بەیان سامى بۆ KDP: له واشنتۆن یادی کیمیابارانی ههڵهبجه دهكهینهوه

واشنتۆن-KDP.info- ئەمڕۆ ڕێکەوتى ١٤/٣/٢٠٢٣، کاتژمێر ٥ى ئێوارە بە کاتى هەرێمى کوردستان، نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا، لە درێژەى کار و چالاکییەکانیان بۆ بەرزڕاگرتنى یادەکانى ئەنفال و کیمیاباران، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانى مەراسیمێک بە شێوەى ئۆنڵاین بۆ یادکردنەوەى ٣٥ـەمین ساڵیادى کیمیابارانکردن و جینۆسایدى هەڵەبجەى شەهید.
بهیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتى هەرێمى کوردستان له ئهمهریكا، به ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگهیاند: "لە ساڵى ٢٠١٥ـەوە هەموو ساڵێک مەراسیمێکى تایبەتى یادکردنەوە ئەنجام دەدهین و تەنانەت ساڵانى زۆر پێشووتریش چەندین مەراسیمى جیاوازى یادکردنەوە ئەنجام دراوه، ئەم مەراسیمە لە ڕێگاى بەرنامەى زووم بە شێوەى ئۆنڵاین ئەنجام دەدرێت، ئەم یادکردنەوە ڕۆژێک دواى ئەوە دێت کە ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق ڕەزامەندى دا لەسەر بە پارێزگابوونى هەڵەبجە".
نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا گوتیشی: "ئەرکى هەموو کوردێکە لە هەر کوێیەک بێت کە هەڵبسێت بە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى و زانیارى لەسەر تاوانەکانى کیمیاباران و ئەو ئازار و نەهامەتیانەى کە خەڵکى کوردستان بینیویەتى لە هەڵەبجەى شەهید تا دەگاتە تاوانەکانى ترى ئەنفال و جینۆساید، کە بە چەندین شێوە لە کات و سەردەمى جیاوازدا ئەنجام دراوە لە دژى گەلى کورد، لە نێویاندا تاوانەکانى داعش و زۆر گرنگە کە ئێمە هەرگیز ئەوە لەبیر نەکەین و ڕێگە نەدەین دۆستان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان ئەو تاوانانە لەبیر بکەن".
بهیان سامی هەروەها ئاماژەشی دا: "ئەم مەراسیمەى ئەمساڵى نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێم دوو بەش دەبێت، بەشى یەکەم جەخت دەکاتەوە لەسەر یادەوەرییەکان و گوێگرتن لە شایەتحاڵەکانى جینۆسایدى هەڵەبجە، بەشى دووەم جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەى ٢٠ ساڵ دواى ئازادبوونى عێراق تا چەند دادپەروەرى بۆ قوربانیانى ئەو تاوانە هاتووەتە دى؟ بە بۆچوونى تایبەتى خۆم دادگاى باڵاى عێراق سەرکەوتنێکى سنووردارى هەبووە لەم بابەتەدا، چونکە تاوەکو ئێستا خەڵک و ڕزگاربووانى کیمیابارانى هەڵەبجەى شەهید بە تایبەتى و قوربانیانى تاوانەکانى ئەنفال بە گشتى، هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە یاخود دادپەوەرەییەک بۆیان کرابێت، هەر بۆیە زۆر گرنگە کە ئێمە بەردەوام چالاکانە کار بکەین لە ناوەندە دیپلۆماسى و گشتییەکان بۆ گەیاندنى دەنگ و داواکارییان".
دەشڵێ: "ئەم یادکردنەوەیەى ئەمڕۆ، هاوکاتە لەگەڵ یادى ١٢٠ ساڵەى لەدایکبوونى بارزانیى نەمر، کە ئەمە ئەوەمان بیردێنێتەوە کە خانەوادەى خودى بارزانیی نەمر قوربانى دەستى جینۆسایدى ڕژێمى پێشوو بوون، بەڵام ئەو خەباتەى لە ژێر سەرکردایەتیى بارزانیى نەمر دەستى پێکرد، ئەمڕۆ بەردەوامە لە ژێر سەرکردایەتیى جەنابى سەرۆک بارزانی، بەرهەمى ئەو خەبات و تێکۆشانە کوردستان ئازادە و سەرکەوت بەسەر زوڵم و تاوانەکانى سەددام حوسێنی دیکتاتۆر و ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش".
بهیان سامی زانیاری و وردهكاریی زیاتری لهسهر مهراسیمهكه خستهڕوو و گوتی: "لەم مەراسیمەى ئەمڕۆدا چەندین وتار لەلایەن میوانە بەڕێزەکان پێشکەش دەکرێت: بەڕێز زمناکۆ ئەحمەد یەکێک لە ڕزگاربووانى کیمیابارانى هەڵەبجەى شەهیدە، ئەو کاتەى کە کیمیابارانەکە ڕووی دا زمناکۆ تەمەنى تەنها سێ مانگ بوو و لە دایکى جیابوویەوە و چارەنووسى ئەوە بوو بکەوێتە ئێران وەک تەنها ڕزگاربووى خانەوادەکەى، ئەو لە ئێران لەلایەن ئافرەتێک بەخێو کرابوو کە زۆرى خۆشویستووە وەکو کوڕى خۆى، دواتر ئەو ئافرەتە لە ڕووداوێکى ئۆتۆمبێلدا گیان لە دەست دەدات، زمناکۆ گەڕایەوە هەڵەبجە و لە ڕێگاى پشکنینى دى ئێن ئەى توانى دایکە ڕاستەقینەکەى خۆى بدۆزێتەوە، ههروهها بەڕێز عەبدوڵڵا مەحموود محەمەد، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتى هەرێمى کوردستان وتەیەک پێشکەش دەکات.
دواتر خاتوو جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ کاروبارى عێراق و ئێران، بەڕێزیان بە ناوى حکوومەتى ئەمریکا وتەیەک پێشکەش دەکات، دواتریش سیناتۆر کریس ڤان هۆلین، كه دۆستى دێرینى کوردە، ناوبراو شەش مانگ دواى کارەساتى جینۆسایدى هەڵەبجە سەردانى کوردستانى کردووە، ئەو کاتە سیناتۆر کریس ڤان هۆلین ستافێکى گەنجى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى سینات بوو، دواى گەڕانەوەى لەو سەردانە لەگەڵ هاوڕێکەى بەڕێز پیتەر گاڵبرێث ڕاپۆرتێکیان پێشکەش بە سیناتى ئەمەریکا کرد، کە ئیدانەى ڕژێمى بەعسیان کرد بۆ بەکارهێنانى چەکى کیمیایى و جینۆساید لە دژى خەڵکى کوردستان، ههروهها له مهراسیمهكهدا بەڕێز سەلوان سنجارى، هەڵسووڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە واشنتۆن، بە نوێنەرایەتیى حکوومەتى عێراق وتەیەک پێشکەش دەکات، ههروهها بەڕێز گاڤریل مایرۆنى، پارێزەرێکى نێودەوڵەتى بوارى مافى مرۆڤە کە نوێنەرایەتیى هەندێک لە قوربانیانى هەڵەبجە دەکات لە کەیسێکى دادگا کە لە ئەورووپا تۆمار کراوە دژى کۆمپانیاکان، ناوبراو هەوڵ دەدات قەرەبوو لەو کۆمپانیایانە وەربگرێت کە کیمیاییان داوە بە سەددام، پرۆفسیۆر مایکل نیوتن، پرۆفسیۆرى یاسا لە زانکۆى ڤاندەربێلت لە ناشیڤیل لە ئەمەریکا، پرۆفسیۆر مایکل نیوتن ڕاوێژکارى یاسایى دادگاى باڵاى عێراق بوو، ئەو دادگایەى کە تاوانبار عەلى کیمیایى (عەلى حەسەن مەجید) و تاوانبارانى تر دادگایی کران لەسەر ڕۆڵیان لە جینۆساید لە دژى کوردەکان، دەتوانن لە ڕێگاى پەخشى ڕاستەوخۆى کەناڵى ڕووداو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەرى مەراسیمەکە بن کە کاتژمێر ٥ى ئێوارە بە کاتى هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت".
سهلاح جهلال




