هەرێمی کوردستان دژی گوتاری ڕق و کینە و توند دەوستێت

دهۆک-KDP.info- ئێستا لە هەرێمی کوردستان کار دەکرێت بۆ ئەوەی گوتاری ڕق و کینە و توند نەمێنێت، بۆ ئەمەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەگەڵ بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش و ڕیکخراوەکانی دیکە سەرقاڵی نووسینەوەی ڕەشنووسێکن بۆ ئەوەی ئەمە بکرێتە یاسا و لە پەرلەمانی کوردستانیش دەنگی لەسەر بدرێت، شارەزایانی بواری پێکهاتەکانیش دەڵێن، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە گوتاری ڕق و کینە لەنێو کۆمەڵگادا نەمێنێت.
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ''پەرلەمانی کوردستان خەریکی یاسایەکە بۆ گوتاری ڕق و کینە و توندوتیژی، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ پێکهاتەکان خەریکی دانوستانین و یەکەم جاریشە لەگەڵ پێکهاتەکان کۆ دەبینەوە و یەکەمین قۆناغ لەگەڵ ئێزدییەکان لە بنکەی لالش کۆ بووینەوە بۆ ئەوەی تیبینیی خۆیان بنووسن دەربارەی ئەو پرۆژەیاسایە.
د. مونا یاقۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێزدییەکان زۆر جار ڕووبەڕووی گوتاری ڕق و کینە و توندوتیژی بوونەتەوە و تاوانیش بەرامبەریان کرا هەر بە هۆکاری ئەو گوتارە، دەستەی مافی مرۆڤیش بایەخیکی گەورە بە پێکەوەژیان و جۆراوجۆریی ئایین و بناغەکانی مافی مرۆڤ دەدەین و هەموو ڕاسپاردە و تیبینییەکان نووسراون بۆ ڕەشنووسی یاسایی ڕق و کینە.''
دەربارەی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی ناوچەی پێکهاتەکان گوتی: ''بەپێی ماددە ٢٣ی دەستووری عێراق، ناکرێت گۆڕانکاری بکریت و بەپیی یاسایی ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ لە پەرلەمانی کوردستان نابێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوچەی پێکهاتەکان بکرێت، لە یاسادا زۆر بەجوانی باس کراوە، بەڵام لە واقیعدا هەندیک جار پێشێلکاری کراوە و دەستەی مافی مرۆڤیش لەسەری هاتووەتە وەڵام و بەدواداچوونیش کراوە و خەڵکیش سکاڵای تۆمار کردووە و دادگاش دەبێت ڕۆڵی خۆی ببینێت، چونکە ئەمانە بابەتی جددین لای ئێمە.
سەبارەت بە ئەوەی کە وڵاتان و کونسوڵخانەکان چۆن پشتیوانیی مافی پێکهاتەکان دەکەن، یاقۆ دەڵێت: ''مافی پێکهاتەکان شتێکی زۆر زۆر گرنگە لەگەڵ هەموو دانیشتەکانی لەگەڵ کونسوڵخانەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی مافی پێکهاتەکان بپارێزرێت و ڕێزی لێ بگرێت و مەسیجی ئێمە جددییە بۆ پشتیوانیکردنی پێکهاتەکان و حەقیقەت و ماف لە کوێ بێت، ئێمەش لەوێ دەبین.''
هاوکات نووسەر و لێکۆلەر، سەرۆ قادر، دەربارەی گوتاری کەرب و کینە گوتی: "گوتاری ڕق و کینە بۆ هەموو کۆمەڵگایە، ئەگەر بمانەوێ وڵاتی خۆمان پێش بخەین، دەبێت مافەکانی مرۆڤ بەگشتی تێ بگەین و دواتر پەروەردە بکەین و لەسەری هۆشیار بین و جیبەجێی بکەین و دەبێت لە پەروەردەدا ئاشنا بین و دایکان و باوکانیش لەگەڵیدا بگونجێنین.''
گوتیشی: ''هەر گوتارێکی کینە، بەقسە بێت، یان بە کردەوە، لە هەر شوێنێکدا ناکرێت قبووڵی بکەین و دەبێت هەموومان دژی بوەستینەوە بەپێی یاسا، چونکە ئەو گوتارە بەسەرماندا تێ ناپەڕێت و ڕووبەڕووبوونەوە و دژەوەستانی کەرب و کینە ئەرکێکی جیهانییە و پێناسە و ئامانجەکانی داڕێژراوە و دەبێت جێبەجێی بکەین، چونکە هیچ کۆمەڵگا و گەل و وڵاتێک پێش ناکەوێ ئەگەر لەنێو خۆیدا سازان و هاوکاری و یەکگرتوویی نەبێت و ئەو یەکگرتوویییە کاتێک دەبێت لەنێو خودی کۆمەڵگادا خەڵک یەکتریان خۆش بوێت و ڕق و کینە نەبێت و کێشە نەبێت لەنێو منداڵ و ژن و خەڵکی ناسنامەی جیاواز و ڕێگە نەدەین دروشمی بریقەدار لەژێر هەر ناوێک دابێت ببنە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا، دەبێت ئەو فەرهەنگە لا بدەین، چونکە ئەگەر وامان کرد هەموو جۆرەکان و ڕەنگەکان بە یەکەوە دەژین و دەبینە میللەتێکی بەهێز.''
کــاروان بــاعەدری




