٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینکی بۆ KDP: کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکرێت و زۆر شت یەکلا دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، پارتی و یەکێتی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانەوە کۆدەبنەوە و لەو مانگەدا زۆر شت یەکلا دەکرێتەوە. دەشڵێ، ئەو کێشانەی ھەن، کێشەی حکوومەتن زیاتر، نەک نێوان پارتی و یەکێتی.

د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو کێشانەی ھەن، لە بنەڕەتدا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نین، بەڵکو پەیوەستن بە ھەندێ مەلەفی دیکە و کابینەی حکوومەتی ھەرێم، یەکێک لەوانەش مەلەفی ئەمنییە، ئەوەش نە مەلەفی پارتییە و نە ھی یەکێتی، بگرە مەلەفی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە یەکێتی پێش پارتی ھاوکار و ھەماھەنگ بێت لەگەڵ کابینەی حکوومەت و دەزگاکانی، ھەروەھا دەزگاکانی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان بێدەنگ نابن و بۆچوونی خۆیان ھەیە و خاوەن بڕیار و سەروەریی خۆیانن".

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، گوتیشی: "چەندین کۆبوونەوە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەڕێوە چوونە و وەک حزب ھیچ کێشەمان نەبووە، ئەگەر باسی شەراکەت بکرێت، شەراکەت لە کوێ جێبەجێ دەکرێت، کاتی خۆی نوێنەری پارتی و یەکێتی لەنێو کابینەی حکوومەت ئەو رێککەوتنەیان ھەبوو کۆبوونەوە بکرێت، یەکێتی وەرەقەیەکی عەمەلی ھەبوو بۆ باشترکردنی کابینەی حکوومەت، ئێمەش وەرەقەیەکی عەمەلیمان ھەبوو و بڕیار بوو ھەردووکیان بکرێنە یەک پاکێج".

لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، ئێمێنکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "رەوش ھێور بووەتەوە و بەرەو ئارامی دەچێت، بۆیە پارتی و یەکێتی بڕیارە کۆببنەوە، بە بۆچوونی من لەو مانگەدا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکرێت و زۆر شت یەکلا دەبێتەوە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار