ئەمڕۆ ٣٢ ساڵ بەسەر راپەڕینی دھۆکدا تێدەپەڕێت

دهۆک-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٢ ساڵ بەسەر راپەڕینی شاری دھۆکدا تێدەپەڕێت و پارێزگاری دھۆکیش لە وتەیەکدا دەڵێ، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا جەماوەر و پێشمەرگە توانییان شاری دھۆک و سێمێل لە داگیرکەران پاک بکەنەوە و خەڵکی کوردستان سەرەڕای دڕندەیی بەعس، پەنایان بۆ تۆڵەکردنەوە نەبرد.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بە بۆنەی ٣٢ ساڵەی راپەڕینی دھۆک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ پێشتر باکگراوندێکی شۆڕشگێڕیی ھەبووە و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش زەمینەیەکیان هێنایە ئاراوە بۆ دروستکردنی راپەڕینی جەماوەری و، توانرا لە سەرەتای مانگی ئادار تا ٢١ی ئادار ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن، گەلی کوردستان نموونەیەکی زۆر جوانی پێشکەش کرد و دەتوانم بڵێم شۆڕشێکی سپی بەرپا کرد، چونکە پەنای بۆ تۆڵەکردنەوە نەبرد، سەرەڕای ئەوەی سەدان ھەزار لەشکر، تەنانەت ئەوانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالیش بەشدارییان کردبوو و لە کوردستان مابوون، خەڵکی کوردستان پابەندی لێبووردنی گشتی بوون و توانییان پێکەوە بژین".
پارێزگاری دھۆک گوتیشی: "لە دوای راپەڕین ھەنگاوی باش نراون، ھەرچەندە ئێمە نابێت خۆمان بەراورد بکەین بە وڵاتێک کە سەد ساڵە ئازادە و سەربەخۆیی وەرگرتووە، ئێمە راستە ئازادین، بەڵام ھێشتا سەربەخۆ نین، ھەموو ئەو گلەییانەی ھەن پێویستە بە گیانێکی برایانە و بە ئینتیمای نیشتیمانی چارەسەریان بکەین".
تەتەر روونیشی کردەوە: "ئێمە رێز لە خانەوادەی شەھیدانی راپەڕین دەگرین، ئەوانەی ھەرچەندە لە راپەڕین بریندار بوون و دڵیان گەرم بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەنایان بۆ تۆڵەکردنەوە نەبرد و، بەرھەمی راپەڕینی خەڵکی کوردستانیش حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانە".
قائید میرۆ




