٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بۆنەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر 100 هەزار نەمام دەچێندرێن

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- ساڵانە بە بۆنەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر لە ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی نەمامچاندن بەڕێوە دەچێت و ئەمڕۆش لە چەندین دەڤەری ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی دارچاندن بەڕێوە دەچن و دەیان ھەزار نەمام دەڕوێندرێن.

رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ساڵانە بە بۆنەی رۆژی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر ئێمە ھەڵمەتی نەمامچاندن بەڕێوە دەبەین و رۆژی ١٤ی ئادار ھەڵمەتە بەڕێوە دەچێت و بەردەوامی دەبێت تا ھەزاران نەمام دەڕوێندرێن، ئەمڕۆش ھەلمەتەکە لە گەڕەکی ھەشتی حەسارۆک دەستی پێکرد و لە یەکەم رۆژدا ھەزار و ٥٠٠ نەمام چێندران".

ئەحمەد گوتیشی: "رۆژانی داھاتووش لە ھەولێر و شوێنەکانی دیکە ھەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی ئەمساڵدا 100 ھەزار نەمام بڕوێنین، ئەوەش وەک رێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی بارزانیی نەمر و سەوزکردنی ھەرێمی کوردستان بە دار و درەخت".

ھاوکات جگە لە ھەولێر، لە شارەکانی دیکەش ھەڵمەتی نەمامچاندن بەڕێوە دەچێت و دەیان ھەزار نەمام دەچێندرێن و ھاووڵاتیان و دەزگا پەیوەندارەکانیش بەشداری لە ھەڵمەتەکەدا دەکەن.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار