نێچیرڤان بارزانى: عێراق به هه‌رێمى كوردستانه‌وه، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه

سلێمانی-KDPi.nfo- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/3/15 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له دیدارى سلێمانیدا كرد كه زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له عێراق ـ سلێمانى، ساڵانه ئه‌نجامى ده‌دات.
له دیداره‌كه‌دا كه به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵى و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى باڵا و كه‌سایه‌تیى سیاسى و ئه‌كادیمى و لێكۆڵه‌ر و ڕۆژنامه‌وانان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئاڵنگارى و ده‌رفه‌ته‌كانى به‌رده‌میان پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له گرنگیى كارى پێكه‌وه‌یى و یه‌كڕیزى و ته‌بایى و جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور كرده‌وه.
ئه‌مه ده‌قى وتاره‌كه‌یه:
ئامادەبووانی بەڕێز..
بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق..
بەڕێز جەنابی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق..
بەیانیتان باش،
بەخێرهاتنتان دەکەم، سوپاسی برای بەڕێزم د. بەرهەم ساڵح و سەرۆکایەتیی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی ده‌كه‌م بۆ درێژەدان بە بەستنی دیدارى ساڵانەی سلێمانی.
له یادى تاوانى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین. هەموومان قەرزداری قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجەین. ساڵانێک بوو کارێکی زۆرمان کرد بۆ کردنی هەڵەبجە بە پارێزگا، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکه‌كه‌ی بکرێت.
بەناوی خەڵکی هەڵەبجە و ته‌واوى هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسێکی تایبەتی براى بەڕێزم محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیی عێراق ده‌كه‌م کە زۆر دڵسۆزانە کاری کرد بۆ تەواوکردنی ڕێكاره‌كان، هه‌روه‌ها سوپاسی هەموو ئەوانەی پێشتریش لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەكەم، كە كاریان كردووە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق.
داوا له حكوومه‌تى فیدراڵى ده‌كه‌م بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و برینداران. هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵى و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ بایه‌خدان به هه‌ڵه‌بجه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتووانى، هه‌نگاوێكی ده‌ستوورى و پاڵپشتیكراون به بڕیارەکانی دادگا به‌رامبه‌ر به تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئه‌وه کارێکی تەواو دەستووری و یاسایییە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز..
ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی پشتیوانی لە حکوومەت و هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیی عێراق دەکەین. لەوکاتەوەی كە دەستی بەکار کردووە، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت بۆ پێكهنانى حكوومه‌ت وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك، هەوڵی داوە دۆخی ئارامی سیاسی لە عێراق دروست بکات، هەروەها بایەخی بە هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق داوە و هیوادارین ئەو ڕێككەوتن و یاسایانەش جێبەجێ بكات.
ئەو ڕێککەوتنەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا كرا، بۆ هه‌موو عێراق به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه، کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. چاوه‌ڕێین ئه‌و ئاراسته‌یه به‌رده‌وام بێت و یاساى نه‌وت و غازیش به هه‌مان گیانى هاوكاریی هه‌ردوولا ده‌ربچێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
(20) ساڵ بە سەر “پرۆسەی ئازادیی عێراق”دا تێپەڕی و ئەم دیداره دەرفەتێکی باشه بۆ هەڵسەنگاندنێکی گرنگ کە سوودی هەبێت بۆ داهاتوو. به‌ڵام زۆر گرنگە هەڵسەنگاندن دوور بێت لە تۆمەتبارکردنی یەکتر لەسەر شکستەکان. چونکە ئەمە شێوازێکی بەسوود نییە و هەموومان لە شکستەکاندا بەشدارین، هەمووشمان پێکەوە لە سەرکەوتنەکاندا بەشدارین، زۆر بن ئەو سەركەوتن و شكستانە، یاخود كەم بن.
(20) ساڵی ڕابردوو، وێڕاى هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كان، جیاواز بوو لە سەردەمی دیکتاتۆری. لانیکەم خه‌ڵكى عێراق ئازادی بەکار‌هێنا بۆ نیشاندانەوەی زیندووییی خۆی لە ناوچەکەدا. قۆناغی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هه‌ر لە کۆنگرەی لەندەن و سەڵاحەدینه‌وه، تاکو دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستوور سەرکەوتوو بوو. بەڵام دوای ئەوە، لادان و هەڵەکان وردە وردە دەستیان پێ‌کرد و بوونە تەنگژەی گەورە، ئه‌وه‌ش بەهۆی نەمانی گفتوگۆی بنیانتەرى لایەنەکان و جێبەجێنەکردنى دەستووری عێراقی.
ئامانجی عێراقییەکان لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراتی، فرەیی، مەدەنی و سەقامگیر، تووشی شکستێكی گەورە بوو. لەبەرئەوە بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی دیموکراسیدا زۆر کەم بووەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر مەترسیداری هەیە بۆ سەر داهاتووى پرۆسەی دیموکراسی، بەتایبەتی کە عێراق له ڕابردوودا ملیۆنان کەس و ملیارەها دۆلاری بەهۆی دیکتاتۆرییەوە لەدەستدا و دەیان ساڵی تەمەنی نەوەکانی خستە ناو توندوتیژی و جەنگەوە.
کۆمەڵگەی مەدەنی و مافە مەدەنییەکانی خەڵک و ژنان بەتایبەتی، زیانێکی گەورەیان لێدرا. ئەمە جارێکی دیکە ڕێگرییەکی گەورەی دروست کرد لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی سەردەمیانە لە عێراق. ئەمە زیانێکی زۆری بە توانای دەستپێشخەری و داهێنانی عێراقییەکان گەیاندووە.
دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر مافە مەدەنییەکان بە شێوەی چاوەڕوانکراو وه‌ك ئه‌وه‌ى له ده‌ستووردا هه‌یه بۆ خەڵکی عێراق دەستەبەر کرابان، ئێستا کۆمەڵگەیەکی زۆر داهێنەرمان دەبوو. کۆمەڵگەیەکی كامه‌رانمان لە عێراق دەبینی.
زۆربوونی ناوەندەکانی بڕیار، بەکارهێنانی چەکی دەوڵەت لە ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆییدا، شکاندنی باوەڕی پێکهاتەکانی عێراق لە یەکسانى و به‌شدارى و هاوبەشى لە بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵات‌دا، زیانێکی یەكجار زۆری بە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە.
ئەوانەی دەستووریان نووسیەوە، سەر بە باوەڕ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بوون. ته‌واوى داواى هه‌مووان لە دەستووردا نەنووسراوە و نەچەسپێندراوە، بەڵام هەموویان لەو باوەڕدا بوون دەستوورێکی باشیان نووسیوە کە دەتوانێت عێراق بکات بە وڵاتى هەمووان و بیکاتە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و پێشکەوتوو.
بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکراوە. ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی پسپۆڕ (57) مادەی دەستووریی په‌یوه‌ست به سیستمى فیدراڵى و مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستنیشان كرد کە تا ئێستاش جێبەجێ نەکراون! بەو هۆیەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەست ناکەن سیستەمی فیدراڵیی عێراق جێبەجێ کرابێت. ئەگەر فیدراڵى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرابا، خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، ئێستا هەستیان بە یەکسانی و هاوبەشییەکی ڕاستەقینە دەکرد.
زۆر کەس، هه‌رێمى کوردستان بە جێبەجێنەکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن! دوای (20) ساڵ ناڵێین ئێمە لە هەرێمی كوردستان بێ هەڵە بووین. هه‌موومان له عێراق هەڵەمان کردووه، بەڵام ده‌بێ سوود له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرین. سەرۆک مەسعوود بارزانی و خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، زۆر هه‌وڵیان دا بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.
سەرۆک بارزانی چەندین جار هۆشدارى دا کە دەستوور وەلانراوە و ئەمە عێراق تێکدەدات. سه‌ركردایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان هەستیان بە بەرپرسیاریه‌تییەکی زۆر دەکرد بۆ جێبەجێبوونی دەستوور، وەک وەفادارییەک بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. ئێستاش ئاماده‌ى هەموو شتێكین بۆ ڕاسته‌ڕێكردنه‌وه‌ى دەستوور. دواى (20) ساڵ ده‌بێ هه‌موومان به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرین و چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندى وا بدۆزینه‌وه كه هه‌مووان لەم وڵاتەدا خۆیان بە سەركەوتوو بزانن لە پرۆسەی سیاسی‌دا.
بەڕێزان ..
گۆڕانی كه‌شوهه‌وا تاکو ساڵی (2050) دەبێتە هۆی ئەوەی ملیارێك و دوو سەت ملیۆن كه‌س ناچار بن لە شوێنەکانیان کۆچ بکەن. بەداخەوە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بانکی جیهانی و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەكێک لەو پێنج وڵاتانه‌یه كه زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت.
ئەمە بابه‌تێكى زۆر جددى و ژیارییه، دەبێ گفتوگۆی نێوانمان زۆر بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. دەبێ گفتوگۆى زۆر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بکەین، بەتایبەتی تورکیا و ئێران بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئه‌م گۆڕانه و کەمئاوی لەسەر عێراق. كۆنفرانسى هه‌فته‌ى ڕابردوو له به‌سرا و پشتگیریى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى دۆست له به‌رنامه و هه‌نگاوه‌كانى عێراق، مایه‌ى خۆشحاڵییه.
مەترسییەکی دیکە لە عێراق، پشتبەستنە بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکیی داهات. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوه، هەوڵە خێراکانی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە و شێوەی ژیان لە جیهان، ژیانی خەڵکی عێراق لە داهاتوودا دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی یەکجار گەورەوە. بەتایبەتیش کە ژمارەی دانیشتووانى زۆر گەورە ده‌بێت و زیاتربوونی بەشی به‌كارخستن لە بودجەدا، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی زۆر قورس کردووە.
عێراق پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی و پرۆژەی زۆر و جیاوازە. دەبێ پارەیەکی زۆر لە پرۆژەی ستراتیژیدا خەرج بکات بۆ ئه‌وه‌ى وڵاته‌كه به سه‌لامه‌تى بۆ ژیان بمێنێته‌وه. بەڵام خەرجکردنی داهات لە مووچە کە ئەویش بەشی هەرە زۆری بۆ کڕینی پێداویستییەکان دەچێتە دەرەوە، وادەکات مەترسییەکە زیاتر ببێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
عێراق خاوه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كى گه‌وره‌ى مرۆیى و سروشتییه. ده‌كرێ به باشترین شێوه بقۆزرێته‌وه تاكو ببێته یه‌كێك له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان و شوێن و پێگه‌ى شایسته‌ى خۆى له ناوچه‌كه و له جیهانیش وه‌ربگرێت. ببێته یاریكه‌رێكى دیار كه ڕۆڵى كاریگه‌ر له چه‌سپاندنى ئارامى و سه‌قامگیرى و ئاشتیدا بگێڕێت و ببێته ناوه‌ندێكى به‌رچاوى ناوچه‌كه.
بۆ عێراقێكى ئاوا كە دەمانەوێت، ده‌بێ عێراقییه‌كان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، پێكه‌وه كار بكه‌ن، به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرن. ئامانج و ئه‌جێندایه‌كى كۆكه‌ره‌وه‌ى نیشتمانیى عێراقى كه به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات بپارێزێت، هه‌موومان كۆبكاته‌وه.
هه‌موو پێكهاته‌كان له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌بێك بن، ده‌بێ هه‌ست بكه‌ن عێراق وڵاتى خۆیانه. ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه كار بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى له عێراق ئه‌جێنداى عێراق سه‌ركه‌وێت. ئیراده و بڕیار و سه‌روه‌ریى عێراق و عێراقییه‌كان، پارێزراو بێت.
له دۆخى ئێستاى سیاسى و ئه‌منى و ئابووریى ناوچه‌كه و جیهاندا، عێراق به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه. ئێستا كاتى گفتوگۆیه‌كى ڕاشكاوانه و ئازایانه‌یه. كاتى ئه‌وه‌یه له عێراق پێكه‌وه هه‌موومان به ڕوانگه‌یه‌كى هاوبه‌شەوە سه‌یرى داهاتووی ئەم وڵاتە بكه‌ین.
به پێكه‌وه‌كاركردن و ته‌بایى و یه‌كڕیزى، به هاوكارى و به‌پرسیاریه‌تیى هاوبه‌ش، ده‌توانین هه‌موو سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كان تێپه‌ڕێنین. ده‌رفه‌ته‌كانیش بۆ ئێستا و بنیاتنانى داهاتوویه‌كى باشتر، وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو، بقۆزینه‌وه.
له هه‌رێمى كوردستانیش ده‌بێ به گیانى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، كێشه و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. له‌مباره‌یه‌وه هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن، دڵخۆشكه‌رن.
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له كار و هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ تێپه‌راندنى كێشه و ناكۆكییه‌كان. پێكه‌وه كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردن دیارى بكه‌ین و پرۆسه‌كه له كاتى خۆیدا به‌ڕێوه بچێت.
جارێکی دیکە لە سلێمانییەوە بەخێرهاتنی هەموولایەكتان دەکەم.
زۆر سوپاس




