وەزارەتى بازرگانى: بۆ مانگى ڕەمەزان چوار ماددەى خۆراکیى زیاتر دابەش دەکرێت

هەڵەبجە -KDP.info- مانگى ڕەمەزان لەگەڵ سەبەتەى خۆراکى مانگى سێ، چوار ماددەى خۆراکیى زیاتر دابەش دەکرێت، وەک ئاردى سفر و ئاردى نیشاستە و هێلکە و شەعرییە، بەرپرسێکى وەزارەتى بازرگانییش دەڵێت: لە هەوڵداین بۆ ئەوەى زیادەى خۆراکى ماددەکانى بایەعی بۆ تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتیى کوردستانیش بگرێتەوە و ئێستا لیستێ تایبەت ئامادە دەکەین.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "دەست دەکرێ بە دابەشکردنى سەبەتەى خۆراکى مانگى سێ، بایەعی دەکەوێتە مانگى ڕەمەزان، بریتییە لە برنج و زەیت و شەکر و دۆشاوى تەماتە و فاسولیا و لەتکەنۆک و نیسک".
شێخ کامیل گوتی: ''لەگەڵ دابەشکردنى سەبەتەى خۆراکى مانگى سێ، چوار ماددەى خۆراکیى ترى بۆ زیاد کراوە بە بۆنەى مانگى ڕەمەزان کە بریتین لە پێنچ کیلۆ ئاردى سفر و یەک کیلۆ شەعرییە و یەک کیلۆ ئاردى نیشاستە و یەک تەبەقە هێلکە".
دەشڵێت: "هەوڵەکان لەوەدایە کوالیتىی ماددەکانى خۆراک باشتر بکرێت، بەتایبەت برنج، لەمساڵدا بەشێکى ئارد لە سەداسەد دابەش کراوە، ئاردى مانگى دووش تاکوو ئێستا ٥٠% دابەش کراوە و دابەشکردنى ئارد بەردەوامە".
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: "زیادیی ماددەى خۆراک بۆ ئەو هاووڵاتییانەى لە تۆڕى چاودێریی کۆمەڵایەتین لە پارێزگاکانى عێراق جێبەجێ کراوە، داوامان کردووە کوردستانیش بگرێتەوە، وەزارەتى بازرگانیی عێراق داواى لیستیان لێ کردین، ئێستا لەگەڵ وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى خەریکى دروستکردنى ئەو لیستەین، کە لیترێ زەیت و کیلۆیەک شەکر و چەند ماددەیەکى ترى خۆراک لە چوارچێوەى سەبەتەى خۆراکى بایەعیدا پێیان دەدرێت.''
عەزیز ڕەسووڵ




