ئەمڕۆ 120ساڵ بە سەر یادی لەدایك بوونی مەلا مستەفا بارزانی تێپەڕ دەبێت

ههولێر-KDP.info- مەلا مستەفا کوڕی شێخ محەممەد کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، لە 14ی ئاداری ساڵی 1903 لە بارزان لەدایکبووە. ئهمڕۆ 120 ساڵ بهسهر لهدایكبوونیدا تێپهڕ دهبێت، كه تهواوی ژیانی خۆی بۆ شۆڕش و خهبات له پێناو مافهكانی گهلی كورد تهرخان كرد.
دوای كۆچیشی لە ناو گەلەكەی و لە یادەوەری شۆڕشگێران و ئازادیخوازانی جیهاندا بە نەمری مایەوە، هەموو ساڵێك خەڵكی كوردستان بە جیاوازی بیرورا و نەتەوە و ئایینەوە چەندین رێوڕەسمی جۆراو جۆر بەڕێوە دەبەن.
هاوكات بۆ بەرزراگرتنی ئەو رۆژە مێژووییە هەڵمەتی نەمام چاندن لە شار و شارۆچكە جیاوازەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
مستەفا بارزانی نەمر ئەندامی ماڵباتێك بووە كە لە مێژوودا پێگە و شوێنێكی ئایینی و نیشتیمانی مەزنیان هەبووە. جێی ئاماژەیە لەو كاتەی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی سەركردایەتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردی كرددووە، مستەفا بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی ماڵباتەكەیدا زیندانی كراوە، ئەو كاتەشی شێخ ئەحمەدی بارزانی سەركردایەتی گرتۆتە دەست و لە پێناوی ئازادی كوردستاندا درێژەی بە خەبات و تێكۆشان داوە دەستەیەك پێشمەرگەی بە فەرماندەیەتی مستەفا بارزانی رەوانەی باكووری كوردستان كردووە و لەوێ ناوبراو چاوی بە شێخ عەبدولقادری نەهری و شێخ سەعیدی پیران كەوتووە، كاتێكیش لە مایسی 1919 شێخ مەحمودی حەفید لە ناوچەكانی سلێمانی شۆڕشی بەرپا كرد، مستەفا بارزانی نەمر سەركردایەتی ئەو پێشمەرگانەی كرد كە بە مەبەستی هاریكاری كردنی شێخ، بەرەو سلێمانی چوون، دواتر لە شۆڕشەكانی ساڵانی 1932دا بارزانی رۆڵێكی دیاری هەبووە و دواتر سەركردایەتی شۆڕشەكانی ساڵانی 1943و 1945ی كردووە، دواتریش لە كۆماری دیموكرات لە مەهاباد رۆڵێكی جوامێرانەی هەبووە.
بارزانی نەمر سەركردەی یەكێك لەو رێڕۆیشتنە مەزنانەیە كە لە مێژوی خەباتی ئازادیخوازاندا بە رێڕۆیشتنی مێژوویی ناوزەد كراوە و بە داستانی پەرینەوە لە روباری ئاراس ناسراوە، پاش پەرینەوەش لە ئاراس و گەیشتن بە یەكێتی سۆڤییەتی جاران بارزانی نەمر بە یاوەری 500 پێشمەرگە بۆ ماوەی زیاتر لە یازدە ساڵ لە یەكێتی سۆڤییەتی جاران مایەوە، بارزانی نەمر لە یانزەی ئەیلولی 1961 مەزنترین شۆرشی لە باشووری كوردستان لە سەدەی بیستەمدا بەرپا كرد و توانی رژێمی بەعس ناچار بكات دان بە مافە رەواكانی گەلی كوردستاندا بنێت و بەوەش بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانی بردە قۆناغێكی نوێوە، لە مێژووی كوردستان و ناوچەكە و جیهانیشدا بارزانی نەمر كاریگەرییەكی مەزنی داناوە و لە دروست كردنی مێژووی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و بگرە جیهانیشدا بەشدار بووە، هەر بۆیە ناوی بە زیندوویی و یاد و رێبازەكەی و خەبات و ژیانی ئەو بە نەمری لە دیرۆكی گەلەكەیدا دەمێنێتەوە.




