٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمرن"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- ئەمڕۆ 120 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی بارزانیی نەمر، باوکی رۆحیی نەتەوەی کورددا تێپەڕ دەبێت، پێشمەرگەکانی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش باس لەوە دەکەن، پێویستە و ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە لەسەر رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر بەردەوام بن، بۆ ئەوەی کورد بە سەرجەم مافەکانی بگات، چونکە ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون، بەرهەمی خەباتی  بارزانیی نەمرن.

 سدیق گۆران، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلول و گولان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ 120 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی بارزانیی نەمر و باوکی رۆحیی نەتەوەی کورددا تێپەڕ دەبێت، کە رۆژێکی رووناک و گەشە لە هەرێمی کوردستان و سەرکردەیەکی گەورەی میللەتی کورد تێیدا لەدایک بووە، ئەویش بارزانیی نەمرە، ئەوەش نەک تەنها بۆ باشووری کوردستان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان رۆژێکی پڕشنگدارە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموومان بەردەوام بین لەسەر رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و خزمەتی ئەو رێبازە بکەین، تا دەگەینە هەموو ئاوات و مافەکانی خۆمان، چونکە بارزانیی نەمر قوتابخانەیەک بوو بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان".

گۆران گوتیشی: "بارزانیی نەمر سەرکردەیەکی نیشتیمانپەروەر و نەتەوەیی بوو و هیچ جیاوازییەکی نەدەکرد و خۆی بە پێشمەرگە دەزانی و شانبەشانی پێشمەرگە خەباتی دەکرد، ژیانیشی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پێشمەرگەدا نەبوو و هەمیشە خزمەتی میللەتی کوردی دەکرد، خۆشم چەندین جار لەگەڵ جەنابیان دانیشتووم لە نەغەدە و لە کەرەج و قەسرێ و ماقۆسیش سەردانی ئەوم کردووە، زۆر کراوە بوو و هەمیشە ئامۆژگاریی ئێمەی دەکرد، کە لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد بەردەوام بین، ئێستاش گەورەترین  دەستکەوت لەسەر دەستی بارزانیی نەمر بۆ گەلی کورد بەدەست هاتووە، کە رێککەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970ـیە، کە ئەوکات من ئەندامی رێکخراوی حیزبی بووم و تەمەنم 23 ساڵان بوو، بۆیە ئەو رێککەوتنەم زۆر باش لەبیرە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "پێویستە لەسەر هەر هەموومان بەردەوامی بەو رێبازە پیرۆزە بدەین و بێگومان ئێمە ئەو دەستکەوتانەی بەدەستمان هێناون، بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمرن، بۆیە ئێستاش ئەگەر سەرۆک بارزانی و ئەو رێبازە نەبێت، ئەو گرفتانەی هەن چارەسەرکردنیان ئەستەمە، لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام بین، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو مافەکانی گەلی کورد بەدەست بێنین".

لای خۆشیەوە، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، عەبدولقادر محەمەد مەنسوور، ناسراو بە (مەلا قادر)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ 120 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی بارزانیی  نەمردا تێپەڕ دەبێت و تا ئێستاش خۆمان لەسەر هەمان رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرین، ئەرکیشە لەسەر ئێمە و هەمووانیش، هەروەک چۆن بارزانیی نەمر لەگەڵ چین هەژار و جووتیار و کرێکار و هەموو چینەکانی دیکەی خەڵکدا بوو، ئێمەش بە هەمان شێوە بین و پێویستە هەمیشە پابەندی ئەو رێبازە بین، چونکە خەباتی بارزانیی نەمر لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد بوو".

مەلا قادر دەشڵێ: "ئەو دەستکەوتانەی بەدی هاتوون، بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمرن، بۆیە ئێستاش ئەرکی ئێمەیە لەسەر هەمان رێباز بین، بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتر بەدەست بێنین بۆ گەلی کورد، چونکە کاتی خۆی قازی محەمەد بە بارزانیی نەمری فەرموو، من لە سێدارە دەدرێم و ئاڵای کوردستانی ڕادەستی بارزانیی نەمر کرد، بۆیە بارزانیی نەمر موڵکی هەموو پارچەکانی کوردستان بوو، نەک تەنیا باشووری کوردستان".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە لە هەموو شۆڕشەکاندا بەشداریمان کردووە و ئەو شۆڕشانەی کراویشن بە سەرۆکایەتیی بارزانی نەمر، هەموویان لە پێناو بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد بوون و زۆرترین دەستکەوتیش لەسەر دەستی بارزانیی نەمر بەدەست هاتوون".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار