ئەمه‌ریکا بڕیاری کۆتایی داوە بۆ ڕووخاندنی سەدام حوسێن، هەر بۆیە پرسیارەکانیان لەسەر بەدیلەکە بوو، مسعود بارزانی دووپاتی کردەوە، کە بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق دەگاتە بەدیلەکە، هەروەها پێویستە سیستەمی داهاتوو دیموکراسی و فیدراڵی بێت و مافی پێکهاتە جیاوازەکان زامن بکات.

دوای پاریس، شاندەکە بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتن. مسعود بارزانی پێی وابوو ئەو پەیوەندییەی لە سەردەمی حافز ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاوە لەگەڵ سوریادا هەیە، کورد پابەند دەکات بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆک بەشار ئەسەد و پایەکانی حوکمڕانییەکەی. گوتیشی: دوای قسەکردن لەسەر بارودۆخی گشتی ناوچەکە، پرسیارمان لە ئەگەری لابردنی ڕژێمی عێراق کرد، ئاگادارمکردنەوە کە پێشتر بڕیاری کۆتایی دراوە و هەستم کرد کە ئەمە زۆر دڵخۆشکەر بوو و دڵخۆشی کردن. سەبارەت بە ئایندەی عێراق دڵنیامکردن کە هیچ پلانێک بۆ دابەشکردنی عێراق نییە و ڕێگە بە هیچ دەستتێوەردانێکی دەرەکی نادرێت. سەبارەت بە وادەی جێبەجێکردنی بڕیاری لابردنی ڕژێمی عێراق پێمگوتن تەنیا ئەمه‌ریکییەکان ئەوە دەزانن. جێگری سەرۆک کۆماری سوریا بە تەواوی بڕوای بەوە هەبوو، کە ئەمەریکا دەستتێوەردانی سەربازی لە عێراقدا ناکات و ئامادەبوو گرەو لەسەر ئەوە بکات.

واشنتۆن ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت

لە سەرەتای هاویندا، ئاماژەکان دەرکەوتن کە ڕەنگە ئەمەریکا لە بڕیارەکەی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی عیراق پاشگەز بووبێتەوە، یان لە ئامادەکارییەکانیدا سستی کردبێتەوە. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ گفتوگۆی بەرفراوان کە لەلایەن هۆشیار زێباری و نێچیرڤان بارزانی لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو. ڕۆژی 21ـی تەمموز، شاندێکی پسپۆڕ و شارەزای ئەمه‌ریکی گەیشتنە شاری هەولێر، بە سەرۆکایەتی چارڵز فێتیس ناسراو بە سام.

گفتوگۆکان لەگەڵ ئەم تیمە دەرکەوت کە تورکیا ترسی ئەوەی هەیە گۆڕانکاری لە عێراق ببێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت، تورکیا زۆر گوشار لە ئەمەریکا دەکات و داوای پارەیەکی زۆر دەکات. ئێمە هاتووین بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، تورکیاش بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێنادرێت دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکەدا بکات. سەرهەڵدانی گرژییەكانیش لە تورکیا لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستێوەردانی سەربازی ئەمه‌ریکا زیاتر دەبێت.

لە مانگی تەمموزدا وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا ژمارەیەک سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کرد. جەلال تاڵەبانی پێشنیاری مانۆڕکردنی کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی. مسعود بارزانی بەشداری کۆبوونەوەکەى نەکرد، چونکە سوریا ڕازی نەبوو فڕۆکەیەکی تایبەت وەربگرێت، کە لەلایەن ئەمه‌ریکاوە نێردراوە بۆ گواستنەوەی لە قامیشلۆوە. لە کۆبوونەوەکەدا هۆشیار زێباری نوێنەرایەتی مسعود بارزانی کرد، کە هەریەک لە جەلال تاڵەبانی، ئەیاد عەللاوی، ئەحمەد چەلەبی، عەبدولعەزیز ئەلحەکیم و شەریف عەلی بن ئەلحوسێن ئامادەی بوون. شاندەکە چاویان بە ڕامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەمریکا و ژەنەڕاڵ مایرز سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا کەوت. ڕامسفێڵد قسەی كرد و گوتی: سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی عێراق سیاسەتێکی سەرکەوتوو نییە. دەبێت هێرش بۆ سەر عێراق لە باشوور و باکوورەوە لە یەک کاتدا دەست پێبکرێت.

ئێران چاوی لە پێشبینیکارانی گەردەلوولەکەی ئەمریکا بوو، کە هەڕەشەی لێدانی ڕژێمی سەدامیان دەکرد. لە نێوان ئێران و فەرمانڕەوای عێراق ساڵانێک شەڕ و دەریایەک ڕق و کینە هەبوو. بۆی قورس بوو بە ئاشکرا پشتگیری لە داگیرکاری ئەمەریکا بكات، کە پێشبینیکردنی کاریگەری و سنوورەکانی ئەم هێرشە بۆی ئەستەم بوو. لەهەمان کاتدا هەستی بەوە دەکرد کە لە ڕیشەکێشانی ڕژێمی سەدام دیوارێکی بەردەمی لادەچێت، کە ڕێگری لە جوڵەی ئەو لە عێراق و ناوچەکەدا دەکرد. باشترین دەربڕینی ئاسانکاری ئێران بۆ ئەرکی ئەمەریکا بەشداریی ئەو لایەنە عێراقیانە بوو، كە پشتیوانیان لێدەکرد، لە وتووێژەکانی ئۆپۆزسیۆن کە پێش شەڕەکە بوو، ئامانجی دابینکردنی زەمینەیەکی عێراقی بوو بۆ ڕەگ و ڕیشەی ڕژێم لەسەر دەستی ئەمریکییەکان. پێشهاتەکانی دواتر دەریخست کە ئێران کە بڕیارێکی بۆ ئاسانکاری بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام دا، لە هەمان کاتدا بڕیارێکی هاوتەریبی دا کە ناوەڕۆكەكەی بریتی بوو لە تێکدانی سەقامگیری و بوونی سەربازی ئەمەریکا لە عێراق و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی ڕژێمێکی سەقامگیر و لایەنگری ڕۆژئاوایی لە بەغدا. هەروەها دەرکەوت کە دیمەشق بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بڕیارێکی هاوشێوەی داوە. ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسداران، ئەرکی ڕێکخستنی پرۆسەی جوولەكانی سوپای ئەمەریکای پێدەسپێردرێت، کە لە لایەنی ئەفغانی و عێراقی ئێرانەوە بەیەکەوە گرێدراوە.

ئەمەریکا بڕیاری چوونە شەڕی دا و هەموو دامودەزگاكانی سەرقاڵی گەڕان بەدوای بیانوویەکدا بوون بۆ ئەوەی ڕای گشتی ئەمەریکا و نێودەوڵەتی ڕازی بکەن. تۆمەتەکانی ڕژێمی بەعس بە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئەلقاعیدە بە سەرۆکایەتی ئوسامە بن لادن و تۆمەتبارکردنی بە هەڵگرتنی چەکی کۆمەڵکوژ و هەروەهاش باسی تاقیگەی بایۆلۆژی گەڕۆکیش دەکرا. مسعود بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کە حزبەکەی لە نزیکەوە یان دوورەوە بەشداری نەکردووە لە دابینکردنی ئەو جۆرە بیانووانەی کە لە میدیاکان و هەروەها لە خودی ئەنجوومەنی ئاسایشدا بەکارهێنراون.

ترس و گرێیەكانی تورکیا

شەڕ نزیک بووەوە و ترسی تورکیا پەرەی سەند. کەسێک هات بۆ ئاگادارکردنەوەی بارزانی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی تورکیا و ژەنەڕاڵ تۆمی فرانک، فەرماندەی ئەمەریکی. شاندی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا چوار داواکارییان خستەڕوو کە بریتین لە: نابێت هیچ دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێ و پێکبێت - نابێت ڕێگە بە کورد بدرێت شارەکانی موسڵ و کەرکوک کۆنتڕۆڵ بکات - تورکیا دەبێت قسەی هەبێت لەسەر ڕژێمی نوێی عێراق - کورد نابێت بەشداری لە ڕووخاندنی ڕژێمی ئێستای عێراق بکات.

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆپۆزسیۆن، باڵیۆز زالمای خەلیلزاد، کوردی ئاگادار کردەوە کە بەشداری تورکیا لەو هاوپەیمانییەی کە سەدام دەڕووخێنێ، گرنگ و پێویستە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕوون بوو کە پلانی ئەمریکا بریتییە لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام لە باشوور و باکوورەوە. ئەمەش بە واتای دەستپێکردن لە خاکی تورکیا و پێشڕەویکردن لە دەروازەی سنووری زاخۆ. هەڵوێستی کورد ڕوون بوو بە ڕەتکردنەوەی هەر بەشدارییەکی سەربازیی ناوچەیی، چ ئێرانی بێت یان تورکیا. گفتوگۆکان پڕ لە گێژاو بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەرکەوت کە تورکیا پێویستی بە ناردنی هێزەکانی بۆ موسڵ و کەرکوک هەیە بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕووخاندنی سەدام بکات و ڕێگە بە هێزەکانی ئەمریکا بدات کە زەویەکانی بەکاربهێنن. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا، وەرەقەیەک خرایە بەردەست مسعود بارزانی کە بەیاننامەیەکی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای تێدابوو، تیایدا باسی لەوە کرد کە هێزەکانی تورکیا دەچنە باکووری عێراق و پێشمەرگە لە چەک دادەماڵن.

وەڵامی مسعود بارزانی بۆ ئەمە یەكلاكەرەوە وتوند بوو، گوتی: ئێمە شەڕیان لەگەڵ دەكەین (سەربازانی تورکیا)، جا ئەوان لەگەڵ ئێوە بێن یان بە تەنیا خۆیان بێن. لە حاڵەتی یەکەمدا بە تیرۆر تۆمەتبار دەکرێین و لە حاڵەتی دووەمیشدا ڕووبەڕووبوونەوەکە دوولایەنە و لە چوارچێوەیەکی دیکەدا دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، دەزانم تورکیا دەوڵەتە و سوپایەکی بەهێزی هەیە، بەڵام پێشمەرگە پێی باشترە بەسەر تەرمی مردووەکانیاندا تێپەڕێت نەک چەکەکانیان ڕادەست بکەن. لەوەش زیاتر ڕۆیشت و گوتی: ئەگەر بە تەنیاش بمێنمەوە شەڕیان لەگەڵ دەکەم و لە زاخۆ چاوەڕێیان دەکەم.

ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تورکیا ڕووی نەدا. لایەنی ئەمەریکی مەرجەکانی قبوڵ نەکرد، پەرلەمانی تورکیاش ڕێگەی بە هێزەکانی ئەمریکا نەدا بە خاکی وڵاتەکەیدا تێپەڕن، بۆیە هێزە ئەمریکییەکان کە لە کەشتییەکاندا لە کەناراوەکانی تورکیا جێگیر بوون، ناچار بوون شوێنی مەبەستیان بگۆڕن.

شەڕ لە ئارادایە، بەڵام ئیدارەی ئەمەریکا هاوپەیمانەکانی لە وادەی یەکەم هێرش ئاگادار نەکردەوە. شەوی 19 تا 20ـی ئاداری 2003 شەڕ هەڵگیرسا و ڕووخساری عێراقی گۆڕی و لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەنگییەکانی هەرێمایەتییەكانی گۆڕی.

برینێکی ئەمه‌ریکی و بۆشایییەکی نێودەوڵەتی

هێرشەکانی ١١ـی ئەیلوول برینێکی قووڵی لە ڕۆحی “تاکە زلهێز”دا بەجێهێشت. هەندێک لە سەركردەكانی ئیدارەی جۆرج بوش پێیانوابوو ئەو هێرشانە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن، کە لەو ڕۆژەوەی دیواری بەرلین ڕووخاوە و یەکێتی سۆڤیەت خۆی هەرەسی هێناوە، ئەمەریکا شایەنی ئەو نازناوەیە،. لە نێویاندا ئەو کەسانەش هەبوون کە پێیان وابوو “جیهان توندڕەوی و تیرۆریزم بەرهەم دەهێنێت” بۆیە بە چارەسەری سه‌ربازی دەبێتە هۆی چاندنی تۆوی دیموکراسی لە جیهاندا.

هیچ بەرەیەکی نێودەوڵەتی نەبوو کە قورسایی ئەوەندە هەبێت ئەمه‌ریکا لە سەرگەرمییەکەی دوور بخاتەوە. سەرۆک ڤلادیمێر پوتین سەرقاڵی دووبارە ڕێكخستنەوەی ڕووسیا بوو، دوای ئەوەی لە سەردەمی بۆریس یڵتسین سەرۆکی پێش خۆی، نزیک بوو لە هەڵوەشانەوە، هەروەها پێویستی بە گەڕاندنەوەی توانا و رۆحیەتی سوپای ڕووسیا و ڕاگرتنی تاڵانی ئەو وڵاتە لەسەر دەستی بەشێک لە ڕۆڵەکانی بوو. هێشتا زوو بوو ئەو سەرۆکەی کە لە کەی جی بیەوە هاتووە، ئاشکرای بکات کە پڕۆژەیەکی گەورەی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژئاوا و هاوشێوەكانی هەڵگرتووە. چین لە سەرەتای سەدەدا حەزی لەوە نەبوو خۆی لە شێوەی زۆرانبازێكی گەورەدا پیشان بدات کە تەحەدای کاریگەرییەکانی ئەمەریکا بکات لە جیهاندا. پێویستی بە کاتێکی زیاتر بوو بۆ ئەوەی ببێتە دووەم گەورەترین ئابووری جیهان و دەستکەوتی زیاتر لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بەشداریکردن لە پێشبڕکێی تەکنەلۆژیادا.

مسعود بارزانی تەماشای دیمەنە نێودەوڵەتییەكەی دەکرد. ناڕەزایەتییە گەورەکە لە لایەن جاک شیراکی سەرۆکی فەرەنسا بوو. لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە پراگ بەڕێوەچوو، شیراک بە بۆشی گوت، هەڵگیرسانی شەڕێک ناسەقامگیری ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە، یەکێک لە ئەنجامەکانیش هێنانی لایەنگرانی ئێرانی دەبێت بۆ دەسەڵات لە بەغدا، هەروەها بەهێزکردنی نفوزی تاران لە دیمەشق و لە لوبنان لە ڕێگەی (حزب الله) بوو، هەروەهاش ئەم شەڕە شەرعی نابێت. ئیدارەی بوش بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر هەڵوێستی هەندێک لایەن نەوەستا، بەتایبەتی کە تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەشداری لەگەڵ ئەمەریکادا هەڵبژارد.

واده‌ی شەڕەکە نزیك بۆوه‌، پێویست بوو گرنگی بەو وڵاتانە بدرێت، کە هاوسنوورن لەگەڵ عێراق و بەتایبەتیش ئێران. زۆر کەس بە پرسیارێکی ئاڵۆزەوە سەرقاڵبوون: ئایا ئێرانی خومەینی دەتوانێت ئاسانکاری بۆ ئەرکی (شەیتانی گەورەی ئەمه‌ریکی) بکات لە ڕووخاندنی دوژمنی ژمارە یەک، سەدام حوسێن؟

پێشبینی ئێران بۆ سەرکەوتنێكی گەورە

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو شتانەی کە شاندی کورد لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا لە نیسانی 2002 بیستبووی، كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە لەندەن لە کۆتا مانگی ساڵدا بەڕێوەچوو. لە كۆنگرەكەدا حزبی دەعوە و حزبی شیوعی،هەروەها حزبی بەعسی لایەنگری سوریا ئامادە نەبوون. مسعود بارزانی حەزی لە ڕوونکردنەوەی واقیعی هەڵوێستی ئێران بوو، بەتایبەتی کە تاران توانای یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ کاریگەری لەسەر هەندێک لە هێزە عێراقییەکان.

مسعود بارزانی دەڵێت: ئەو دژایەتیانەی لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆن لە لەندەن سەریانهەڵدا، وای لێکردم سەردانی تاران بکەم. لەوێ چاوم بە هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆکی ئەوكاتەی ئێران کەوت. من حەزم دەکرد هەڵوێستیان بزانم، نەک تەنیا لەسەر پرسی شەڕی ئەمەریکا، بەڵکو لەسەر ئەو كلێشەیەش کە بۆ دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی ڕێککەوتنی لەسەر کرا، واتە كلێشەیەكی دەستووریی بۆ هەرێمی کوردستان. ڕەفسەنجانی وەک هەمیشە نەرم و نیان بوو، بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی، واقیعبینانە قسەی دەکرد. باسی لەوەشکرد، ڕووخانی سەدام بە سەرکەوتنێکی گەورە دەزانن، بەڵام ناتوانن پشتیووانی تەواو بۆ ئەو پرۆسەیە بکەن، کە دەبێتە هۆی لە دەسەڵات لادانی سەدام. ڕەفسەنجانی پشتیووانی عێراقێکی فیدراڵیشی کرد و ئەم بەشەی دیدارەكەش بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو.

بارزانی دەشڵێت: لەو سەفەرەدا ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانیشم ناسی. كە تا ئەوكات نەناسرابوو، وەک ئەوەی لە ساڵانی دواتردا ڕوویدا، بەڵام بەرپرسی مەلەفی عێراق بوو. هەروەها مسعود بارزانی لەگەڵ محەمەد باقر ئەلحەکیم کۆبووەوە و داوای لێکرد ئامۆژگاری شاندی (ئەنجوومەنی باڵا) (شیعه‌) بکات، کە لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە قۆناغی دوای ڕژێمدا واقیعبینتربن. دواتر کە کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە سەڵاحەدین لە کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو، دەرکەوت کە تاران گڵۆپی سەوزی بۆ هاوپەیمانەکانی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی ڕووخاندنی ڕژێمدا هەڵكردووە.

ئێران بڕیاری ئاسانکاری بۆ ڕووخاندنی سەدامی هەڵبژارد. لەهەمانکاتدا ژەنەڕاڵ سولەیمانی، ئامادەکاری بۆ تێکدانی سەقامگیری و بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی ڕژێمێکی سەقامگیری لایەنگری ڕۆژئاوای پێ سپێردرا.

پرسیارم لە مسعود بارزانی کرد: ئایا ئێران یەکەم لایەنە کە بوونی سەربازیی ئەمەریکای لە عێراقدا بە مەبەستی سوودوەرگرتن هەڵبژاردووە؟ ئەویش بە ئیجابی وەڵامی دایەوە. لێم پرسی: ئایا ئەمەریکییەکان ئێران بە ئامانجی دووەمی دوای عێراق دەزانن، ئەویش گوتی: لەو کاتەدا چیرۆک هەبوون، کە دەیانگوت عێراق یەکەم ئەڵقەی بەرنامەیەکی ئەمەریکییە بۆ ناوچەکە، کە دواتر کردەوەی سەربازی لە دژی ئێران و سوریا ئەنجام دەدات، ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە کاتی کۆبوونەوەکانمدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، جا مەدەنی بووبێت یان سەربازی، هەرگیز ئاماژەیەكی لەمجۆرەم نەبیستووە. ئەمەریکییەکان هیچ ئاماژەیەکیان بەم ئاراستەیە نەکرد، ڕەنگە ئەو جۆرە قسەیە تەنیا شیکارییەک بووبێت یان لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە بۆ دروستکردنی گرژیی زیاتر لە ناوچەکەدا دەستی پێکردبێت. ئەمریکییەکان لەلای من گلەیییان لە ڕۆڵی ئێران کرد، دواتر گلەیییان لە ڕۆڵی سولەیمانی کرد لە پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانەی کە ئەوان دەکەنە ئامانج، بەڵام هەرگیز باسیان لە بەئامانجکردنی ئێران خۆی یان سوریا نەکرد، کە تۆمەتباریان کرد بە کردنەوەی سنوورەکانی بۆ دزەکردنی چەکدارە و توندڕەوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

ئەحمەدی نەژاد سه‌ردانی عێراقی داگیرکراو دەكات

دواتر تاران پەیامی زیاتر دەنێرێت، کاتێک ئەنجوومەنی حوکم پێکهات، جەمسەرەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەوانەی لایەنگری ئێران بوون لە پێگەكانیاندا هاوشێوەی ئەوانی دیکە دابەش بوون. پەیامێکی دیکە لە ساڵی 2007 گەیشت، فڕۆکەیەک کە سەردانکەرێکی نائاسایی هەڵگرتبوو لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە. سەرۆک مەحمود ئەحمەدی نەژاد هاتە عێراقی داگیرکراو، وەک ئەوەی بیەوێت ئەوە بیر بخاتەوە کە ئێران بەشێکە لە چارەنووسی جوگرافیای عێراق و دوای ئەوەی ئەمەریکییەکان ماندوو دەبن و بڕیاری کشانەوە دەدەن، بەڵام ئێران وەك دراوسێ هەر دەمێنێتەوە.

ئەحمەدی نەژاد بە چاوی خۆی شایەتحاڵی جێگیربوونی سەربازیی بەرفراوانی ئەمەریکا بوو کە بە 170 هەزار سەرباز مەزەندە دەکرا. هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق، خزمی مەسعود و ئەندامی سەرکردایەتی لە حزبەکەی، سەرۆکی شاندی پێشوازی بوو کە یاوەری ئەحمەدی نەژاد بوو. پەیوەندی بە بازگەکانی ئەمەریکایییەكانەوە كرا کە کاروانی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكی میوان ڕانەگرن، بەڵام یەكێك لە بازگەكانی پشكنین سەرپێچی ئەوە كرد کە ڕێککەوتنی لەسەر كرابوو، دەرکەوت ئەوانەی لە بازگەكە بوون ویستوویانە وێنەیەک لەگەڵ سەرۆکی سەردانیکار بگرن. سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهیچ شێوەیەکی ئەوەی رەتنەكردەوەو بەلایەوە گرینگ نەبوو، بەڵام شاندی هاوڕێی ئامۆژگارییان کرد کە لە ئۆتۆمبێلەکەی دانەبەزێت.

ڕەتیکردەوە سووكایەتی بە سەدام بکات

خەونی ڕووخاندنی سەدام بۆ دەیان ساڵ یاوەری مسعود بارزانی بوو، سەرەڕای زۆریی ئاگربەست و ڕێککەوتنەکان. هەمیشە مەریجی ئەوەبووە كە لەگەڵ هیچ پلان نەبێت دژی خەریکی دەسەڵاتداری بەغدا، دەبێت بەدیلەکەی دیموکراسی و فیدراڵی بێت. مسعود بارزانی لە زیندان هەوڵی سەردانیكردنی سەدامی نەدا، نەدەچووە دانیشتنەکانی دادگا. هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە کورت دەکاتەوە: “سووكایەتیكردن بۆ پیاوان شەهامەت نییە”. سەرەڕای ئەوەی كە لەسەر دەستی سەدام بەسەر کورددا هات، مەسعود بارزانی دان بەوەدا دەنێت، کە لە سەرەتاوە بوێرترین کەس بووە، لە نزیکبوونەوەی مافی کورد بۆ خۆبەڕێوەبردن.

دوای ڕووخانی پەیکەری سەدام هەموو دونیا چاودێری بارودۆخەكەی دەكرد و بە بە کۆتایی قۆناغەكەیان دەزانی و واشبوو، مسعود بارزانی بە کەوتنی دوژمنەکەی ئاسوودە بوو، بەڵام ترسی ئەوەی هەبوو عێراق لە یەکلاکردنەوەی هاوكێشەكاندا لەنێو خوێناودا بخنکێت، ئەو لەم بۆشاییە دەترسا کە بە دوورخستنەوەی سەدام دروست دەبێت، ئەو سەدامەی كە دەیان ساڵ بڕبڕەی پشتی ڕژێم بوو. ئەو ترسی لە پێکدادان لە نێوان شیعە و سوننە هەبوو، هەروەها لە نێوان عەرەب و کورد. هەروەهاش ترسی ئەوەی هەبوو زلهێزەکانی ناوچەکە عێراق وەک گۆڕەپانێک بۆ خەونە کۆن و نوێیەکانیان تەرخان بكەن. دواتریش بە تێپەڕبوونی کات دەركەوت کە ترسەکانی مسعود بارزانی ڕەوا بوو، چونکە پێش ئەوەی عێراق هەناسە وەربگرێت، خوێنێكی زۆر لە ناو بەغدا و دەرەوەی بەغداش ڕژا.

هەموو هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق کاریان دەکرد و ئەنجامەکەی پێشوەختە زانرا. سوپای عێراق کە لە شەڕێكی تاڵ و خوێناوی لەگەڵ ئێران و دواتریش لەشکرکێشی بۆ سەر کوێت هیلاك و ماندووبوو، بەهەمان شێوەش بەدەست گەمارۆ سەربازی و ئابوورییەكەوە دەیناڵاند، لە ڕووی ئامادەیی و تەکنۆلۆژیا و تواناکانییەوە کەلێنێکی بەرفراوانی لێ دروست ببوو، جگە لەوەش عەقڵیەتی سەدام عەقڵیەتی جەنگاوەرێکی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم بوو، بۆیەش لە کاتی شەڕی لەگەڵ ئێراندا هاتە کۆبوونەوەی ئەفسەرانی باڵای سەربازی، نامیلكەیەكی جۆزێف ستالینی ڕێبەری سۆڤیەتی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو.

مسعود بارزانی ترسی ئەوەی هەبوو لە بەرانبەر ئۆپەراسیۆنەكاندا سوپای عێراق لە ناوچە کوردنشینەکان بەرەوڕووی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە ببنەوە، كە ئەو سوپایە رۆڵێكی ستەمكارانەی لە ئەنفال و وێرانكردنی گوندە كوردییەكان بینی بوو. بۆیە فەرمانە توندەکانی خۆی دەرکرد و ئامانجەكانیشی پێكا، نزیکەی 15 هەزار ئەفسەر و سەرباز خۆیان ڕادەست کرد، كە لە کەمپەکاندا کۆکرانەوە و خواردن و چاودێرییان بۆ دابینکرا، پێش ئەوەی بڕۆن و بگەڕێنەوە بۆ شارو ناوچەکانی خۆیان. بەڵام بەگشتی ناوچەکانی کوردستانی عێراق شایەتحاڵی ئۆپەراسیۆنی شەڕکەر نەبوون و سوپاش نەیتوانی ڕووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ببێتەوە.

کاتێک ڕژێمی سەدام ڕووخا، مسعود بارزانی دەڵێت: ئایەتە بەرزەکەم بیرکەوتەوە: (قل اللهم مالك الملك تؤتی الملك من تشاء وتنزع الملك ممن تشاء وتعز من تشاء وتذل من تشاء بیدك الخیر إنك على كل شیء قدیر). هەروەها ئەو ڕۆژەی بەبیرهێنایەوە کە ئەوكاتەی گەنج بووەو دوای ئەوەی کۆمەڵکوژییەی كۆشكی ریحابی بینیووە، لە ساڵی 1958دا لە شوێنێکدا لەوێ دەستەواژەیەکی خوێندۆتەوە کە نووسراوە کە “ان الظلم لایدوم، واتا: زوڵم بەردەوام نابێت”.

سەرسوڕهێنەر و دۆڕاو لە بەغدا

لە بەغدا دۆخێکی سەرسوڕمان و ونبوون بەسەر هەموواندا زاڵ بوو. ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دوای شۆڕشی 1958 ڕاهێنانیان بە هێزەکانی عێراق نەکرد بۆ ئەوەی لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و بگەنە خاڵە هاوبەشەکان، کەواتە چۆنە کاتێک باس لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دەکرێت؟ ئەو لایەنانەی كە دژایەتی سەدامیان دەكر و بارەگایان لە بەغدا نەبوو لەوێ بوون. بە پەلە چوومە پایتەخت، مسعود بارزانی و تیمەکەی لە هۆتێلی (برج الحیاە) مانەوە، کە بوو بە شوێنێک بۆ وتووێژ و کۆبوونەوە. ئەو هێزانەی گەڕانەوە بۆ بەغدا ئامادە نەبوون بۆ ڕێککەوتن و دەرفەتێکیان لەدەستدا. مسعود بارزانی دەڵێت: ئەمەریکا جەنەڕاڵ جەی گارنەری وەک حاكمی کاتی عێراق ناردووە و داوای لە هێزە عێراقییەکان کرد، کە ڕازی بن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی کاتیی بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ئەم حكوومەتە. زلهێزە ئامادەبووەكان رازی نەبوون كە ناكۆیییەكان بەلاوەبنێن و تەنازول بۆ یەكتر بكەن، هەر یەكەیان ئەوكاتەیان بە دەرفەتێكی مێژوویی دەزانی تا زۆرترین پێگە و ئیمتیاز بۆ خۆی دەستەبەر بكات، بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک عێراقییەکان نەیانتوانی لەسەر شێوازێكی حوكمڕانی  ڕێکبکەون کە بتوانێت عیراق لە ئازاری زیاتر بپارێزێت.

ئەحمەد چەلەبی مكوڕبوو لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکوومەت بوو، ئەو پێداگیری لەسەر ڕێککەوتن دەکردەوە و دەیگوت دەبێت ئەمە بە ئەنجام بگەیەنین پێش ئەوەی سەرمان بسوڕمێ لە بڕیارێک کە کارتەکان تێکەڵ بکات و پرسەکە ئاڵۆزتر بکات. چەند جارێک جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکە کردەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین. دوای هەر کۆبوونەوەیەک دەگەڕاینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. ئەم پۆستە بۆ فڵان و ئەوەیتریش بۆ حزبێکی تر. لە وتووێژەکان جیاوازی زۆریان خستەڕوو، ئەوەی چەلەبی چاوەڕێی دەکرد ڕاست بوو. ژەنەڕاڵ گارنەر بۆ ماوەیەکی زۆر نەمایەوە و پۆڵ بریمەریش بەدوایدا هات و پێشهاتێکی گەورە ڕوودەدات، ئەویش گۆڕانی خواستەکەی ئەمەریكایە، بۆ دەسەڵاتێکی داگیرکەر.

سزای لەسێدارەدانی بەسەر پیاوێكی مردوودا

مسعود بارزانی بڕیارەكەی بریمەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ کەسێکی مردوو دەچوێنێت. ڕوونی دەکاتەوە: هێرشی ئەمەریکا بووە هۆی هەڵوەشانەوە و شیبوونەوەی سوپای عێراق. ئیتر سەربازگە و یەكەی سەربازی و سەرکردایەتی و پلە نەما، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سووپا ڕەوا نەبوو. باشتر وابوو بڕیارێکی خێرا بۆ ڕێکخستنەوەی سووپا لەسەر بناغە نیشتیمانی و دیموکراسییە دروستەکان بدرێت. بارزانی ڕەتیشیکردەوە کە بزانێت پلانێک لەو کاتەدا هەبووبێت، كە بەپێی ئەو پلانە ئەفسەر و سەربازە عێراقییەکان ڕۆڵیان هەبێت لە پاراستنی ئاسایشی شارەکان، بۆ ئەوەی بەیەكدادان لە نێوان سووپای ئەمەریکا و خەڵکدا دروست نەبێت.

هەروەها ڕەتیشیکردەوە کە پێشتر حزبەکەی ڕۆڵی هەبووبێت لە دەرکردنی لیوا نزار خەزرەجی سەرۆکی ئەرکانی پێشووی ئەرکانی سوپای عێراق لە بەغدا و جەختی لەوەشکردەوە کە سی ئای ئەی ئەو کەسەی دەریکردووە و ئێمەش ڕێگەمان پێداوە بەناوچەکانی خۆماندا تێپەڕێت.

بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات کە: ئەو زوڵم و نادادپەروەرییەی کە ڕژێم بەسەر گەلی عێراقدا بە پێكهاتە جیاوازەكانیەوە هێنا، وایکرد زۆرێک لە باکوور و باشوور لە ڕۆژانی هاتنە ناوەوەی سوپای ئەمریکا بە گوڵ پێشوازییان لێ بكەن.

 

پەتی سێدارە بۆ مێژوو شكۆمەندی تێدا نییە

سەدام چاوەڕێی ئەوە نەبووە کە تا ئەو بەروارە کۆشکەکە بەجێبهێڵێت. بۆ دانیشتن لەسەر باڵکۆن لە تەنیشت سەلاحەدین و ئەبو جەعفەر مەنسوور کە بەغدایان دروستکرد، بەڵام عێراق داوەتێكی ژەهراوییە بۆ فەرمانڕەواکانی. چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد باجی ئەو کارە بدات، کە ئوسامە بن لادن لە نیویۆرک و واشنتۆن کردوویەتی. جگە لە ڕق و کینە لە یەکتر، هیچ هێلێك لە نێوان ئەو دوو پیاوەدا نییە. هەروەها پێشبینی نەدەکرد زرێپۆشێکی ئەمەریکی پەیکەرەکەی لە گۆڕەپانی فیردەوسەوە لە ڕەگەوە هەڵبکەنێت و شاشەکان دیمەنی دەرهێنانی لە کونێکەوە پەخش بكەن و بنێردرێتە پشت شیشەكانی دادگا و بۆ ئەوەی پەتەکە لە ملی بپێچێتەوە وەک چۆن بۆ زۆر کەس کردبووی. هەروەهاش تەرمەکەی لە ناوچەی سەوز لە نزیک ماڵی ئەو کەسە فڕێ بدرێت، کە بڕیاری لە سێدارەدانی واژۆ کردووە.

بیرم هاتەوە سەرکردەیەکی عەرەب پێیگوتم: دیمەنی دەستگیركردنی سەدام لەنێو دەستی سەربازە ئەمەریکییەکان سەخت بوو، وێڕای هەڵەكانیشی پەیامێکی توند بوو، بەڵام لە کۆتاییشدا بە بەختەوەر دادەنرێت، چونکە ئەگەر بکەوتبایە دەستی ئەو میلیشیایانە کە لە ئەودیوی سنوورەوە هاتبوون، هەر وەک نوری سەعید بە شەقامەکانی بەغدادا دەیانگێڕا، بەهەرحاڵ زیندانەوانەكانی دەرفەتی زەلیلکردنی سەدامیان نەدا.

دوو حاکمی عەرەب بە بینینی سەدام لە دەستی سەربازە ئەمریکییەکان و پاشان بە بینینی لە سێدارەدانی تووشی ناڕەحەتی و دوودڵییەكی توندبوون، لە کاتێکدا کە لەلایەن چەند لایەنێکی عێراقییەوە ڕەخنەی لێگیرا. یەکەمیان موعەمەر قەزافییە، ئەوی دیکەشیان عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و ئەو دووانەش درێغییان نەکرد لە دەربڕینی نیگەرانی خۆیان. ڕاستییەکە ئەوەیە کە قەزافی لە ئەمەریکییەکان ترسابوو، لەو کاتەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە ساڵی 1986 هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە سەربازگەی باب ئەلعەزیزیە، ئەو شەوە بارزانی لەسەر داوای عەقید قەزافی لە تەرابلوس بوو، بە ڕێکەوت دەستوەردانی کرد بۆ ڕزگارکردنی.

حاکمی عێراق پێی باش بوو بەبێ خۆچەماندنەوە پێشوازی لە مەرگ بكرێت، ڕۆژێک عەبدولغەنی ئەلراوی، ئەفسەرە ناجێگێرەكە، پێیگوتم: کە چۆن فەرمانی بە تەقەکردن لە سەرکردە، عەبدولکەریم قاسم لە بارەگای رادیۆ پێدراوە و قاسم سەرەڕای تاڵیی ئەو دیمەنە كە لە هەڤاڵە نزیكەكەی خۆی عەبدولسەلام عارفەوە دەیبینێت، بەڵام ڕازی نەبووە بە چاوبەستراوی گوللـەباران بكرێت، چونكە لە حاكمەكانی عیراقەوە نەبۆتە نەریت كە بە هێمنییەوە لەسەر جێگا چاوەڕێی مردن بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار