نوێنەری مەسیحییەکان: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زۆر ئەرێنی بوو

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێکی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زۆر ئەرێنی بوو و هەموو پێکهاتەکان یەکهەڵوێست بوون و داوایان کرد هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان یەک بازنە بێت و هەڵبژاردنیش لە کاتی خۆیدا بکرێت. دەشڵێ، ئێمە نابینە گرفت لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا.
ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان، رۆبینا تەیاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پێکهاتەکان زۆر باش بوو و داوامان کرد بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت و بۆ پێکهاتەکانیش یەک بازنە بێت، ئێمە هیچ کاتێک نەبووینە گرفت لە بەردەم هەڵبژاردن و هەمیشە هۆکارێکی خێر بووین، بۆیە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ئەنجام بدرێت".
تەیاری گوتیشی، هەموو پێکهاتەکان کۆک بوون کە هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت و هۆکارەکەشی ئەوەیە، چونکە شوێن هەیە کە مەسیحی هەر لێ نییە و ناکرێت بازنە بێت و مەسیحی لێ نەبێت، بۆیە پێویستە یەک بازنەیی بێت و هەڵبژاردنیش لە کاتی خۆی هەبێت و کۆمسیۆنیش کارا بکرێت.
دەشڵێ: "ئێمە نامانەوێ بەربەست لە بەردەم هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکانیش زیاد بکرێت نەک دابەش بکرێن و، هەرکاتێک زیاد کرا ئەوکات ڕاستەوخۆ بەسەر هەموو ناوچەکان دابەش دەبن".
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک فراکسیۆنەکان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە.
بڵند ئیبراهیم




