د. ڤیان: هەوڵ دەدەین بودجە وەکو خۆی پەسەند بکرێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حکوومەتەوە پەسەند کراوە و رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای تێدا جێگیر کراوە. دەشڵێ: "ئێمە لە پەرلەمان هەوڵ دەدەین وەک چۆن رێککەوتنەکە کراوە، بەو شێوەیە بودجە پەسەند بکرێت".
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی پەسەند کرد، پڕۆژەیاساکە دێتە ناو پەرلەمان و دەچێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دواتریش بۆ لیژنەی دارایی رەوانە دەکرێت و هەردوو لیژنەی یاسایی و دارایی پێداچوونەوەی بۆ دەکەن، دواتر خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت و دواتریش خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت، ئەوەی گرنگە رێککەوتنێک لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا کراوە لەبارەی هەموو بابەتەکانی بودجە".
سەبری گوتیشی: "بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە 12.67%ـە و ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنەکانی دیکەی کوردی هەوڵ دەدەین ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و پەسەند بکرێت".
بڵند ئیبراهیم




