ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت دیداری لاوان دەست پێدەکات

دهۆک-KDP.info- سکرتێری گشتیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین دیداری لاوان لە پارێزگای دهۆک دەست بە کارەکانی دەکات، کە بە بەشداریی 700 گەنج و لاو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، چەندین بابەتی گرنگی تێدا باس دەکرێت.
مەیسەر نەهێلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەرجەم ئامادەکارییەکانی گەورەترین دیداری لاوان لە هەرێمی کوردستان تەواو بوونە و ئەمڕۆش کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی کۆنفڕانسەکان دیدارەکە دەست پێدەکات، کە تێیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت و یەکێکە لە دیدارە هەرە گرنگەکان، کە لاوانی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن.
نەهێلی گوتیشی، دیدارەکە بە شێوەیەکی زۆر رێکوپێک رێکخراوە و بەش بەش کراوە، کە پێشانگا و سپیکەر دانراون و گەنج تێیدا قسە دەکەن و پەنەڵێکیش دانراوە و جووتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەی دەبەن، بۆیە دیدارەکە زۆر گرنگە و چەندین بەش لە خۆی دەگرێت، کە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ و تا کاتژمێر چواری ئێوارە بەردەوام دەبێت.
سکرتێری گشتیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "هەر لەو دیدارەدا ئێمە چەندین کێشە باس دەکەین، لەوانە ئالوودەبوون و زانکۆ و بێکاری و سۆشیال میدیا و چەند کێشەیەکی دیکە، بۆ ئەو مەبەستە چارەسەریشیان بۆ دۆزراوەتەوە و پڕۆژە ئامادە کراون و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆیە ئەو دیدارە زۆر گرنگە".
بڵند ئیبراهیم




