٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەجات شەعبان: ئەوەی لایەنەکان لەسەری ڕێک کەوتوون، پەرلەمان پەسەندی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەو خاڵانەی لایەنە سیاسییەکان لەسەری ڕێک کەوتوون، بە ھەمان ڕێککەوتن لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان لەسەر دەدرێت و دەستکاری ناکرێن و دەشڵێت: لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان ژمارەی کۆرسییەکان بۆ ھەر پارێزگایەک دیاری دەکرێت.

نەجات شەعبان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتوون، لەوانەش دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنە لەسەر بنەمای ڕێژەی دەنگدەران و دانیشتووانی ھەر پارێزگایەک، سیستەمی ھەڵبژاردنیش نیمچەکراوە دەبێت، واتە پەنجا لەسەدی دەنگدەر دەنگ بە لیستەکە دەدەن و ئەوانی دیکەش بە کاندیدەکان.''

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنیش کارا دەکرێتەوە، واتە دەکرێتە یەک پاکێج و لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.''

نەجات شەعبان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەو خاڵانەی لایەنە سیاسییەکان لەسەری ڕێک کەوتوون ھەمان ڕێککەوتن لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت و دەستکاری ناکرێت، چونکە مەرجە لایەنەکان لەسەر ھەمواری یاساکە و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بگەنە ڕێککەوتن و پەرلەمان لاری نییە لەسەر چۆنیەتیی ڕێککەوتنی لایەنەکان.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار