٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەکی ئابووری: حکوومەتی هەرێم سەرەڕای قەیرانەکان بەهۆی چاکسازییەکانەوە هەنگاوی گەورەی ناوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی دوو ساڵ لە قەیرانێکی قوڵدا بوو، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی ئەنجامی دا توانیی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات، مانگانە مووچە لە کاتی خۆی بێ لێبرین بدات و لە ماوەی تەنها ساڵی ڕابردووش زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرز بداتەوە و هەنگاوەکانیش بۆ فرەچەشنکردنی داهاتەکان دەست پێ بکات.

دکتۆر ئەرشەد تەها، شارەزای ئابووری و ماموستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەرنامەی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فرەچەشنکردنی داهات و دەرکردنی یاسای چاکسازی بوو، بە خۆشحاڵییەوە توانیی دەستکەوتێکی گەورە بەدەست بێنێت بە دەرکردنی یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی مووچە و دەرماڵە و سێکتەرەکانی حکوومەت و ڕێکخستنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت، چونکە خەرجی زیادی کرد و داهات کەمی کرد بەهۆی هاتنی پەتای کۆرۆنا کە لە100 ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نەبووە و نرخی نەوتیش بۆ ژێر سفر دابەزی کە نەوت بفرۆشی و پارەش بدەی بۆ ئەوەی بیکڕن و زۆرینەی داهاتی هەرێمیش لەسەر نەوتە، بۆیە داهاتی هەرێم بۆ سفر دابەزی بەهۆی ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە پەتای کۆرۆنا و داهاتی نانەوتییش بە هەمان شێوە، ئەمەش وای کرد حکوومەتی هەرێم بۆ فرەچەشنکردنی داهات نەیتوانی لە کاتی خۆیدا هەنگاو بنێت، بەڵام دوای دوو ساڵ حکوومەت توانیی زاڵ بیت بەسەر قەیرانەکاندا و داهاتیشی ڕێک خستەوە، بۆیە بەو چاکسازییانەی ئەنجامی دا، توانیی وا بکات حکوومەت لە کاتی خۆی بەبێ لێبرین مووچە بدات و تەنها لە ساڵی ڕابردووش زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزی داوەتەوە، کە لە شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت قەرزی کردبوو .

دکتۆر ئەرشەد تەها گوتیشی: جگە لەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ گەنجەکان ڕاگەیاند و هەڵمەتێکی دەست پێ کرد، کاروباری حکوومەت بەدیجیتاڵ بکات تا 2025 حکوومەتی ئەلکترۆنی دروست بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی شەفافیەتی زیاتر و هاووڵاتی بەئاسانی و تێچوویەکی کەم بگاتە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت و گەندەلی کەم دەبێتەوە و داهاتی خێرا کۆ دەبێتەوە و لەمەودواش چیی تر داهات تەنها لەسەر نەوت نابێت، چونکە نرخی نەوت بەردەوام جێگیر نییە، بۆیە حکوومەت لە هەوڵی فرەچەشنکردنی داهاتەکانە و دەیەوێت یاسای وەبەرهێنان هەموار بکاتەوە، بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنەری بیانی بدات بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، ئەمە وامان لێ دەکات کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر هەرێم کەم بکاتەوە، بۆیە ئەم کابینەیە هەنگاوی زۆر باشی ناوە، سەرەڕای ئەوەی نیوەی کابینەکە لە قەیراندا بووە.

ئەو ماموستایەی زانکۆ ڕاشیگەیاند: ساڵانێک بوو گلەی ئەوە دەکرا کە دوومووچە و سێمووچە هەیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیی کەموکورتییەکان دەستنیشان بکەن و ئەوانەی زیاتر لە جارێک بەناحەق سوودمەند بوونە مووچەکانیان ببڕدرێت، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ بوو.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار