٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری دهۆک بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار و500ملیۆن دینار بەردی بناغەی بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە دانا

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش-KDP.info- پارێزگاری دهۆک سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و، بەردی بناغەی بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە دانا، بەگوژمەی زیاتر لە شەش ملیار و500ملیۆن دینار، کە پڕۆژەی جۆراوجۆرن.

پارێزگاری دهۆک  دکتۆر عەلی تەتەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەوماوەیە ئەمە دووەم جارە سەردانی بەردەڕەش بکەم بۆ دانانی بەردی بناغە بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە و، ئەمڕۆش 12پڕۆژەمان هەیە و، پێنج لەوانە بەردی بناغەمان بۆ دانان، ئەو پڕۆژانەش بە گوژمەی شەش ملیار و542ملیۆن دینارە و، لە هەموو ناحیەکان ئەنجام دەدرێن و، پێنج پڕۆژەی دیکە کاری لەسەر دەکرێت و، لەماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت، کە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆکە  هی پار ساڵن جێ بەجێ دەکرێن و، بۆ ساڵی نوێش پڕۆژەی زیاترمان دەبێت بۆ بەردەڕەش و، هەموو قەزا و ناحیەکانی دیکەش و، ئەوپڕۆژانە ئەوانەن ڕاستەوخۆ دەکەونە خزمەت هاوڵاتیان، وەکو رێگای جووت ساید و ناوخۆیی و قوتابخانە و ژمارەیەکی باشی قوتابخانە بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت و، پڕۆژەی ئاو و کارەباشی تێدایە، بۆیە ئەو پڕۆژانە بۆ خزمەت هاوڵاتیانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ".

دکتۆر عەلی تەتەر گوتیشی: "کارمان لەسەر جووت سایدی ناحیەی روڤیا کردووە و، هەرکاتێک پارە بەردەست بێت دروست دەکرێت و، دەکەوێتە خزمەت هاوڵاتیان".

تەتەر باسی لەوەشکرد، ئەو پڕۆژانەی کە دواکەوتوون، جێ بەجێکردنی بەهۆی هەندێک رۆتین بوو و، رێگای چەند گوندێک بووە، ئەوانیش چارەسەر دەبن و بەردی بناغەی هەر پڕۆژەیەکیش دانێین تەواودەکرێت، ڕاستە پێشتر هەندێک حاڵەت هەبوون، بەڵام چارەسەر کراون و گەورەترین پڕۆژە، کە لەو قەزایە جێ بەجێکراوە، رێگای قەرەناز بۆ کەورەسۆر بووە، کە46کم بوو و، لەماوەیەکی کەم تەواو کرا و، پڕۆژەکانی دیکەش بەشێکی زۆری تەواوبوون، بۆیە هیچ پڕۆژەیەک راناوەستێت".

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار