له كابینه‌ی نۆیه‌م سێ كاری زۆر باش كراوه بۆ پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو

كۆماری چیك-KDP.info- پسپۆڕێكی بواری هایدرۆجیۆلۆجی پێی وایه، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری باشی كردووه له رووی پۆندسازی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو و ئاماژەش دەدات، سیاسه‌تی به‌ستنی پێوه‌ره‌كانی ئاو تا ڕاده‌یه‌ك رێگری ده‌كات له به‌فیرۆدانی ئاو و به پێویستیشی ده‌زانێ سەرجەم بیرە هەڵکەندراوەکان و ئەوانەشی لە داهاتوودا هەڵدەکەندرێن، پێوەری ئاویان بۆ ببه‌سترێت.
ڕێبه‌ر مه‌حموود، پسپۆڕی بواری هایدرۆجیۆلۆجی له زانكۆی پەڵاتچکی ئۆڵۆمۆتس له كۆماری چیك، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: "به پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی ئاو، كه ئاماژه‌ی پێكراوه باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئاوی هاوبه‌شیان هه‌یه، پێویسته به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه مامه‌ڵه‌ی پێوه بكه‌ن و به جۆرێك ئیداره‌ی ئاو بده‌ن كه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یی و ئابوورییه‌وه سوودی هه‌بێ بۆ هه‌موو لایه‌ك و نابێ هیچ وڵاتێك ئاو وه‌كو فشارێک به‌كار بێنێ دژی وڵاتێكی تر".
مه‌حموود هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "به خۆشحاڵییه‌وه له كابینه‌ی نۆیه‌مدا ده‌توانم بڵێم كه سێ كاری زۆر باش كراوه بۆ پاراستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، له بابه‌تی پاراستنی ئاو له رووی چه‌ندایه‌تییه‌وه، كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌نگاوی باشی ناوه، بۆ نموونه هانی زۆری هاوبه‌شانی ئاوی داوه بۆ ئەوه‌ی كه پێوه‌ری ئاو ببه‌ستن له پێناو به‌فیڕۆنه‌دانی ئاوی خواردنه‌وه، یه‌كێكی تر له كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م كه سیاسه‌تگوزاری له‌سه‌ر كردووه و به‌رنامه‌ی بۆ داناوه، بریتییه له دروستكردنی چه‌ندین پۆندی ئاو به شێوه‌ی سه‌دسازی كه كاركردن له هه‌ندێكیاندا ته‌واو بووه و له هه‌ندێكیشیان به‌رده‌وامه، ئه‌مەش یارمه‌تیده‌ره بۆ پرۆژه كشتوكاڵییه‌كان و هه‌روه‌ها پاراوكردنه‌وه‌ی ئاوی ژێرزەویی ناوچه‌كانی نزیك له به‌نداوه‌كه، هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌و كاره باشانه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێم له كابینه‌ی نۆیه‌م به جیددی كاری له‌سه‌ر كردووه، بابه‌تی دانانی دەرچووانی زانستی ژینگه‌یه بۆ پرۆژه پیشه‌سازی و كشتوكاڵییه‌كان كه سه‌رجه‌میان له لایه‌ن ده‌رچووانی به‌شه‌كانی ژینگه‌وه چاودێری ده‌كرێن بۆ رێگه‌گرتن له پیسبوونی ژینگه‌ی ناوچەکان بە گشتی و ئاوه‌كانی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی، بۆ ئه‌وه‌ی كارگه‌كان به شێوه‌ی زانستی مامەڵە بکەن لەگەڵ پاشماوەی کارگە و پڕۆژەکان و نەبنە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.
ئەو هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پرسی پاراستنی سامانی ئاو، چه‌ند پێشنیازێكی خسته‌ڕوو و گوتی: "ئێمه له كوردستان پێویستمان به هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی پاراستنی سامانی ئاو وه‌ك سامانێكی نیشتمانیی گشتی و پێویسته هاووڵاتی به‌رپرسیار له‌سه‌ر بابه‌تی پاراستنی سامانی ئاو و به‌فیڕۆنه‌دانی په‌روه‌رده بكرێ، جگه له میدیاش، پێویسته پرسی پاراستنی ژینگه و سامانی ئاو بخرێته ناو سیسته‌م و بەرنامەی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه و توێژه جیاوازه‌كان له قوتابخانه‌كانه‌وه له‌سه‌ری په‌روه‌رده بكرێن بۆ پاراستن و پاك هێشتنه‌وه‌ی ئاو، هه‌روه‌ها پێویسته حكوومه‌ت پتر هه‌وڵ بدات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاری له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی ئاوی كوردستان، چونكه ستراتیژی نوێ پێویسته له‌سه‌ر بنەمای داتا و زانیاری نوێ بنیات بنرێ، كه پێم وایه هه‌ر پارێزگایه‌ك پێویستی به سه‌نته‌ری پاراستن و توێژینه‌وه‌ی ورد هه‌بێ له‌سه‌ر ئاست و چه‌ندێتی و چۆنێتیی به‌كارهێنان و ئاستی سه‌رچاوه‌كانی ئاو".
دەشڵێ: "به پێی رێنمایی ساڵی 2015ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، بڕیار داربوو كه بۆ هه‌ر بیرێك پێوه‌ری ئاو دابنرێ له ناوچه جیاجیاكاندا، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ چه‌نده ئاو له‌و شوێن و ناوچه‌یه ده‌رهێنراوه له ژێر زه‌وی و هه‌روه‌ها به پێی پێویستیی پارێزگاكان پێویسته زیاتر پشتگیریی توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر سامانی ئاوی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی بكرێ كه ئایا خاوێنن یان پیسبوون و رێژه‌ی خاوێنی و پیسبوونیان چه‌نده و چۆنه، هه‌روه‌ها پێویسته كه وێستگەی پاککردنەوەی ئاو دابنرێ بۆ ئه‌و ئاوه پیس و قورسانه‌ی کە لە ڕێی ئاوەڕۆی شار و قه‌زاو ناحیه‌كان كه ده‌چێته‌وه سه‌ر رووباره‌كان، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئاوه چارەسەرکراوەکە بۆ چەند مەبەستێکی تری وەک پیشەسازی و هەندێک پڕۆژەی کشتوکاڵی بەکار بهێندرێت و زیان بە سەرچاوەکانی ئاو نەگەیەنێت".
سه‌ڵاح جه‌لال




