٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەکبەر حەیدەر: بە ئاڵای کوردستانەوە دەگەڕێینەوە خانەقین و بارەگاکانمان وەردەگرینەوە

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق کراوە کە بارەگاکانمان لە سنووری خانەقین چۆڵ بکرێن و بە پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانەوە بگەڕێینەوە و سەرجەم بارەگاکانمان وەرگرینەوە .

بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، ئەکبەر حەیدەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی وەکوو بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستبەکار بووین هەمان پلان و بەرنامە و سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ دەکەین و ئەوەی لەتوانادا بێت خزمەتی میللەتی خۆمان دەکەین بێ جیاوازی، بۆیە هەوڵەکانمان هەمووی بۆ خزمەتی خەڵکی دەڤەرەکە دەبێت.''

ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: ''کێشە و گرفتەکان لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئەمنیەتەوە لە ئەو ناوچانە حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە و پێویستە ئەوان خزمەتی ناوچکە بکەن، بەڵام ئێمە لە خزمەتی خەڵکی خۆمان دەبین و هەمیشە دەرگامان کراوەیە بۆ خەڵکی خۆمان، بۆیە ئەرکی ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکەیە و بۆ هەڵبژاردنیش ئێمە لە هەموو هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف دەنگی خۆمان بەدەست هێناوە و ئەگەر ساختەکاری نەکرێت و ئێمەی کورد یەکدەنگ و یەک لیست بین و هاوکاریی یەکتری بکەین، لەجیاتی ئەوەی یەک کورسی بەدەست بێنین دوو کورسی دێنین لە ناوچەکە.

حەیدەر ڕوونیشی کردەوە: ''تا ئێستا بارەگای لقی 15ی پارتی لە خانەقین داگیر کراوە و هێزی وشکانیی تێدایە و بارەگاکانمان چۆڵ نەکراون لە ناوچەکانی دیکەش وەکوو جەلەولا و مەندەلی، بەڵام ڕێککەوتن هەیە چۆڵ بکرێن و بگەڕێینەوە بۆ بارەگاکانی خۆمان، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت و بە پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانەوە بگەڕێینەوە.''

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار