٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چەندین پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان جێبەجێ دەکرێن، کە بەشێکی لە واری جێبەجێکردندان و بەشێکیشی لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.

ئەندازیار خوسرەت سادق عەبدولخالق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆژەیەکمان لە واری جێبەجێکردندایە کە ڕێگای ناحیەی وەرتێ بۆ گوندی کەلێتێ بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار دینارە، پێش وەرزی زستان کاری تێدا دەکرا و ڕاگیرابوو و 15ی ئەم مانگە دەست دەکرێتەوە بە کارەکەی، بەڵام گوندەکە دوورەدەستە و چەندین ڕێگای دیکەی لێ جیا دەبێتەوە و خەڵکی خاوەن ڕەز و باغ و مەڕدار سوودی زۆری لێ وەردەگرن.''

ئەندازیار خوسرەت سادق عەبدولخاڵق گوتیشی: ''پرۆژەیەکی دیکەش لە واری جێبەجێکردندایە، ئەویش پڕۆژەی ئەو ڕێگایەی بۆ بارزان دەچێت تا دەگاتە پردی بێک  ئەوەش بە گوژمەی ملیارێک و50 ملیۆن دینار لە بواری جێبەجێکردندایە، کە بەشێکی تەواو بووە و ئەوەی دیکەش لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست بەکار دەکاتەوە.''

گوتیشی: ''پڕۆژەی دیکەشمان هەیە ڕێگای گەلی لێتان بە گوژمەی ملیارێک و900 ملیۆن دینار و پڕۆژەی گەلی شێخزادە بۆ سیدەکان بە گوژمەی ملیارێک و300 ملیۆن دینارە و پڕۆژەیەکی دیکە لە دۆڵی باڵایان بە گوژمەی 670 ملیۆن دینار، ئەو پرۆژانەش دراونەتە بەڵێندەر و لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی دادەنرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار