٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای نەورۆز ڕێکارەکانی کاراکردنەوە کۆمسیۆن دەست پێ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ڕاپرسی و ھەڵبژاردن ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکاندا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کارا دەکرێتەوە و پرۆسەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیش دەکەوێتە دوای جەژنی نەورۆز.

سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لەسەر پرسی ھەموار یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پەرلەمانی کوردستان لێک تێگەیشتن پەیدا بوو، لیژنەیەکی پێنج کەسی پێک ھێنراوە بۆ ئەوەی کار بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بکرێت و لیژنەکە سیڤیی ئەو کەسانە وەردەگرێت کە دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی پێشووی لایەنە سیاسییەکان دەبێت.''

ئەندامەکەی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەشڵێت: "پڕکردنەوەی شوێنی کۆمسیاران تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە شوێنیان چۆڵە و ئێستا سەیاح کوورەچی و جووتیار عادل لە شوێنی خۆیان نەماون و دوو ئەندامی دیکە دەستبەکار دەبن، ئێمە وادەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی دیاری دەکەین و ئەو کەسانەی مەرجیان تێدایە دەتوانن سیڤی پێشکەش بکەن.''

سارا دڵشاد ڕوونیشی کردەوە: "جگە لە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو دوو ئەندامە، ئەگەر لایەنێک بیەوێت لە شوێنی ئەندامێکی دیکەدا گۆڕانکاری بکات ئەوە پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە و پرۆسەکەش دەکەوێتە دوای پشووی جەژنی نەورۆز، چونکە لایەنە سیاسییەکان  دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پڕۆژەی خۆیان پێشکەش بە پەرلەمان دەکەن و دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار