٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوکری نێروەیی: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار زۆر خاڵی لە بەرژەوەندیی کورد تێدا بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- نووسەری ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ ئاشکرای کرد، بەر لەوەی سەرکردایەتیی شۆڕش و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بگەنە ڕێککەوتن و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار دەربچێت، زنجیرەیەک کۆبوونەوە بەڕێوە چوون و دەشڵێ، ڕێککەوتننامەکە زۆر خاڵی باشی لە بەرژەوەندیی کورد تێدا بوو، بەڵام حکوومەتی عێراق لێی پاشگەز بووەوە.

شوکری نێروەیی، نووسەری ڕێککەوتنی ١١ی ئادار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و سەرکردایەتیی شۆڕش دەستیان بە دانوستان کرد بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و حکوومەتی عێراقیش زانی ناتوانێت بە شەڕ و ھێز کۆتایی بە دۆزی کورد و شۆڕش بێنێت، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و حکوومەت بەڕێوە چوون، ئەوکات من لە ناوپردان، کە سەرکردایەتیی شۆڕش لەوێ بوو، نووسەر بووم و ئامێرێکی تایبەت ھەبوو کارمان لەسەر دەکرد، ھەموو نووسین و ڕێککەوتننامەکانی شۆڕش من دەمنووسینەوە، ئەوە بوو دانوستانەکان گەیشتنە ئەنجام و سەرکردایەتیی شۆڕش بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ڕێک کەوتن.''

نووسەرەکەی شۆڕش دەشڵێت: "ھەر جارە و ڕێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک دەکرا و من خۆم تۆمارم دەکرد و دەمنووسییەوە تا گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن بەندەوە نووسرا، خۆم لە ڕۆژی کۆتایی ڕێککەوتننامەکەم بردە خزمەت بارزانیی نەمر و شاندی حکوومەتی عێراقیش بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن لە ژووری بارزانیی نەمر بوون و ھەردوولا ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنەکە کرد.''

شوکری نێروەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دواتر لە ڕۆژی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق ڕێککەوتننامەکەی بڵاو کردەوە کە حکوومەت و شۆڕش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.''

نووسەرەکەی شۆڕش ڕوونیشی کردەوە: ''ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار زۆر خاڵی باشی لە بەرژەوەندیی گەلی کورد تێدا بوو، لەوانەش پێدانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان کە یەکەم جار بوو حکوومەتی عێراق دان بە مافەکانی کورددا بنێت، بەڵام بەداخەوە دواتر حکوومەتی ئەوکاتی عێراق لە ڕێککەوتنەکە پەشیمان بووەوە و وەک ھەموو جارێک کە حکوومەت لاواز دەبوو پەنای بۆ دانوستان دەھێنا، بەپێچەوانەوە کاتێک بەھێز دەبوو شەڕی لەدژی کورد ڕادەگەیاند.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار